کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانیار مورادی هەڕەشەی لەسێدارەدانی لێ‏ کرا

16:07 - 3 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: میرزایی جێگری قەزایی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، لە پێش چاوی نوێنەری سەردۆزگەری (دادستان) تاران، هەڕەشەی ئیعدام کردنی لە زیندانیی سیاسیی کورد زانیاری مورادی کرد و گووتی؛ بەرجام بە ئاکام گەیشتووە و تۆش ئێعدام دەکرێیت.

لە کاتێکدا کە زانیار مورادی لەگەڵ دادستان قسەی دەکرد، میرزایی نکوڵیی لە هەر جۆرە توندوتیژیی و لێدان و نەخۆشیی ئەو زیندانییە کوردەی کرد و دواتر هەڕەشەی لەسێدارەدانی لێ کرد.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، میرزایی بە توڕەییەوە گوتوویە: بەرجام بە ئاکام گەیشت و تۆش ئێعدام دەکرێیت.

بەپێی ڕاپۆڕتی کەمپەینی زیندانیانی سیاسیی و مەدەنی، نوێنەری سەدۆزگەری تاران، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، بۆ پێداچوونەوە بە سکاڵای ڕەمەزان ئەحمەد کەماڵ کە بە هۆی لێدان وبێ‏ڕێزی کردنی مەئموورانی ئەو زیندانەوە بۆ ماوەی ٦ڕۆژ لە بێ هۆشی درێژخایەن دا مابووەوە، سەردانی زیندانی ڕەجایی کەرەجی کردبوو.

زانیار و لوقمان مورادی لە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژ و ٥ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوییەوە بە تۆمەتی کوشتنی کوڕی پێشنوێژی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، هەنووکە لە ساڵۆنی ١٢ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ماوەی دەستبەسەرییەکەی تێپەڕ دەکات.