کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانیانی سیاسیی زاهیدان : وتووێژ لەگەڵ ڕێژیم ڕەواییدانە بە جینایەتەکانی ئەو ڕێژیمە

21:14 - 26 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: زیندانیانی سیاسیی زاهیدان، سەفەری نوێنەران و بەرپرسانی ئورووپاییان بۆ ئێران وەکوو ڕەوایی‏دان بە کردەوە دژە مرۆیی و تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لەقەڵەم دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، زیندانیانی سیاسیی زیندانی زاهیدان، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک، بەرپرسان و نوێنەرانی ئورووپایان بە بەردەنگی خۆیان لەقەڵەم داوە و ڕایانگەیاندووە کە: هەرچەشنە وتووێژێکی ئەوان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی، ڕەوایی‏دانە بە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.

دەقی ئەو نامەیە وەک خۆی لەخوارەوە هاتووە:

بەرپرسانی یەکیەتیی ئورووپا و نوێنەرانی ڕێزداری پەرلمانی ئورووپا

وێڕای سڵاو و ڕێز، پێتان ڕادەگەیەنین کە ئێمە زیندانیانی سیاسیی زیندانی زاهیدان، هاتنی بەرپرسانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ وڵاتی ئێران کە یەکێک لە پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ لە دونیادایە، بە توندی شەرمەزار دەکەین و داواکارین کە بەرپرسانی یەکیەتیی ئورووپا لە سەفەر بۆ ئێران خۆ ببوێرن، چوونکە هەرچەشنە وتووێژێکی ئەوان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، ڕەواییدانە بە جینایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.

بەرپرسانی یەکێتیی ئورووپا و باقی بەرپرسانی جیهانی دەبێ لەگەڵ زیندانیانی سیاسی، مەزهەبی، چالاکانی کرێکاری، چالاکانی ژن، مامۆستایان و باقی توێژەکانی کۆمەلگا کە لەگەڵ سەرکوتی هۆڤانەی دەست‏وپێوەندییەکانی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیە‌ بەرەوڕوو بوونتەوە، دانیشتنیان هەبێ .

زیندانیانی سیاسیی زیندانی زاهیدان

ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی


واژۆکەران : ئیرەج محەممەدی، محەممەد ئەمین ئاگووشی، ئەیووب ڕیگی، عەبدولغەفار نەقشبەندی، هەمزە ڕیگی، عەبدولغەنی گەنگوزەیی، محەممەد ئابادیان و هادی ئابادیان .