کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووهەمین فێستیڤاڵی \"لاوی زێڕین\" لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد

12:53 - 27 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: بە ئامادە بوونی بەهمەن قوبادی سینەماکاری کورد، دووهەمین فێستیڤاڵی کورتە فیلمی لاوی زێڕین لە شاری هەولێر دەستی پێ کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەهمەن قوبادی سینەماکاری کورد کە یەکێک لە بەشدارنی ئەو فێستیڤاڵەیە رایگەیاند، ماوەی چوار ساڵە ئێرانم بەجێ‌ هێشتووە و لەحاڵی حازردا لە کورستانم و بڕیار وایە لە دوو، سێ ساڵی داهاتوو لە شاری هەولێر بمێنمەوە و بتوانم هەندێک کاری هونەری بکەم.
قوبادی ئاشکراشی کرد، بە نیازم فیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی لە شاری هەولێر بەڕێوە ببەم هەتا بتوانین کۆمەڵێک سینەماکار و کەسانی پسپۆڕ و شارەزای بواری سینەما بۆ کوردستان بانگهێشت بکەین.
دووهەمین فیستیڤاڵی کورتە فیلم سینەمایی لاوی زێڕین بە نمایشی ٢٢ کورتە فیلمی چیرۆکی و دیکۆمێنتاری، لەوانە، ٢٠ کورتە فیلم لە بەشی پێشبڕکێی و هەروەها دوو کورتە فیلمیش لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لە هۆڵی پێشەوای شاری هەولێر لەحاڵی بەڕێوە چوون دایە.

3077.jpg


لەو فێستیڤاڵەدا باشترین دەرهێنەر، باشترین سیناریۆ، باشترین فیلم، باشترین وێنەگر، باشترین ئەکتەری کچ، باشترین ئەکتەری کوڕ و باشترین ئەکتەری منداڵ هەڵدەبژێردرێن.
دووهەمین فێستیڤاڵی کورتە فیلمی سینەمایی لاوی زێڕین رێکەوتی ٢٥‌ی سەرماوەز دەستی پێ کردووە و رێکەوتی ٢٧‌ی سەماوەز کۆتایی بەکارەکانی دێنێت.