کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێزگرتن لەیادی دكتور قاسملوو لەكوردستان بەردەوامە

18:11 - 25 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ٢٤ـەمین ساڵۆەگەڕی شەهیدبوونی دوكتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاورێیانی لەوییەن پێتەختی وڵاتی ئۆتریش، كار و چالاكی تەبلیغی لەكوردستان بەڕێوەچووە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا: بەشێك لەدانیشتوانی شارەكانی شائاباد، كرندی غەرب، سەرپێڵ زەهاو، قەسری شیرین ، جوانڕۆ لەشەوی ٢٢ی پووشپەڕدا رووناكی ماڵەكانیان بۆ ماوەی سێ‌خولەك كوژاندۆتەوە و ئەو چرا كوژاندنەوەیە لە شارۆچكەكانی رێژاوی داڵاهۆ، بزمیراوای داڵاهۆ، شروێنەی جوانڕۆش بەڕێوە چووە.
هەروەها هاووڵاتیانی بەخشەكانی ئەزگەلەی سەلاس، تازاوای سەلاس، گەهوارەی داڵاهۆ بە شێوەیەكی باش پێشوازییان لەبانگەوازی كۆمیسیۆنی تەشكیلاتی حیزبی دێمۆكرات كردووە و لەبەشێكیش لەگوندەكانی ناوچەی سەلاس و جوانڕۆ ئەو رەوتە بەڕێوە چووە.
هەر لەو پێوەندییەدا بەشێك لەدانیشتوانی شاری سنەش لە كاتژمێر ١١ی شەودا بۆماوەی سێ‌خولەك چرای ماڵەكانیان كوژاندبۆوە.

هەروەها لەناوچەی حوسێن ئاوای شاری سنە، لەشەوی ٢٢ی پووشپەڕدا زۆربەی دانیشتوانی گوندەكانی ئەو ناوچەیە كە بریتین لە: همرۆڵە، سیاسران ژوور و خۆاروو، كەژیكەران، چەرمێڵە، حوسێن ئاوا، ناوچەی ژاوەرۆی سنە: نێیەر، تەنگیسەر، چرای ماڵەكانیان كۆژاندۆتەوە.

لەشاری ورمێ‌ ژمارەیەك لەدووكاندارەكان لەرۆژی ٢٢‌ی پووشپەڕدا دووكان و بازارەكانی خۆیان داخستبوو و ئامادە نەبوون بچنە سەر كارەكانیان و رێزیان لە یادی دكتور قاسملوو گرتبوو.

لەلایەكی دیكەوە لەشەوی ٢٢ی پووشپەڕدا هێزە نیزامییەكانی رێژیم لەو شارە لەحاڵەتی ئامادە باشیدا بوون و تەنانەت دەرەجەدارەكانیش بنكە نیزامییەكانیان چۆڵ نەكردبوو و لەوێ‌مابوونەوە.