کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی حیزبی دێمۆكرات لەسەر بە فەرمی ناسینی قەڵاچۆی زندانیانی سیاسیی دەیەی ٦٠ وەك \"تاوانی دژی مرۆڤایەتی\" لەلایەن پارلمانی كاناداوە

21:57 - 18 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بەبۆنەی بەفەرمیی ناسینی كوشتاری زیندانیانی سیاسیی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لەئێران، وەك تاوان لە دژی مرۆڤایەتی لەلایەن پارلمانی كاناداوەو راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.
دەقی راگەیەندراوەكە:
بڕیاری رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ١٥ی جۆزەردانی پارلمانی كانادا سەبارەت بە دیاریكردنی یەكی سێپتامبر وەكوو رۆژی هاوپێوەندی لەگەڵ گیراوە سیاسییەكانی ئێران‌و ناساندنی قڵاچۆی هەزاران كەس لەبەندكراوەكانی سیاسی ئێران كە لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی (١٩٨٨ی زایینی) لەلایەن كاربەدەستانی ئێرانەوە خوڵقا، وەكوو تاوانی دژی مرۆڤایەتی ...، هەنگاوێكی شیاو ‌و جێگای رێز ‌و سپاسی بێ پایانی ئازادیخوازانی ئێران بە گشتی ‌و نەتەوەی كورد بە تایبەتییە.
بۆ گەڵی كورد‌و حیزبی دێموكراتی كوردستان كە پتر لە هەموو لایەنێك لەئێراندا تامی تاڵی كوشتار‌و تیرۆری ئەم رێژیمەی چێشتوە، ئەو هەنگاوەی پارلمانی كانادا بە داكۆكیی لەدادپەروەری ‌و هەوڵدان بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ ‌و هاوكات هاوپێوەندی لەگەڵ خەباتی ئازادیخوازانی نەتەوەكانی ئێران دەزانین كە شێلگیرانە تێدەكۆشن لەو وڵاتەدا دەسەڵاتێكی دێموكراتیك ‌و ئاشتیخواز بۆنیاد بنێن.
بێ گۆمان ئەم هەنگاوەی پارلمانی كانادا‌و هەروەها بڕیاری پێشووتری وەزارەتی دەرەوە لەمانگی سێپتامبری ساڵی٢٠١٢دا بۆ داخستنی باڵوێزخانەی ئێران ‌و دەركردنی دیپلۆماتەكانی رێژیمی كۆماری ئێسلامی لەو وڵاتە، هاوپێوەندی كانادا لەگەڵ بەرەی دێموكراسیخوازی ئێران بە گشتی ‌وكوردی ئێران بە تایبەتی نیشان دەدات ‌و دەرخەری ئەو راستیەیە كە رێژیمی كۆماری ئێسلامی نەك تەنیا هەر مەترسییە بۆ ئازادی ‌و ژیانی خەڵكی و وڵات، بەڵكوو مەترسییەكی جیدیە بۆ وڵاتانی ناوچە لەخوڵقاندنی شەڕ‌و كوشتار، وەك ئەوەی لە ئیستادا لە یارمەتییە بێ سنوورەكانی بە رێژیمی بەشار ئەسەد بە مەبەستی درێژەی كوشتار‌و وێرانی هەرچێ زیاتر لەو وڵاتە ‌و تەشەنەكردنی بۆ وڵاتی لوبنان بە ئاشكرا دەبینڕێ.
بێ گومان بۆ رزگاری یەكجاری لە چنگ ئەو رێژیمە ‌و بنیاتنانی حكوومەتێكی دێموكرات ‌و سكولار. هەموو گەلانی ئازادیخوازی ئێران پێویستیان بە پشتیوانی ‌و یارمەتی كۆمەڵگای نێونەتەوەیی هەیە ‌و ئەو هەنگاوانەی پارلمانی كاناداش لەو چوراچێوەیەدا جێ دەگرن، لەوڵاتێكی دێمۆاكرتی وەكوو كاناداش هەر ئەو چاوەڕوانییە دەكرێ.
حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران وێڕای پێشوازی لەو هەنگاوە شیاوانە سپاس ‌و پێزانینی خۆی پێشكەش پارلمانی كانادا دەكا.
هیوا خۆازین كە ئەم بڕیارانە سەرەتا ‌و دەسپێكی هەماهەنگی ‌و هاوپێوەندی نێونەتەوەیی بە مەبەستی گۆڕینی رێژیمی كۆماری ئێسلامی ئێران بێ.


حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسی

١٨ی جۆزەردانی ١٣٩٢ی هەتاوی