کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەقی وتەكانی بەڕێز مستەفای هیجری، سكرتێری گشتیی PDKI، لە رێوڕەسمی كۆتاییهاتنی كۆنگرەی 15هەمی حیزبی دێموكراتدا

14:00 - 23 رەزبەر 2712

هاوڕێی بەڕێز و تێكۆشەر!

بەڕێز كاك مەسعود تەك، سكرتێری گشتیی حیزبی سوسیالیستی كوردستانی توركیە، دۆست و هاوپەیمانی بەڕێزمان، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، هەیئەتی بەڕێزی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، هاوڕێیانی هەیئەتی سازمانی خەباتی كوردستان، مامۆستایانی بەڕێزی زانكۆ، دۆستانی بەڕێز، كادر و پێشمەرگەكان، خوشك و برایانی بەڕێز، سڵاوێكی گەرمتان لێ بێ و بەخێرهاتنتان دەكەم
هەر وەك دەزانن كۆنگرەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە حاڵەتی ئاساییدا هەر 4 ساڵ جارێك پێك دێت. ئەو كۆنگرەیە یەكێك لە كۆنگرە ئاساییەكان بوو و بەخۆشییەوە بە سەركەوتنەوە كۆتایی هات. كە دەڵێم بە سەركەوتنەوە كۆتایی هات، لەبەر ئەوەیە كە ئەو كۆنگرەیە وەڵامێكی سەردەمیانە بوو بۆ ویست و داخوازیی ئەوڕۆی تێكۆشانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و سەرجەم كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. ئەو كۆنگرەیە هەڵگری چەند پەیامی زۆر روون و گرینگ و سەردەمیانە بوو، لە پێش هەموو شتێكدا كۆنگرە لە ژێر درووشمی هەوڵدان بۆ یەكڕیزی لە پێناو سەركەوتندا بەڕێوە چوو. ناوەرۆكی ئەو پەیامە بریتییە لەوە كە ئێمە وەك حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سەركەوتنی خۆمان وەك حیزبی دێموكرات و سەركەوتنی نەتەوەكەمان لە یەكڕیزیدا دەبینین. ئەو پەیامە ئاشكرای دەكا كە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران خەریكی ئامادەكردنی فەزایەكە لە كوردستانی ئێران كە نە حیزبی دێموكراتی كوردستان، نە هیچ حیزبێك و تاكێك قەبزەی قودرەت و دەسەڵات بكا، بەڵكوو داهاتووی كوردستان، دەسەڵاتی كوردستان و حكوومەتی كوردستان هی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە هەموو چین و توێژەكانیەتی. بۆیە پەیامەكەمان یەكڕیزییە و یەكدەنگییە بۆ ئەوەی كە هەموومان تێیدا بەشدار بین. ئەگەر دەمانهەوێ هەموومان لە دەسەڵاتی داهاتووی كوردستاندا بەپێی دەنگی خەڵكەكەمان بەشدار بین، ماناكەی ئەوەیە كە بۆ ئامادەكردنی ئەو فەزایە دەبێ هەموومان پێكەوە كاری لەسەر بكەین و هەوڵی بۆ بدەین، هیچ حیزبێك هیچ دەسەڵاتێك و هیچ تاكێك ناتوانێ و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئیجازە نادەن بە تەنێ ویست و داخوازەكانی خۆی بەسەر خەڵكدا تەحمیل بكا. ئێمە بە بیروباوەڕ و لێكدانەوەی سەردەمیانە ئەو درووشمەمان هەڵبژاردووە بۆ كۆنگرەكەمان. ئەو پەیامە تەنها شوعارێكی بەتاڵ نیە، بەڵكوو لە چەند مانگ پێش دەستپێكردنی كۆنگرەوە ئێمە هەوڵمان داوە ئەو فەزایە بخولقێنین، ئیمزاكردنی پەیمانێكی هاوكاری لەگەڵ هاوڕێیانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان كە بۆ یەكەم جار لە نێو رێكخراوەكانی كوردستانی ئێراندا هاوپەیمانییەكی لەو چەشنە جێبەجێ دەكرێ و هەروەها پەیامی دۆستانە و داخوازیی دێموكراتیكمان لەو هاوڕێیانەی كە چەند ساڵ لەوەپێش لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران جودا بوونەوە و ئامادگی حیزبی دێموكرات بۆ دیالۆگ ـ رێگای چارەسەری موشكلاتی ئەوڕۆ بە شێوەیەكی سەردەمیانە ـ نیشانەی ئەو بیروباوەڕەن و ئێمە بە ئەركی خۆمان دەزانین كە لە پێناو ئەو سیاسەتەدا هەنگاوی دیكەش هەڵگرین و هەر بەو شێوەیە چاوەڕوانیشمان هەیە كە رێكخراوە سیاسییەكانی دیكە، كەسایەتییە شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازەكان بە پیر ئەو بانگەوازەوە بێن بۆ ئەوەی كە هەموومان پێكەوە بتوانین كۆمەڵێكی دێموكراتیك و دەسەڵاتێكی سەردەمیانە لە داهاتووی كوردستاندا فەراهەم بكەین، بە تەجروبەوەرگرتن لە هەموو ئەو هەڵە و كەموكوڕییانەی كە ئێمەی كورد لە مێژووی جووڵانەوەكەماندا بوومانە.

پەیامێكی دیكەی كۆنگرەكەمان ئەوە بوو كە بە خەڵكەكەمان رابگەیەنین، بە دۆستانمان، بە هاوپەیمانانمان رابگەیەنین كە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سەرەڕای ئەوەی كە لە سایەی تێكۆشانی كادر و پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانیدا لە ماوەی 4 ساڵی رابردوودا هەنگاوی باشی بەرەوپێش ناوە، بەڵام ئەوە قەت ئێمە رازی ناكا، بۆیە ئێمە لەو بەشە لە راپۆرتدا كە لەسەر حیزبی دێموكرات باس دەكا زۆر راشكاوانە تێكۆشانە جۆراوجۆرەكانی حیزبی دێموكراتمان خستۆتە بەر رەخنە، رەخنەیەكی بێ رەحمانە، چونكە پێمان وایە كە دەبێ ئێمە زۆرتر كار بكەین، دەبێ سەردەمیانەتر بێ، دەبێ پڕۆژە و بەرنامەی پێشكەوتنخوازانەی زیاترمان هەبێ بۆ گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەكەمان كە چاوەڕوانییان لە ئێمە هەیە. جالبتر لە هەمووی ئەوە بوو كە ئەو پەیامە كە لە لایەن كومیتەی ناوەندییەوە پەسەند كرا و پێشكەش بە كۆنگرە كرا لە لایەن كومیتەی ناوەندییەوە كە بەرپرسانی بەشە جۆراوجۆرەكانی حیزبی تێدا بوون تەئید كرا. بەپێی سابقەیەكی كە من لە خزمەتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا بووم، دەتوانم عەرزتان بكەم كە ئەو بەرخوردەی حیزبی دێموكرات بەنیسبەتی كار و بەرنامەكانی خۆی نەك هەر لە مێژووی جووڵانەوەی حیزبی دێموكراتدا بەڵكوو لە نێو رێكخراوە سیاسییەكانی كوردی ئێران و تەنانەت دەتوانم بڵێم كە لە خاوەرمیانەشدا بێ وێنەیە. ئێمە لەو راپۆرتەدا بە خۆمان هەڵنەگوتووە، سەركەوتنەكانمان نەكێشاوەبە رووی خەڵك، بەڵكوو موتەوازیعانە باسمان لە كەموكوڕییەكانمان كردووە و من پێموابێ بەو بەرخوردە بە خۆمان و رەخنەگرتن لە خۆمان دەروازەیەكی نوێ بە رووی كۆمەڵگای ئەوڕۆی كوردستاندا دەكرێتەوە.

خۆشەویستان!

ئێمە هەموو رێكخراوە سیاسییەكان، حیزبی دێموكرات بەتایبەتی، بۆیە دەڵێم بەتایبەتی كە من لە لایەن حیزبی دێموكراتەوە قسە دەكەم، وەك كۆمەڵگای ئێمە، وەختی هاتووە كە لە جیاتی بەخۆهەڵگوتن، خۆبەزلزانین و نەخوێندنەوەی بیروبۆچوونی جیاواز لە كۆمەڵگای ئێمەدا كە یەكجار زۆرە، لە باتی هەمووی ئەوانە رەخنە لە خۆی بگرێ كە رەخنە لە خۆی دەگرێ بە مانای سیاسییەكەی ئەوەیە كە هەموو حەقانییەتەكان هەموو راستییەكان لە لای حیزبی دێموكرات نین، لە لای خەڵكی دیكەشن، بە مانای ئەوەیە كە ئێمە رێز دەگرین لە بیروبۆچوونە جیاوازەكانمان هەم لە حیزبی دێموكرات هەم لە دەرەوەی حیزبی دێموكرات.

لە ماوەی نیزیك بە حەوتوویەك كاری چڕوپڕی كۆنگرە ئەو ساڵۆنە مەیدانێكی دڵخۆشكەر و ئومێدبەخش بوو بۆ نەهادینەتركردنی دێموكراسی لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا زیاتر لەوەش، بیروبۆچوونە جیاوازەكان، سەلیقە جیاوازەكان لەسەر راپۆرتی كومیتەی ناوەندی، هەروەها لەسەر گەڵاڵەی بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزبی دێموكرات بە شێوەی ئازاد كەوتنە بەر لێكدانەوە و جەڕاحیكردن. بیرم لەوە دەكردەوە كە رەنگە هێندێك لەو خەڵكانەی كە چاوەڕوانی نەتیجەی كۆنگرەن بڕێك درێژبوونەوەی ئەو كۆنگرەیە بە نیگەرانییەوە سەیر بكەن، بەڵام لێرە باسی دەكەم كە هۆی درێژبوونەوەی رۆژانی كۆنگرە بەحسێكی دێموكراتیك بوو كە ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە ئەندامانی بەشداری كۆنگرە تێیدا بەشدار بوون، بۆیە راپۆرتێك كە بە ناوی كۆنگرە و بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بڵاو دەبێتەوە و دەگا بە دەستی خەڵك و هاوڕێیانمان، ئاكامی لێكدانەوەی ئازادانەی بیروبۆچوونی سەردەمیانەی سەرجەم یا زۆربەی زۆری ئەندامانی بەشدار لەو كۆنگرەیەدا و ئەو كەشوهەوا ئازادەیە كە لە كۆنگرەدا پێكهات. ئەو بیروباوەڕ و بۆچوونەی كە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بۆتە ئاڵاهەڵگری بەرهەمێكی زۆر دڵخۆشكەری دیكەی بۆ من پێك هێنا، ئەویش ئەوە بوو كە دوای باسەكان لە هەڵبژاردنێكی ئازاد و دێموكراتیكدا حیزبی دێموكرات لە كۆنگرەكەیدا رێبەرایەتییەكی هەڵبژارد كە یەكەم رواڵەتی نوێ و گەنجی هاتە نێوەوە كە ئەوە یەكێك لە بەرنامەكانی ئێمەیە كە كۆنگرە بە كۆنگرە فەزایەك ساز بكەین لە بەینی لاوەكانماندا، لە ناو گەنجەكانماندا، مەیدانیان بدەینێ تا تاقیكاری بكەن و خۆیان تەجرووبە وەربگرن و بكەونە بەر نەزەری خەڵكێك كە كاریان لەگەڵ دەكەن، بۆ ئەوەی كە بێنە ریزی رێبەرایەتی، ببنە گەنجێكی ئازموون دیدە و تەجرووبەكردوو. ئەوە یەكێك لە بەرهەمەكانی هەڵبژاردنەكە بوو، بەڵام لەوەش دڵخۆشكەرتر ئەوە بوو كە حیزبی دێموكرات نیشانی دا كە حیزبێكە لە شوماڵ ڕا تا جنووبی كوردستان، چوونكە پێكهاتەی ئەو رێبەرایەتیە كە هەڵبژێردرا لە سەڵماس ڕا تێدایەتی تاكوو دەگاتە كرماشان.

هاوڕێیانی بەڕێز!

هاونیشتمانانی بەڕێز!


ئێمە لە كۆنگرەی پازدەهەم لە كۆنگرەی سادق شەرەفكەندی، تەنها هەنگاوێكمان هەڵێناوتەوە و هێشتا ماومانە. بەڵام ئەو رێگایە بە حیزبی دێموكرات بە تەنێ بە كۆتایی ناگات، بەڵكوو رزگاری كوردستان، ئازادی كوردستان و پێكهێنانی فەزایەكی سیاسیی دڵخواز كە هەموومان چاوەڕوانی دەكەین و كاری بۆ دەكەین و لەو رێگایەدا دەیان هەزار قوربانی دراوە، پێویستی بە هاوكاری و موشاركەتی تاك تاكی كۆمەڵگای كوردستان هەیە. بێ‏گومان لەو رێگایەدا ئەركی ئێمە حیزبە سیاسییەكانی تێكۆشەر لە مەیدانی سیاسیی كوردستاندا گرینگترە. ئێمە وەك حیزبی دێموكرات، ئەو گرینگییە هەست پێ دەكەین و كۆنگرەی دوكتور سادق شەرەفكەندی، داهاتوویەكی لە پێش چاوی ئێمە كردۆتەوە و رێگایەكی بە ئێمە نیشان دا كە بەو رێگایەدا بڕۆین بەپێی توانا و بەپێی ئیمكانات و وەزعییەتی سیاسیی مەنتەقە و ناوچە. بەڵام لەو رێگایەدا پێویستیمان بە موشاركەت و بەشداریی هەموو رێكخراوە سیاسییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی ئازادیخوازی كوردی ئێران و هەموو كۆمەڵانی خەڵكی ئێران هەیە و بە هەموو چین و توێژەكانی ئێران هەیە. چوونكە ئێمە لەو باوەڕەداین كە ناتوانین ئازاد بین و ناتوانین لە چنگ ستەم رزگاریمان بێ، مادام كە هەموومان پێكەوە كار نەكەین. هەڵگرانی بیروباوەڕی ئایینی، دێموكرات، سوسیالیست و هەر بیروبۆچونێكی دیكە كە لە كوردستاندا هەیە، زەمانێك دەتوانن پەرە بە بیروبۆچوونی خۆیان بدەن كە فەزایەكی دێموكراتیك پێك بێت، كە ئێمەی كورد خاوەنی ئیدارە و دەسەڵاتی ناوچەیی خۆمان بین و لە ئێراندا بتوانین لە چوارچێوەی یاسایەكی دێموكراتیكدا وەكوو هاووڵاتیانی دیكە كاریگەریمان هەبێ لە چارەنووسی نەتەوە و وڵاتەكەماندا. بۆیە ئەو پێویستیی و زەروورەتە بۆ هاوكاری كردن، بە سینگ فراوانی و تەحەموولی نەزەری جیاواز لەو رۆژەدا لە هەموو كاتێك زیاتر خۆی دەردەخا. زەمانیش زۆر وەبەریەوە نەماوە. ئەو رێپێوانانەی كە لە چەند رۆژی رابردوودا لە چەند شارێكی ئێراندا و زۆرتر بازاڕییەكان بە ئێعتراز بە وەزعی خراپی ئابووری ئێران بەڕێوەیان برد، پەیامێك دەدات بە ئێمە و ئەو پەیامەش پەیامی وشیاركردنەوەیە و پێمان دەڵێت كە زەمانی یەكگرتن و یەكڕیزی و تەبایی گەیشتووە و رووداوەكان زۆر لەوە خێراتر تێدەپەڕن كە لەسەر ئێمە راوەستن كە بزانن ئێمە كەنگێ ئامادە دەبین. كەوابوو دەبێ بە جیددی خەریكی خۆسازدانەوە بین و ئەو خۆسازدانەوەش پێویستی بە فەرهەنگ و بیروبۆچوونێكی نوێ هەیە، ئەگەر ئێمە چ وەكوو تاك و چ وەكوو حیزبە سیاسییەكان لە فیكری تۆڵەكردنەوەدا بین، خاڵە جیاوازەكان لە بەرچاومان بێ، یان خودای نەخواستە لە فیكری ئەوەدا بین كە بە تەنێ ببینە هەموو شتێك لە كوردستاندا، هەر ئەو چارەنووسەمان دەبێ كە لە رابردوودا بوومانە.

ئێمە بۆ ئەوەی كە بتوانین لەو ئاڵوگۆڕانە كە چاوەڕوانیان دەكەین كە زۆریش ناكێشێ، پێویستە بەهێز ببین و هێزیش لە یەكگرتندایە. پەیامی كۆنگرە، لایەنی دیكەشی هەبوو و ئەویش ئەوە بوو كە ئێمە لە راپۆرتدا تەنیا باسمان لە كوردستان نەكردووە و بەڵكوو ئێران بەگشتی بۆ ئێمە گرینگە، چوونكە هەر ئاڵوگۆڕێك بێتە پێشێ، لە پێشدا دەبێ لە هەموو ئێراندا بێتە پێش. بۆیە ئێمە بە نیسبەت ئاڵوگۆڕەكانی ئێرانیش خەمسارد نەبووین لەو كۆنگرەیەدا ئەو پەیامەشمان بە هاونیشتمانانی ئازادیخوازی دێموكراتی خۆمان داوە كە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە پێناو یەكڕیزی، تەبایی و ئامادەكردنی پرۆژە و بەرنامە بۆ ئێرانێكی دێموكراتیك كە مافی هەموو تاكەكان، نەتەوەكان و گرووپە ئاینییەكانی بە هەموو جیاوازییەكانەوە تێدا هەبێ، ئامادەیە كاری بۆ بكات وەكوو لە رابردوو كارمان بۆی كردووە و لە ئێستادا ئامادەین كە مایەی زیاتریشی لەو بوارەدا بۆ دابنێن و لەو پێوەندییەدا دەستی هاوكاری بۆ هەموو ئازادیخوازانی ئێران، بەتایبەت رێكخراوە ئازادیخواز و پێشكەوتنخوازەكان درێژ دەكەین. ئێمە ئەگەر باوەڕمان بەوەیە كە لە كوردستانی ئێراندا هیچ حیزبێك بە تەنێ ناتوانێ دەسەڵاتی كوردستان بە چنگەوە بگرێ و قەبزەی بكات، هەر ئاوا باوەڕمان هەیە كە ئەو سەردەمەش تێپەڕیوە كە كەسێك یان گرووپێك بە هەر نێوێك و لە ژێر هەر درووشمێكدا، جارێكی دیكە ببێتە عاملی سەركوت و زەبروزەنگ و پێشێلكردنی مافی نەتەوەكانی ئێران. ئێمە بۆ ئاوەدانكردنی ئێرانێكی ئاوا و بۆ كوردستانێكی ئازاد، بە ئەركی خۆمان دەزانین كاری بۆ بكەین و لەو پێوەندییەدا ماندوونەناسانە تێدەكۆشین. دیارە نامەوێ باسەكەم زۆر درێژ بێتەوە، چوونكە لە راپۆرتی كۆنگرەدا كە بڵاو دەبێتەوە و بە دەستتان دەگات باسمان كردووە، ئێمە بۆ ئەو داهاتوویە چ لە كوردستاندا چ لە ئێراندا، رێگا و شوێنمان دیاری كردووە و پێشنیار و بەرنامەمان داوە و لە پێشدا بۆ حیزبەكەمان. هیوادارین بە موشاركەتی هەموولایەنە بتوانین ئەو رێگایە بپێوین و بتوانین بەو ئامانجەی كە بنەماڵەی شەهیدەكانمان چاوەڕوانی دەكەن و رۆحی شەهیدەكانمان لێمان داوا دەكەن بگەین و هەموومان سەربەرزانە و بە سەربڵندییەوە شاهیدی بەختەوەری و رفاە و ئاسایش و ئازادی لە نێو نەتەوەكەی خۆماندا بین. جارێكی دیكە سوپاس بۆ بەشداریتان و بۆ تێكۆشانتان و هیوادارم هاوڕێیانی خۆشەویستم لە ریزەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا، دۆستان و هاوپەيمانانمان و رێكخراوە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران و هەروەها ئازادیخوازانی ئێران بەگشتی، لاپەڕێكی نوێ لە بەرنامە و بیركردنەوە و تەعامولی دێموكراتیك لەگەڵ یەكتری هەڵدەنەوە و تەنها ئەوە رێگای سەركەوتنە. هەروەها جارێكی دیكە سپاسى بەشداریی هەموو رێكخراوە سیاسییەكان، میوانە بەڕێزەكان دەكەم. بەشداریی ئێوە نیشانەی دۆستایەتیی زیاتر، قورساییی زیاتر و هاوپەیمانی زیاتر و ئۆمێدی زیاتر بۆ لە یەك نێزیكبوونەوە بە مەبەستی ئەو ئامانجانەن كە لێرەدا باسم كرد. هەمووتان بە خودای گەورە دەسپێرم و سپاستان دەكەم و لە ژیانی شەخسیتاندا ئارەزووی سڵامەتی و لە رێبازی ئازادیی كوردستان و حیزبیدا داوای سەركەوتنتان بۆ دەكەم.