کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵیادی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ لە هانۆڤێری ئاڵمان بەرز راگیرا

15:06 - 25 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ساڵیادی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ، بە بەشداریی ژمارەیەک کەسایەتی و نوێنەری پارتە کوردستانییەکان، لەوانە کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان، بەڕێوەچوو.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئاڵمان بە سەرپەرستیی \'\'شەهریار نەقشبەندی\'\' بەرپرسی کۆمیتە، لە رێوڕەسمی ٦٥ـەمین ساڵیادی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ کە لەلایەن \'\'ناوەندی پارێزگاریی مافی مرۆڤ ــ ئێران\'\' لە رێکەوتی ٢٤ی سەرماوەز ١٣٩٢ی هەتاوی لە شاری هانۆڤێری ئاڵمان رێکخرابوو، بەشداریی کرد.
لەو رێوڕەسمەدا وێڕای شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات ــ ئاڵمان، ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و مافناسی ئێران و نوێنەری ژمارەیەک لە لایەنە کوردستانی و ئێرانییەکانی دانیشتووی ئاڵمان بەشداربوون.
لەو رێوڕەسمەدا عەبدولکەریم لاهیجی بەبۆنەی ٥٠ ساڵ لە تەمەنی کار و تێکۆشانیدا لەپێناو دادپەروەری و مافی مرۆڤ چەند وتەیەکی سەبارەت بە خراپیی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی، پێشکەش کرد.
شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئاڵمان، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ پەیامی کۆمیتەی حیزبی پێشکەش کرد.
لە پەیامی کۆمیتەی حیزبدا وێڕای ئاماژە بە دۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران، پیرۆزبایی لە ٥٠ ساڵ تەمەنی تێکۆشانی عەبدولکەریم لاهیجی کرد و بەو بۆنەوەی چەپکەگوڵێکی پێشکەش بە ناوبراو کرد.
لەو رێوڕەسمەدا رێکخراوی \'\'رۆژهەڵاتی کوردۆساید (چاک)\'\' بەشداری ئەو رێوڕەسمە بوون و بەو بۆنەوە پەیامی خۆیانیان پێشکەش کرد.
شیرین عیبادی، حەمید حەمیدی، مەنووچێهر شەفایی و بێرند ستراوخ، بەشداری ئەو رێوڕەسمە بوون و بەو بۆنەوە پەیامی خۆیانیان پێشکەش کرد.