کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە پرسەی فەلەکەدین کاکەیی

17:55 - 12 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پرسە و سەرەخۆشیی \'\'فەلەکەدین کاکەیی\'\' نووسەر و سیاسەتڤانی کوردستانی باشوور لە شاری هەولێر بەشداریی کرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی 10ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی بەڕێز \'\'محەممەد نەزیف قادری\'\' ئەندامی دەفتەری سیاسی، لە پرسە و سەرەخۆشیی \'\'فەلەکەدین کاکەیی\'\' سیاسەتڤان و کەسایەتیی رۆشنبیری هەرێمی کوردستانی باشوور بەشداریی کرد.

\'\'محەممەد نەزیف قادری\'\' بە نوێنەرایەتیی بەڕێز \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، سەرەخۆشیی لە بەڕێز \'\'نێچیرڤان بارزانی\'\' سەرۆک وەزیر و جێگری سکرتێری گشتیی پارتی دێموکراتی کوردستان و بنەماڵەی خوالیخۆشبوو کرد و ئاواتی خواست جێگای بەهەشتی بەرین بێت.
خوالێخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی ساڵی ١٣٢٢ی هەتاوی لە شاری کەرکووک لە کوردستانی باشوور لە دایک بووە و کەسایەتیی ناسراوی کاکەیی‌یەکان و ئەندامی پێشووتری مەکتەبی سیاسیی پارتی دێموکراتی کوردستان و وەزیری پێشووتری وەزارەتی رۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە.

فەلەکەدین کاکەیی رێکەوتی ٨ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا لە شارۆچکەی \'\'پیرمام\'\' کوردستانی باشوور کۆچی دوایی کرد.