کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی ئەندامانی حیزبی دێمۆکرات لە ئاڵمان لەدژی بەڕێوەچوونی سزای سێدارە لە ئێران

19:02 - 27 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەلایەن کوردان و ئێرانییان دانیشتووی ئاڵمان لە دو شاری شتووتگارد و هامبوورگ لەدژی رێژیمی ئێران، بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند رۆژ لەمەوبەر کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بە بەشداریی کوردان و ئێرانییەکانی دانیشتووی شتووتگارد و دەوروبەری، لەدژی داسەپاندنی سزای سێدارە بەسەر زیندانیانی سیاسیی کورد و بەتایبەت لوقمان و زانیار مورادی لەبەر دەم پارلمانی ئەو شارە بەڕێوەچوو.

لەم ناڕەزایەتییانە ئەندامانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران چالاکانە بەشدارییان کرد و پەیام ئەم لایەنانە بەم شیوەیە خوێندرایەوە:
ــ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران

ــ یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران

ــ بیرکار کونفیداسیۆنی کرێکارانی جیهان

ــ رێکخراوی ژنانی ئاڵمان

ــ ئەنجومەنی پاڵپشتی لە خەباتکارانی ئازادیخوازی ئێران


هەر لەو پەیوەندیەشدا لە سەر بانگھێشتی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە حوکمی ئێعدامی زانیار و لوقمان مورادی و زیندانیانی سیاسی دیکەی مەحکووم بە ئێعدامی ناو زیندانەکانی رێژیمی ئیسلامی ئێران لە شاری ھامبورگ گردبوونەوەیەک لەبەردەم کونسولگەری ئەو رێژیمە سازدرا.

ئەندامانی حیزبی دێمۆکرات، نوێنەرانی ھەریەک لە ناوەندەکانی چاک ، دایکانی پارکی لالە، رێکخراوی پشتیوانی لە شۆرشگێرانی ئیرانی ، رێکخراوی ناوەندی داکۆکی لە مافی مرۆڤ لە ئێران بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بوون.
ئارێز داراپوور پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی بە زمانی ئاڵمانی خوێندەوە.


نێوەرۆکی پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێرای مەحکووم کردنی رێژیمی ئیسلامی ئێران لە سەر سەپاندنی حوکمی نامرۆڤانەی ئێعدام بۆ سەر جیابیرانی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، داواکاریی لە ناوەندەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ وکۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکانیشی لە خۆ گرتبوو.

لە بڕگەیەکی دیکەدا ، نامەی زانیار مورادی لە لایەن نوێنەری دایکانی پارکی لالە خوێندرایەوە و دواتر شەھریار نەقشبەندی وتەیەکی بە زمانی کوردی و فارسی پێشکەش کرد.

کۆتایی گردبوونەوەکە بە دروشمی تایبەت بە ھەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی زیندانیانی سیاسی کۆتایی پێھات.