کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکرات لە سمیناری ٢٧مین ساڵڤەگەڕی کیمیایی بارانی شاری سەردەشت

21:32 - 8 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: لەسەر بانگهێشتی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان، شاندێکی حیزبی دێموکرات لە سمیناری ٢٧مین ساڵڕۆژی کیمیایی بارانی شاری سەردەشت لە شاری هەولێر بەشداریی کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری هەولێر بە سەرپەرستیی \'\'محەممەد ساڵح قادری\'\' ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب، رۆژی شەممە رێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەسەر بانگهێشتی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان و بە بەشداریی راگەیەنە گشتییەکان و نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵگای مەدەنی، لە سمینارێکی تایبەت بە ٢٧ەمین ساڵڤەگەڕی کیمیایی بارانی شاری سەردەشت بەشداریی کرد.

بەشدارانی سمینارەکە لە چەند تەوەردا بە لێکدانەوەی لایەنە حقووقی و مێژوویی‌یەکانی بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ لە دژی خەڵکی سڤیل و هەروەها گێڕانەوەی مێژووی مەرگەساتی کیمیابارانی شاری سەردەشت لەلایەن رێژیمی بەعسەوە و بەخشینی خەڵاتی رێزلێنان بە بنەماڵەی یەکێک لە قوربانییەکانی شاری سەردەشت کە ٥ ئەندامی بنەماڵەکەی لەو کیمیایی بارانە لەدەست دابوو، کۆتایی پێهات.

ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی و لە میانەی شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا کە بەهۆی شەڕانگێزیی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە خەڵکی بێ تاوانی کوردستان لە قوربانییە سەرەکییەکانی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە بوون، شاری سەردەشت و دەوروبەری کەوتنە بەر رەهێڵەی بۆمبە شیمیایی‌یەکانی فڕۆکەکانی رێژیمی بەعسی عێراق و نزیکەی ١٣٠ کەس گیانیان لەدەست دا ‌و زیاتر لە ٨ هەزار کەسیش بریندار بوون و هەتا ئێستاش بە ئێش و ئازاری ئەو برینەوە دەناڵێنن.

سەرەڕای ئەوە کە ئەو کردەوە دڕندانەیەی رێژیمی بەعس دەرهەق بە خەڵکی سڤیلی شاری سەردەشت و باقی ناوچەکانی کوردستانی ئێران دەکەونە خانەی جینایەتی شەڕەوە، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستاش نە رێژیمی کۆماری ئیسلامی قەرەبووی ئەو خەڵکە بریندار و بێتاوانەی کردووەتەوە کە بەهۆی شەڕانگێزی ئەو رێژیمەوە تووشی وەها چارەنووسێک هاتوون و نە لە ئاست دادگای نێودەوڵەتی تاوانیشەوە دۆسیەیەک بۆ ئەو جینایەتە کراوەتەوە.