کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆرانبازێکی کرماشانی میداڵی زێڕی پێشبڕکێیەکانی زۆرانبازیی ئاسیای بەدەست هێنا

17:24 - 5 بانەمەڕ 2722

"یەدوڵڵا موحێبی" زۆرانبازی کرماشانی لە پێشبڕکێیەکانی ئازادی قارەمانیی ئاسیا، بووە براوەی شەشەمین میداڵی زێڕی قارەمانیی ئەو پێشبڕکێیانە.

"یەدوڵڵا موحێبی" لە کێشی ١٢٥ کیلۆگرەم لە خولی دووەمی پێشبڕکێیەکان بە ئاکامی ١١ بە ٢ لە "سەرداربەک خولماتۆف" زۆرانبازی ئۆزبەکستانی بردەوە و گەیشتە قۆناخی نیوەکۆتایی پێشبڕکێیەکان.

ناوبراو لە قۆناخی نیوەکۆتایی بە ئاکامی ١٢ بە ٢ لە "باتمانگای ئەنختسووشین" زۆرانبازی مەغولستانی بردەوە و چووە قۆناخی کۆتایی.

"یەدوڵڵا موحێبی" لە قۆناخی کۆتاییشدا بە ئاکامی ٣ بە ٢ توانی بەسەر "عەلیشێر یەرگالی" زۆرانبازی قەزاقستانیدا سەر بکەوێت و میداڵی زێڕی پێشبڕکێیەکان بەدەست بهێنێت.

"یەدوڵڵا موحێبی" زۆرانبازی کرماشانی ١٨ی سەماوەزی ١٣٧٢ی هەتاوی لە شاری "کرماشان" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. ناوبراو لە ساڵەکانی٢٠١٧، ٢٠١٩ و ٢٠٢٢ توانیویەتی هەر ساڵە و میداڵێکی زێڕ لە پێشبڕکێیەکاندا  بەدەست بهێنێت. ناوبراو، برازای محەممەدحوسێن و محەممەدحەسەن موحێبی لە زۆرانبازانی ناسراوی کوردی خەڵکی کرماشانە.