کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە سلێمانی، لە پرسەی هونەرمەند عەباس کەمەندی

15:50 - 5 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سلێمانی لە رێوڕەسمی پرسەی ماتەمینی هونەرمەند عەباس کەمەندی لەو شارەدا بەشداریی کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سلێمانی بە سەرپەرستیی \'\'محەممەد ساحیبی\'\' ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٤ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە رێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی هونەرمەند عەباس کەمەندی کە لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان ــ لقی سڵیمانی رێکخرابوو، بەشداریی کرد.

لەو رێوڕەسمەدا شاندی پێوەندییەکان لە سلێمانی سەرەخۆشیی حیزبیان بە کەس و کاری ئەو هونەرمەندە و سەرجەم هونەرمەندانی کوردستان راگەیاند.

جیا لە شاندی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان، ئەدیبان و کەسایەتییە سیاسییەکان بەشدار بوون.

عەباس کەمەندی مامۆستای حەوت هونەری کوردستان و هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نیگارکێش، نووسەر و دەرهێنەری کورد سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە نەخۆشخانەی \'\'تەوحید\'\'ی شاری سنه لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.