کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سلێمان کەڵەشی: ئەم هێز و لایەنانە کە حیزبی دێموکرات لەو خەباتەدا بە تەکڕەوی تاوانبار دەکەن، لە بەر ئەوەی پاساو بۆ خۆیان بهێننەوە بۆ بەشدار نەکردنیان

16:59 - 24 پووشپەڕ 2716

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە پێوەندی لەگەڵ خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و کەسایەتی ئاکادمیک وتووێژی پێک هێناوە کە دەقەی ئەم وتووێژانە لە ماڵپەڕی کوردستان میدیاوە بڵاو دەکرێتەوە.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەم پێوەدنییەدا لەگەل سلێمان کەڵەشی چالاکی سیاسی وتووێژێکی لەم بارەیەوە پێک هێناوە.

دەقی وتووێژەکە:

١ـ هێندێک لایەنی کوردی و ئێرانی، دەسپێکردنەوەی قۆناغی نوێی خەبات بە تەکڕەویی حیزبی دێموکرات دەزانن تا چەند ئەو بیر و بۆچوونە ڕاسته؟

دیارە ئەگەر حیزبی دێموکرات توانیبایە هەموو هێز و لایەنەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خۆی هەماهەنگ بکا زۆر باش و بە باندۆرتر دەبوو. بەڵام خۆ ناکرێ حیزبێکی شۆڕشگێری وەک حیزبی دێمۆکرات لە هێندێک شێوەی خەبات کەڵک وەرنەگرێ تا هەموو هێزەکان ڕازی بن لە سەر بەڕێوەبردنی؟ پێویستە بێژم بەشێک لەو هێزە ئێرانی و کوردستانیانە هەر باوەڕیان بە خەباتی شێلگیر نەماوە، هەر وەها بەشێکیان هەر دژی خەباتی چەکدارین و خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ڕۆژی مەبادا و خۆیان سپاردووە بە قەزا و قەدەر وەک ئەوەی کە لە عێراق ڕووی دا. بەڵام من چاک دەزانم کار و خەباتی چەکداری، یان حزووری پێشمەرگە لە ناوخۆی وڵاتدا کارێکی ئاسان و بچووک نیە، بەڵکوو هێزێکی لە خۆبردوو ، شۆڕشگێر و بە بیر و باوەڕی دەوێ لەو زرۆفە سەختەدا . دوای بیست سال جارێکی دیکە بە چەک بەرەنگاری هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بێتەوە. ڕەنگە ئەو کارە بە هەموو هێز و لایەنێک نەکرێ، ئەوەش نە شەرمە و نە عەیب. دیارە ئەم هێز و لایەنانە کە حیزبی دێموکرات لەو خەباتەدا بە تەکڕەوی تاوانبار دەکەن، لە بەر ئەوەی پاساو بۆ خۆیان بهێننەوە بۆ بەشدار نەکردنیان. من ڕێزم هەیە بۆ نەزەری ئەوان هەیە بەڵام ئەوە تەنیا بە پاساوێکی نابەجێ دەزانم و بەس، بەڵام ڕاوەستانی هێزێکی شۆڕشگێر بە هێوای قەزا و قەدەر، یان هەتا هەڵ ومەرج گونجاو دەبێ، ئەوە ئیدی کارێکی پاساوهەڵنەگر و ناشۆڕشگێرانەیە. هێزێکی گۆران خواز وپێشروو دەبێ بۆ خۆی کار بکا تا هەل و مەرجی گونجاو بخولقێنێ. بۆ نموونە، کاتێک پارتی کرێکارانی کۆردستان (پ.ک.ک) لە سالی ۱۹۸٤ بە کەمترین ئێمکانات دەستی کرد بە خەباتی چەکداری دژی حکوومەتی تورکیە کرد کە دەوڵەتی تورکیە ئەندامی ناتۆ و لە لووتکەی هێز خۆی دابوو. بەشی هەرە زۆری هێزو لایەنەکان پێیانوا بوو ئەوە کارێکی خۆکۆژییە و سەرکەوتنی مەحاڵە. کەچی ئەمڕۆ دەبینین وەزعەکە چۆن گۆراوە؟ ڕەنگە هیندێک کەس بڵێن: حکوومەتی تورکیە لە ئێران فەرق دەکا! ئەوە ڕاستە لە بواری سیستەمی حکوومداریدا فەرقییان هەیە. بەڵام له بواری عەسکەری و شەڕ و دڕندەیی فەرقیان نیە، بەڵکوو تورکیە زۆر درەندەتر و دڵ ڕەشترە و ساحیبی ئیمکانات و ئەرتەشێکی پۆشتەوپەرداخ‌ترە. کەوابوو هەر کاتێک هێزێکی خەڵکی و بە ئێرادەی خۆی ئامانج و بەرنامەی ڕێک و پێک، دەتوانێ لە هەمبەری هێزی داگیرکەردا ڕاوەستێ و سەرکەوتن بە دەست بێبێ. ئەوەش هۆکاری ناوێ ، گەلی کورد لە دیرۆکی خۆیدا ئەوەی نیشانی داوە.

٢ـ هۆکاری هەڕەشە و گۆڕەشەی توندی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە دەسپێکردنەوەی خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چیە؟

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەمیشە هەڕەشە و گۆڕەشە لە نەیارەکانی خۆیان دەکەن. ئەگەر بە قسە و هەڕەشە و گۆڕەشەی ئەوان بوایە دەبا هەتا ئێستا چەندین دەوڵەتی سەربەخۆ لە ناوچە و جیهان لە سەر تۆپی زەوی سڕابانەوە. بە نەزەری من ئەم گەف و گۆڕانە نە بە هێزی ئەوانە، بەڵکوو لە ترسانە. ئەوان زۆر چاک دەزانن خەڵکی کوردستان و ئێران لە دەستی زوڵم و زۆرداری و نەبوونی ئازادی و مافی مروڤەوە وەزاڵە هاتوون.

هەر وەها دونیای ئەمڕوش وەک دونیای چەندین، یان هەتا چەند سال پێش ئێستا نیە . هەر حکوومەتێکی دیکتاتۆر چۆنی پێ خۆش بێ ئاوا لەگەڵ خەڵکی خۆی و دەوربەری هەڵسوو کەوت بکا. هەر بۆیەش ئەوان لەو ڕاسانەی حیزبی دێموکراتی کۆردستانی ئێران و یان هەر بزووتنەوەیەکی وەک ئەو دەترسن کە ببێتە دەروازەی ڕاپەرین و دەستێوەردانی نەیارەکانی لە ناوخۆ و دەرەوە. هەر بۆیە بە هەموو شێوەیەک دەیانهەوێ دەنگ و ڕەنگی ڕاسانی حیزبی دێموکرات لە دەستپێک دا نەهێلن و سەرکوت بکەن.

٣ـ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاشگەزکردنەوەی هێرشە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کوردستان دەتوانن چ ڕۆڵێکیان هەبێت؟

من چاک لە مەبەستەکەتان حاڵی نەبووم کە هێرش بۆ سەر کام بەشی کوردستانە . بەڵام ئەگەر مەبەستتان باشووری کوردستان بێ، من پێموانیە ئێران ئەو ڕیسکە بکا و خۆی تووشی شەڕ بکا کە چارەنووسەکەی دیار نەبێ یان بە زیانی خۆی کۆتایی پێ بێ. لە هەر حاڵەتێکدا جیددی بوونی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن هەمیشە بە باندۆر بێ و ئێران ناچار بە پاشەکشە بکا و هەر وەک تا ئێستا چەندین جار ئێران مەجبوور بووە پاشگەز و تەنانەت تەسلیمی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بێ. بەڵام لە بیرمان نەچێ ئەوەش گرێدراوە بە جیددی بوونی ئەو ناوەندانیە.

٤ـ بە گشتی ڕا و بۆچوونی ئێوە لە سەر ڕاسانی حیزبی دێموکرات چیە؟

ئەگەر حیزبێکی وەک حیزبی دێموکرات کە بۆ وەدەست هێنانی ئازادی و دێموکراسی ،بۆ ڕزگارکردنی کورد و کوردستان پێک هاتبێ ، خەبات و ڕاسان نەکا ئەدی دەبێ کار و ئەرکی چیی بێ؟ بەڵام دەبێ حیزبی دێموکرات، وەک حیزبێکی بەرپرس و بە باندۆر هەموو هەوڵی خۆی بدا لەگەڵ حیزب و لایەنە کوردییەکانی ڕۆژهەلات کە بەرەیەکی کوردستانی پێک بێنێ و پێکەوە ئەو ڕاسانە بە ڕێوە بەرن. بە بیر و هزری من ئەگەر حیزبی دێموکرات بتوانێ بەرەیەکی وا لە نێوان ئەو هێز و لایەنانەی کە باوەریان بەوشێوە خەباتە لە کوردستان ماوە پێک بێنێ کاریگەرییەکەی لە ڕاسانەوەی ئێستا کەمتر نابێ.