کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری حیزبی دێمۆکرات لەگەڵ پارلمانتارانی بریتانیا، پرسی مافی مرۆڤ و کوشتنی کۆڵبەرانی بە تایبەتی هێنایە بەرباس

14:05 - 24 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی ناوەندی بڕیاردەری بریتانیا، ئەندام پارلمان و بەرپرسانی حیزبی ئەو وڵاتە، دیدار و چاوپێکەوتنی پێک هێناو پرسی مافی مرۆڤی لەگەڵێان تاوتۆی کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٣‌ی رەشەمە سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکرات لەگەڵ ئادەم هەگ یەکێک لە بەرپرسانی ناوەندی سیاسەتی دەرەوەی بریتانیا کۆبۆوە و لەو دانیشتنەدا بەڕێز مستەفا هیجری بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستانی بەتایبەتی هێنایە بەر باس و ئاماژەی بە کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەرانی کوردی سەرسنوور بەدەستی هێزەکانی رێژیم کرد.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکرات لەدرێژەی ئەو کۆبوونەوەیەدا باسێکیشی لەسەر نەتەوە ستەم لێ کراوەکانی ئێران و هەروەها دۆخی ئابووری کوردستان و ئەو ئەزیەت و ئازارانەی کە دەکرێتە سەر خەڵکی کوردستان و زیندانییانی سیاسیی بەتایبەت کرد.
بەڕێز هیجری لەدرێژەی دیدار و چاوپێکەوتنەکانیدا لەگەڵ فەبیان هەمیلتۆن ئەندام پارلمان وڵاتی بریتانیا لەسەر لیستی حیزبی کاری ئەو وڵاتە کۆبۆوە.
لەو دانیشتنەدا تەوەرەی باسەکان لەسەر دۆخی ئێستای ئێران بە گشتی و کورد بە تایبەتی، دۆخی سووریە و دەستێوەردانی رێژیمی ئێران لە کێشە ‌ناوخۆیی‌یەکانی سووریە و هەروەها باسێکیش لەسەر هەلبژاردنەکانی سەرکۆماری ئێران لەچەند مانگی داهاتوودا کرد.
سکرتێری گشتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لەو دانیشتنەدا وتی: هەڵبژاردن لە ناو رێژیمی ئێران بە شێوەی دێمۆکراسی بە‌ڕێوە ناچێت و تەنیا بە لاچوونی ئەو رێژیمە دێمۆکراسی دەتوانێ لە ئێران سەقامگیر بێت.
بەڕێز مستەفا هیجری لەگەڵ لۆرد بارێنس بریدجیش ئەندامی حیزبی موحافیزەکاری بریتانیا دیداری هەبوو و لەم دیدارەدا بەڕێز هیجری باسێکی لە سەر دۆخی ناڵەباری مافی مرۆڤ لە ئێران و لە کوردستان بە تایبەتی کرد.

4038.jpg


کوشتن‌و بریندارکردنی کۆلبەران لە ناوچە سنوورییەکان بە دەستی هێزەکانی رێژیم کە بۆ بە دەست ‌هێنانی نانی رۆژانەیان ئەو پیشە پڕ لە مەترسیانەیان گرتۆتە بەر، کۆمەڵە باسێک بوون کە لەو دانیشتنەدا پڕژاونەتە سەری.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکرات باسێکیشی لەسەر گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران و کاریگەری ئەو گەمارۆیانە خستە بەر باس.
بەڕێز هیجری لە هەر کام لەو دانیشتنانەدا ئامار و وێنەی تایبەت بە کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران لە ساڵی ٢٠١٢دا پێشکەش بە ئەندام پارلمان و بەرپرسانی حیزبەکانی بریتانیا کرد.