کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ ٦٨ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران + وتووێژ

19:23 - 29 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: ٣٠ی رێبه‌ندانی ساڵی ١٣٩٢ی هه‌تاوی، ٦٨ ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکەم رێکخراوی تایبەت بە توێژی لاو لە کوردستاندا تێپه‌ڕ ده‌بێت.

پاش دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە ٢ی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤دا، هەست بەوە کرا کە لەو کۆمارەدا بوونی رێکخراوێکی تایبەت بە توێژی لاو پێویستە.

کەمتر لە یەک مانگ بە سەر دامەزرانی کۆماری کوردستان تێپەڕ ببوو کە بە هەست کردن بەو پێویستییە مێژوویی‌یە، لە ٣٠ی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤دا، رێکخراوی یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە سەر پێشنیاری قازی محەمەد، سکرتێری حیزبی دێموکرات و سەرکۆماری کۆماری کوردستان دامەزرا.

هەلومەرج و قوناغەکانی مێژووی یەکیەتی لاوان بە شێوەیەکی گشتی بە سەر سێ‌ قۆناغدا دابەش دەبێت :

قۆناغی یەکەم :

سەرەتای دامەزرانی ئەو رێکخراوەیە، لە سەردەمی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان لە رێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی، هەتا سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی.

لە رێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی و لە سەر پێشنیاری پێشەوا قازی محەممەد بڕیاری دامەزرانی یەکیەتیی لاوان بۆ راپەڕاندن و بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان، درا.

قۆناغی دووهەم:

لە سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، هەتا مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٧٨.

لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا، بە بەشداریی ٣٢ کەس لە تێکۆشه‌رانی یه‌کیه‌تیی لاوان و ٣ کەس لە نوێنه‌رانی حیزبی دێموکرات، لە مزگەوتی \'\'شادەروێش\'\'ی شاری مەهاباد کۆبوونەوەیەک پێک هات. ئەو کۆبوونەوەیە وەک سه‌رله‌نوێ بووژاندنه‌وه‌ی چالاکییه‌کانی یه‌کیه‌تیی لاوان پاش خەباتی دژوار و نهێنی لە مێژووی ئه‌و رێکخراوه‌یه ‌دێتە ئەژمار و بووە هەوێنی دووبارە رێکخستنەوەی ئەندام و لایەنگرانی و یه‌کیه‌تیی لاوان.

قۆناغی سێهەم :

لە گەلاوێژی ١٣٧٨ی هەتاوی هەتا ئێستا (مانگی رێبه‌ندانی ١٣٩٢ی هەتاوی)

به‌دوای ساڵی ١٣٧١ی هەتاویدا بارودۆخێکی تایبەت و هەلومەرجی سیاسی ناوچە، بووە هۆی گواستنەوەی بارەگاکانی ئەو رێکخراوەیە لە سنوورەکانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ ماوەیەک تێکۆشانی یەکیەتیی لاوان بەرەو لاوازی چوو، بەڵام دوای ٧ ساڵ و لە مانگی گەلاوێژی ١٣٧٨ به ‌دروشمی لە دەوری یەکیەتیی لاوان کۆ ببنەوە، یه‌کیه‌تیی لاوان تێکۆشانی خۆی بووژاندەوە و بۆ جارێکی دیکە بە تاکتیک و ستراتیژیی تایبەتیی سەردەمەوە، سازماندانی ئەندامانی ده‌ست پێکردەوە.
لە وەرزی پاییزی ١٣٧٩دا کۆمیتەکانی یەکیەتیی لاوان کۆنفڕانسەکانی خۆیان گرت و ئەو یەکیەتییە لە رێکەوتی ٤ی بەفرانباری ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی یەکەم کۆنگرەی خۆی گرێ دا.

لەو ساڵە بەدوا هەر دوو ساڵ جارێک کۆنگرەی لاوان بەستراوە و ئەندامانی بەڕێوەبەری لەلایەن کۆنگرەوە هەڵبژێردراون.

7865.jpg
دیمەنیک لە کونگرەی ٧ی یەکیەیی لاوان


یه‌کیه‌تیی لاوان له‌رێکه‌وتی ٤ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، کۆنگرەی حه‌وته‌می خۆی لە ژێر ناوی ده‌رخستنی تواناکان به ‌دروشمی خۆسازدان به‌ره‌و دواڕۆژێکی روون بەست.

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەرزانە گۆڤارێک بڵاو دەکاتەوە و خاوەنی ماڵپەڕی فەرمیشە کە لەلایەن ئەندامانی ئەو یەکیەتییەوە بەڕێوەدەچێت.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بۆ زیاتر تاوتوێ کردنی باسە پێوەندیدارەکان بە یەکیەتیی لاوانەوە، لەگەڵ چەندین کەس لە ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو یەکیەتییە وتووێژی پێکهێناوە، دەقی وتووێژەکان بەم چەشنەی خوارەوەیە:

7860.jpg
جەلال رەوانگەرد، جێگری سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان

کوردستان میدیا: ئێوە وەکوو جێگری سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە ئەرک و ریسالەتەکانی ئەو یەکیەتییە بۆمان بدوێن.

جەلال رەوانگەرد: یەکیەتیی لاوان شانازی بەوەوە دەکات کەلە هەر کام لە قۆناغەکان و بەپێی هەلومەرج له ‌شێوه ‌جۆراوجۆرەکانی خەبات لەوانە خەباتی تەشکیلاتی و دیپلۆماسی و... هتد، کەڵکی وەرگرتوهو‌و تێکۆشانی هەبووه و له ‌قۆناغی ئێستای چالاکییەکانیدا له بوارەکانی تەشکیلاتی و راگەیاندن و پێوەندی و دیپلۆماسی و پەروەردەکردنی لاوان، و... هتد، لە تێکۆشان بەردەوامە.

هەست‌کردن بە پێویستیی یەكریزیی زیاتری لاوانی كورد و بەرپرسیارەتی بەرامبەر ئەو خاڵه گرینگە، وێڕای رێزگرتن لە بیر ‌و ئەندیشە جیاوازەکان، بۆ لە دەوری یەک کۆکردنەوەی رێکخراوەکانی لاوان لە ئاستی هەر چوارپارچەی کوردستان و به ‌تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەردەوام لە پلان دایە و خاڵەهاوبەشەکان دەکاتە بنەمایەک بۆ لێکنزیک بوونەوە و لێک تێ‌گەیشتن و بیر لەکار و تێکۆشانی هاوبەش دەکاتەوە.

كۆماری ئیسلامی ئەمڕِۆ زیاتر لە هەر كاتێكی‌تر لە بیری ئازادیخوازی و چوونەسەری ئاستی وشیاریی نەتەوەیی لاوان دەترسێ‌. لاوی ئەمڕۆ، لاوێكی بە هەست و ئارمانج‌خوازە، هەر بۆیە لەگەڵ گەشەكردنی كۆمەڵگا و پەرەسەندنی تەكنۆلۆژی، چاوەڕوان دەكرێ بیری نوێخوازیی لاوان بەسەر بەستەڵەكی كۆنەپەرەستیدا زاڵ بێت.

هەوڵەکانی یەكیەتیی لاوان لە دەرەوەی وڵات زیاتر بۆ ناساندنی كێشەی كورد و بردنە نێو كۆمەڵگای جیهانییە و لەو راستایەدا خۆی بە دەروەست دەزانێ.

رێکخراوی یەکیەتیی لاوان بە پێداگری لەسەر بنەما فیکرییەکانی توانیویەتی پێگەیەکی بەهێز چ لە ئاستی جیهانی و چ لە ئاستی ناوچە و کوردستاندا بە دەست بێنێت و تەشکیلاتێکی بەرین و چالاک کە سنوورە جوغرافیاییەکانی بەزاندووە و لەنێو كوردەكانی دەرەوەی وڵاتدا، ئەندام و کۆمیتەی هەیە و پێوەندییە نێوخۆیی وجیهانییەکانی فراوان بوونێکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە و یەکیەتیی لاوان لە خزمەت کردن بە توێژی لاوی کورد رۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە. لەم راستایەدا بڵاو کردنەوەی وشیاری و ئاگاهی نەتەوەیی و گەیاندنی زانیاری لە بوارە کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی و رۆشنبیرییەکان و... هتد، بەتایبەتی لە نێو توێژی لاوی کورد و بەگشتی لە کۆمەڵگای کوردستاندا، کردووە بە ئامانجی خۆی و هەوڵ دەدات تاکی وشیار و پێگەیشتوو و مافخواز بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد و دێموکراتیک و دادپەروەر، پەروەردە بکات.

یەکیەتیی لاوان هەوڵ دەدات، لاوانی کورد لە ژێر چەتری رێکخراوەیی لاواندا، کۆیان بکاتەوە و لاوی کورد لە ئاستە سەرتاسەرییەکاندا، چ لە کوردستان و ئێران و ناوچە و جیهان بە یەک دەنگ و گوتارەوە، دەر بکەون و لە ئەزموونی کاری رێکخراوەیی یەکیەتیی لاوان بۆ بە ئۆرگانیزە کردنی خواستەکانی توێژی لاو و گەشەکردنی کاری رێکخراوەیی لە ناو سەرجەم لاوانی کورد هەنگاو هەڵبگرێت و هاندەر و پشتیوانی رێکخراوەکانی دیکەش بێت.

جێی خۆیەتی سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی ئەو تێکۆشەرانەی کەبۆ ساتێکیش بووە لەم رێکخراوەیەدا هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا و‌لە سەخترین هەلومەرجدا پشت و پەنای یەکیەتیی لاوان بوون و تێکۆشانی خۆیان لە یەکیەتیی لاواندا درێژە پێ داوە‌. هەروەها هەموو ئەو دۆست و پشتیوانانەمان ‌لە هەموو قۆناغەکانی تێکۆشان و بەتایبەت لەسەردەمی ئێستاماندا هاندەر و هاوکارمانن و سەرجەم رێکخراوەکانی دۆستمان لەهەر چوارپارچەی کوردستان، بکەین.

7858.jpg
چرۆ سوهرابی، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی و بەرپرسی کومسیۆنی پێوەندیی یەکیەتیی لاوان

کوردستان میدیا: بەشی پێوەندیی هەر رێکخراوەیەکی نیشان لە زیندووبوونی ئەو رێکخراوەیە، ئێوە بە هەست‌کردن بە رۆڵی گرینگیی بەشی پێوەندی، ئاستی پێوەندییەکانتان لەگەڵ حیزب و رێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکان بەتایبەت رێکخراوەکانی تایبەت بە توێژی لاو لە چ ئاستێک دایە؟ پێوەندییەکانی یەکیەتیی لاوان لەگەڵ رێکخراوەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و دەروەی وڵات چۆنە؟ دەتوانن چەن نموونەیەکمان بۆ بهێننەوە؟

چرۆ سوهرابی: بێگومان بەشی پێوندیئ هەر رێکخراوێک واتە ئەکیڤبوونی ئەو رێکخراوەیە و لە هەمان کاتدا بەستنی پێوەندیی دیپلۆماسییە و گفتگۆکردن و راگۆڕینەوەیە.

دەکرێت بلێم کە یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ زۆربەی حیزب و رێکخراوەکانی مەدەنی و سیاسییەکانی چوار پارچەی کوردستان، بە تایبەت رێکخراوەکانی تایبەت بە توێژی لاو، لە هەمان کاتدا یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێوەندی لەگەڵ زۆربەی رێکخراوەکانی هەریمی کوردستان و رۆژهەلات هەیە و لە ئاستی جیهانیدا لە هەر وڵاتێک کە کۆمێتەی هەبێ پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوەکانی ئەو وڵاتەدا هەیە و دەبێ، کە ئەمەش جێگای دڵخۆشی و شانازییە بۆ رێکخراوی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

7861.jpg
فەلاح رەحیمی، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی و بەرپرسی کومسیۆنی راگەیاندنی یەکیەتیی لاوان

کوردستان میدیا: بە هەست کردن بە گرنگیی رۆڵی راگەیاندن لە دنیای ئەمڕۆدا، ئێوە وەکوو کومسیۆنی راگەیاندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چلۆن چالاکییەکتان هەیە؟؟ راگەیاندنی یەکیەتیی لاوان لە چ ئاستێک دایە و دەتوانن سەبارەت بە بەرنامەکانی کومسیۆنەکەتان بۆ داهاتوو بۆمان بدوێن؟؟

فەلاح رەحیمی: راگەیاندن وەک ئامرازی پێوەندیی نێوان مرۆڤەکان و بۆ ئێمەش وەک پردی پێوەندیی نێوان رێکخراو و کۆمەڵگا بە تایبەت توێژی لاو لە دنیای مۆدێڕندا پڕبایەخ و بەکەڵکە. راگەیاندن وەک دەسەڵاتی چوارەم دەوری سەرەکیی لە گواستنەوەی زانیاری، ئاشکراکردنی گەندەڵییەکانی دەوڵەت بۆ کۆمەڵگا و تێگەیاندنی تاکەکان لە رەوتی رووداو و پێشهاتەکانە.

کومیسیۆنی راگەیاندنی ئێمە لە ٤ ئامرازی بڵاوکراوەی سەرەکی وەک: ماڵپەڕی ئێلێکترۆنیکی، گۆڤاری لاوان، رایۆ لاوان و پەیجێکی فەیسبووکی پێکهاتووە.

لە هەریەک لە بەشەکان بە گوێرەی پێویست، بوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی، وەرزشی، ئەدەب و هۆنەر، هزر و رۆشنبیری، زانستی، هەواڵ و وتار، فایلی تایبەت بە کار و چالاکییەکانی رێکخراو و هەتا دوایی تێدا گونجێندراوە.

ئینتێرنێت وەک دەسەڵاتی پێنجەمە و بەشێک لە پێوەندی و لە راگەیاندنی ئێمە لە رێگای ئینتێرنێتەوەوە دەکرێ. کومسیۆنی راگەیاندنی یەکیەتیی لاوان چ وەک ئەرک و چ وەک بەرنامەی کاری بۆ دەرەوەی خۆی، هەوڵ دەدا پێشێلکارییەکانی سیستمی هەنووکەیی ئێران بۆ کۆمەڵگا و بە تایبەت لاوان ئاشکرا بکات. هەوڵ دەدا بیری نەتەوەیی، نوێخوازی، خۆناسین، ویست و داخوازییەکانیان بێنێتە نێو بازنەی دیارەوە. لە نێو رێکخراویشدا کومیسیۆن هەوڵ دەدا تاکەکانی رێکخراوەکەی لە بواری کاری میدیایی و راگەیاندنەوە پەروەردە بکا و دنیای خێرایی، شێوازی بە کارهێنان و پێشکەوتنی هەمە لایەنە بخاتە خزمەتیان.

7859.jpg
لهۆن رەحمانی، بەرپرسی کومسیۆنی پەروەردەی یەکیەتیی لاوان

کوردستان میدیا: بەشی پەروەردە لە هەر سازمانێک و رێکخراوێکی مەدەنی و سیاسیدا یەکێک لە گرینگترین بەشەکانە، ئێوە وەکوو کومسیۆنی پەروەردەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەتا چەندە هەوڵتان داوە ئەندامانی ئەو یەکیەتییە پەروردە بکەن و ئایا هیچ بەرنامەیەکتان بۆ داهاتوو لە زەمینەیەدا هەیە؟

لهۆن رەحمانی: بێ‌گومان پەروەردە لە هەر رێکخراوێک و لایەنێکی سیاسی و سنفیدا بەشێکی هەرە سەرەکییە کە دەبێ بەرێوەبەر و بەرپرسانی ئەو رێکخراوانە گرنگی پێ بدەن، چونکە پەروەردەکردنی ئەندامانی هەموو رێکخراوەکان هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیاتر ناساندنی مێژوو فەرهەنگ و کولتووری هەر نەتەوەیەک و بۆ ئێمەی کوردیش لە زۆر بوارەوە لەژێر دەستەییدا بووینە و هەتا ئێستاش نەمانتوانیوە بەشێوەی دڵخوازی خۆمان پەروەردە و راهێنان بکەین. هەر بۆیە ئەرکی سەرشانی خۆمانە کە لەو راستایەدا زیاتر هەنگاو بنێین کەوابە ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە. ئێمە وەکوو پەروەردەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەپێی ئەو هەلومەرجەی کە تێدا بەسەر دەبەین کارمان کردووە کە ئەندامانی خۆمان لە زۆر بوارەوە پەروەردە بکەین بەتایبەتی ناساندنی کێشەکانی گەلی کورد و توێژی لاو و هەروەها ناساندنی مێژووی گەلی کورد و مێژووی لاوان، بارهێنانی لاوان لە دەورەکانی کۆمپیوتەر و گرتنی سمیناری جۆراوجۆر لە بواری سیاسی و راگەیاندن و رۆشنبیری و هونەری و وەرزشی و... هتد لەبەر ئەوەی کە داهاتووی نەتەوەکەمان و لاوانمان زیاتر لە جاران روونترە و گەلی کورد زیاتر لە مافەکانی نزیک بووەتەوە ئێمەش وەکوو لاوان کە بەشێکی هەرە گرنگی کۆمەڵگای کوردین دەبێ زیاتر لە جاران خۆمان پەروەردە بکەین و بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوودا وڵاتی خۆمان بەڕێوە بەرین.

ئێمە لە داهاتووی کاریماندا بەردەوام لە بیری پرۆژەگەلی کورتخایەن و درێژخایەن بە مەبەستی هەرچی زیاتر پەروەردەکردنی ئەندامانی رێکخراوەکامانین و هەوڵەکانمان لەو راستایەدا دەبێت.

راپۆرت و وتووێژ: هەیبەت کامرانی‌پوور