کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی رەشید فەیزنژاد بۆ کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات

15:29 - 5 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: لەسەر داوای کومیسیۆنی پەروەردی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، رەشید فەیزنژاد هونەرمەندی ناسراوی کورد کۆنسێرتێکی لە ساڵۆنی رێوڕەسمەکانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە برد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەشی هونەریی کومسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵۆنی بۆنە و رێوڕەسمەکانی حیزب، شەوئاهەنگێکی مووزیک و گۆرانیی کوردی بۆ هونەرمەندی ناسراو رەشید فەیزنژاد بە هاوکاری کۆڕی مووزیک پێکهێنا.

سەرەتا بەڕێوەبەری بەرنامە چەنگیز سیگارچی پاش بەخێرهاتنی ئامادەبوان، بیۆگرافییەکی کورتی لەسەر ژیانی هونەرمەند رەشید فەیزنژاد بۆ بەشدارانی شەوئاهەنگەکە خوێندەوە و دواتر هونەرمەند رەشید فەیزنژاد بەبۆنەی کۆچی دوای هونەمەندی گەورەی گەلەکەمان عەباس کەمەندی\'\' سەرەخۆشی وهاودەردیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مامۆستا کەمەندی دەربڕی.

شەو ئاهەنگەکە بە وتنی ١٠ بەرهەمی گۆرانیی فۆلکلۆر و سروودی شۆڕشگێڕیی هونەرمەند فەیزنژاد بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر، بوو بە مایەی شادی و خۆشیی کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزب.

لە کۆتاییدا کومیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ رێزگرتن لە هونەر و خزمەتەکانی مامۆستا فەیزنژاد بە گۆرانی و مووزیکی کوردی، لەوحی رێزلێنان و دەستەگولێکی پێشکەش بەم هونەرمەندە کرد کە لەلایەن رووناک فەتحی بەرپرسی بەشی هونەری کومیسیۆنی پەروەردە پێشکەشی ناوبراو کرا.