کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستراتیژیی دامەزراندنی مووشەکی پاتریوت لە تورکیە و نیگەرانیی ئێران (کاوە بەهرامی)

19:44 - 2 بەفرانبار 2712

کاوه بەهرامی
تورکیا لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆیە کە ئاڵوگۆڕە خێرا و قووڵەکانی دراوسێی ئەو وڵاتە واتە سووریە و ئەگەری پەلاماری ئاسمانیی سووریە بۆسەر وڵاتی تورکیە، ناتۆی بەو ئەنجامە گەیاندووە، لەم هەلومەرجەدا قەڵغانی بەرگری مووشەکیی پاتریوت لە تورکیە بۆ پێشگری لە ئەگەری هێرشی هەوایی بۆسەر ئەو وڵاتە دابمەزرێنێت.
نیگەرانی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە تورکیە وەکوو وڵاتێکی دراوسێی سووریە پشتیوانی لە ئوپۆزیسیۆنی ئازادیخوازی سووریە دژبە بەشار ئەسەد دەکات کە کێشە و ئاڵۆزی لە تورکیە دروست کردووە.
ئێران وەک هاوپەیمان و دۆستی سووریە دامەزراندنی ئەو مووشەکانە لە بەرژەوەندیی خۆیدا نابینێ و حەسەن فیرووزئابادی بەرپرسی پایەبەرزی سپاسی پاسداران ئەو رێژیمە ئەم کارەی بە دەستپێکی شەری سێهەمی جیهانی لە قەڵەم داوە، رووسیە وەک دۆستی سووریە نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و کۆمەڵێک لێکدانەوەی جۆراوجۆری لەسەر ئەم گرژی و ئاڵۆزییانە کەوتوونەتە بەر باس.
ئەوەی کە جێگای سرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە دامەزراندنی ئەم موشەکانە وەبیرهێنەرەوەی قەیرانی مووشەکیی کووبا لە ساڵی ١٩٦٢ـە کە لەلایەن یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشووەوە بۆ پشتگیری لە کووبا دامەزرابوو. ئەمریکا ئەو کات ئەم هەڵوێستەی یەکیەتیی سۆڤیەتی بە دژایەتی خۆی و پشتگیری لە کووبا لە قەڵەم دا و هەڵوێستی جیددی گرت بە چەشنێک کە، کەنێدی سەرکۆماری ئەو کاتی ئەمریکا کاتی دیاری کرد و گوتی ئەگەر هەتا ئەو کاتە مووشەکەکان لا نەبەن بە واتای هەڵگیرساندنی شەڕی سێیهەمی جیهانی لە قەڵەم دەدرێت.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا بۆ ئێران و رووسیە لەم بارودۆخە هەنووکەییەی جیهانی ئەمڕۆدا دەلوێ کە وەک دوو هاوپەیمانی وڵاتی سووریە مۆڵەت دیاری بکەن بە ناتۆ و داوای لابردنی سپەرە موشەکییەکان بکەن؟
ئایا سەردەمی ئێستای ئێران و وروسیە وەکوو هەلومەرجی ئەو کاتی ئەمریکا و سۆڤیەتی پێشووە؟
ئایا ناتۆ و ئامریکا بە هەڕەشە و گوڕەشەی ئێران و قەڵغانە بەرگرییە موشەکییەکان لادەبن؟
هەڵوێستەکانی وڵاتی رووسیە لەمەڕ ئاڵوگۆڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی جێگای لێکدانەوەی وردە. ئەوەی راستی بێت رووسیە پاڵپشتیی وڵاتانی وەک یەمەن، سووریە و لیبی و ... هتد بووە، بە چەک و کەرەستە و پشتگریی سیاسی و نیزامیی رووسیە، ئەو وڵاتانە هەم هاووڵاتیانی خۆیان و سەرکوت کردووە و هەم بوونەتە بەربەستی ئازادی و دێمۆکراسی، بەڵام لە هەمووی گرینگتر ئیرادەی گەلی ئەو وڵاتانە بووە کە مشتێکی توندیان لە دەم حکوومەت و لایەنگرانیان داوە و بە خوێنی خۆیان ئاڵوگۆڕیان بۆ چەسپاندنی دێمۆکراسی و ئازادی پێک هێناوە.
هەڵەی رووسیە لەوە دایە کە سەردەمی ئێستا وەک بارودۆخی سەردەمی شەری سارد لێک دەداتەوە، ئەمە لە حالێک دایە کە گەشە کردنی تکنۆلۆژی و بەتایبەتی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری ئەرێنییان لەسەر دۆخی نەتەوایەتیی گەلان داناوە و رووسیە، یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو نییە کە پاڵپشتیی پەیمانی وەرشۆی لە پشت بێت، بۆیە کاتێک دەگاتە ئاستێکی باریک پاڵپشتی خۆی لە وڵاتانی هاوپەیمانی دەپسێنێت.
رووسیە بۆ بەرژەوەندیی خۆی پشتگری ئەم وڵاتانەی کردووە، کاتێک بەرژەوەندی دەکەوێتە مەترسییەوە هەڵوێست دەگۆڕێ، لە لایەکی دیکەشەوە ئەمریکا وەک تاکە زلهێزێک سەرکردایەتیی پەیمانی ناتۆ دەکات و دۆستی تورکیایە.
لەلایەکی دیکەشەوە ئێران وەک وڵاتێکی دیکتاتۆر و سەرقافڵەی تیرۆریزمی جیهانی هەم لە نێوخۆ و هەم لەنێو بیروڕای گشتیی جیهاندا پێگەی خۆی لە دەست داوە و مەبەستی لە دژایەتی کردنی دامەزراندنی سپەری مووشەکی لە تورکیە بەرنگاری لە سووریە نییە، بەڵکوو ترس لە گۆڕانکارییەکانی دوای ئەو شەڕەیە کە بێگومان ئێرانیش دەگرێتەوە.
وڵاتی ئێران کە هەم لە بواری سیاسی و دیپلۆماسی و هەم لە بواری ماڵی و کۆمەڵایەتییەوە بەرەو رووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە و گەمارۆ ئابوورییەکان پشتی چەماندووە، نرخی تمەنی ئێران لە بەرانبەر دۆلاری ئەمریکی ٣٠٠٠ تمەنی تێپەڕندووە بە چە فاکتۆر و هێزێک هەڕەشەی هەڵگیرساندنی شەڕی سێهەمی جیهانی دەکات؟ ئایا حەماس و حیزبوڵڵـای لوبنان دەتوانن لە هاوکێشەکانی شەڕی سێهەمی جیهانیدا یاریدەری ئێران بن؟
بە سرنجدان بە بارودۆخی ناوچەکە دەتوانین بلێین کە تورکیا کە پاڵپشتی ئەمریکا و ناتۆی لەگەڵ دایە لە ناوچەکەدا بەهێزترە و هەر وەک رابردوو نیشانی داوە دەوڵەتانی دیکتاتۆر بەرەو داڕمان دەڕۆن لە بەرانبەر دێمۆکراسیدا خۆڕاناگرن و ئێرانیش وەکوو وڵاتێکی پێشلکەری مافی مرۆڤ و سەردەمداری تیرۆریزمی جیهانی لە بەرانبەر ئیرادەی گەلانی ئێران خۆ راناگرێت و بیروڕای گشتی لەگەڵ گۆڕانکاری لە سیستەمی توتالیتێری ئێران بۆ دێمۆکراسی و ئازادییە.