کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی ئەنجومەنی سەحوەی عێراق، رێژیمی ئێرانی بە تیرۆری پارلمانتارێکی ئەو وڵاتە تاوانبار کرد

13:36 - 28 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: ئەحمەد ئەبوو ریشە رایگەیاند، سوپای پاسدارنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستی لە تیرۆر کردنی عیفان عیساوی پارلمانتاری لیستی عیراقیەدا هەبووە.
ماڵپەڕی سۆمەرییە نیووز لە زاری ئەحمەد ئەبوو ریشە بەرپرسی ئەنجومەنی سەحوە بڵاوی کردەوە، عیفان عیساوی یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی سوننە و محەممەد تاهیر عەبد رەبە سەرۆک هۆزی جبور لەلایەن سوپای پاسدارنەوە تێرۆر کراون.
ئەبوو ریشە لەو باوەڕە دایە، عیفان عیساوی ماوەیەک لەمەوبەر داوای لە حکوومەتی بەغدا کردبوو کە پێویستە بە دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە عێراق دژکردەوە نیشان بدرێت، هەر بۆیەش لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پیلانی لە ناو بردنی داڕێژرا.
ئەحمەد ئەبوو ریشە جەختی کردەوە سوپای پاسدارانی ئێران تاوانی جۆراوجۆری زۆری لە ژێر پەردە و ناوی رێکخراوی ئەلقاعیدەدا لە عێراق ئەنجام داوە.
ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی سەحوە وتیشی: ئەگەری ئەوە هەیە رێژیمی ئێران لەمەوبەدوا تیرۆری زیاتری کەسایەتییە سوننەکان لە عێراق، ئەنجام بدات.
رۆژی سێ‌ شەممە رێکەوتی ٢٦‌ی بەفرانبار شێخ عیفان شێخ سەعدون (عیساوی) پارلمانتاری لیستی‌ عێراقییە، لە کردەوەیەکی‌ خۆکوژیدا لە فەلووجە لە پارێزگای ئەنبار، تیرۆر کرا.
شێخ عیفان بە مەبەستی‌ بەشداری کردن لە خۆپیشاندانی‌ هاووڵاتییانی‌ قەزای‌ فەلووجە لە پارێزگای‌ ئەنبار بە دژی دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە کاروباری عێراق سەردانی ئەو‌ شارەی‌ کردبوو.
هەر ئەو رۆژەش محەممەد تاهیر عەبد رەبە سەرۆک هۆزی جبوور کە یەکێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای موسل بوو بە دەستڕێژی گوللەی ژمارەیەک چەکداری دەمامکدار کوژرا.