کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانیانی سیاسیی بەلووچ مانیان گرت

15:48 - 2 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: زیندانیان سیاسیی بەلووچ لە زیندانی ئەردەبیل بە هۆی بارودۆخی نالەباری زیندان مانیان لە خواردن گرتووە.

بەپێی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی كه‌بڵاو كراونه‌ته‌وه‌، ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسیی بەلووچ لە زیندانی شاری ئەردەبیلدا لە ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاویەوە، بە هۆی بارودۆخی نالەباری زیندان مانیان گرتووه‌ و هەنووکە ماوی ١٠ ڕۆژە لە مانگرتندان.

ئەو زیندانییە سیاسیانە بە هۆی بارودۆخی دژوار و نالەباری زیندان و بێبەش‌بوون لە چاوپێكه‌وتن، پێوه‌ندیی تەلەفوونی و بێبەش‌کردنیان لە وەرزش لە ڕۆژی چوارشەممەوە مانیان لە خواردن گرتووە.

بەرپرسانی ئەو زیندانە هەڵسوکەوتی توند و هەل‌ومەرجی دژواریان دژ بە زیندانیانی سیاسیی ئەو زیندانە گرتووەتە بەر و بنەماڵەی ئەو زیندانیانە بۆ سه‌ردان و چاوپێكه‌وتن دەبێ سەرەتا ئیزن لە دادستانیی زاهیدان و دواتریش لە دادستانیی ئەردەبیل وەرگرن.

دوای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ لە مانگرتنی ئەو زیندانیانە تا ئێستا بەرپرسانی زیندان هیچ هەوڵێکیان بۆ باشترکردنی دۆخی ئەو زیندانیانە نەداوە.

سابیر مەلک‌ڕەیسی، عەلی پەژگووڵ، نوورئەحمەدحەسەن زهی، ئیسحاق کەلکەلی و محەممەدئەمین ئیرانشەهری ئەو زیندانە سیاسییە بەلووچانەن کە لە زیندانی ئەردەبیل‌ مانیان لە خواردن گرتووە.

گوشاری بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر زیندانیانی سیاسیی لە ئێراندا درێژەی هەیە و ئەوەش نیگەرانیی بەرپرسانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە.

لەو پێوەندییەدا، ئەحمەد شەهید ڕێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، ماوەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا خراپتر بووە و لەهەمبەر ئه‌م پرسە هۆشداری جیددی دا.