کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خولی نوێی دانووسانە ناوکییەکانی ئاژانس و رێژیمی ئیران

16:21 - 25 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: خولی نوێ دانووستانەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی و رێژیمی ئێران سەبارەت بە بەرنامە گوماناوییەکی رێژیم دەست پێ دەکاتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی هەواڵدەریی بی‌بی‌سی، دانووستانە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی، ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٥ی بانەمەڕ لە ڤییەن، پێتەختی وڵاتی ئوتریش بەڕێوە دەچێت.
خولی نوێی دانووستانەکانی ئاژانس و رێژیمی ئێران لە حاڵێکدا بەڕێوە دەچێت کە داخوازیی کارناسانی ئاژانس لەمەڕ پشکنینی بنکەی ناوکیی پارچین، لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بێ‌وڵام ماوەتەوە.
کارناسانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی ساڵی رابردوو لە دوو سەفەری جیاوازدا بۆ تاران، سەبارەت بە چالاکییە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو رێژیمی وتووێژیان کرد و خوازیاری پشکنینی بنکەی نیزامیی پارچین بوون.
وڵاتانی رۆژئاوا، بەردەوام رێژیمی ئێرانیان بە چالاکیی ناوکی بە مەبەستی نیزامی، تاوانبار کردووە.
لەم دواییانەشدا دامەزراوەیەکی ئەمریکایی لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە کە هەندێ وێنەی نوێی لە دامەزراوەی پارچین گرتووە کە گومانی هەبوونی چالاکی ناوکیی تێدا دەکرێ.
راگەیەنەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران