کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێكی یەكیەتیی دێمۆكراتی كوردی سووریە لە دەفتەری پێوەندییەكانی حیزبی دێمۆكرات لەهەولێر

15:19 - 15 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: هەیئەتێكی حیزبی یەكیەتی دێمۆكراتی كورد لەسوریە (یەكیەتی) بە سەرپەرستی مستەفا مەشایخ جێگری سكرتێری ئەو حیزبە سەردانی بنكەی پێوەندییەكانی حیزبی دێمۆكراتیان لەشاری هەولێر كرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئەو شاندە لەلایەن هەیئەتێكی حیزبی دێمۆكراتەوە بە سەرپەرستی بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتەوە پێشوازییان لێ‌كرا.
لەو هاودیتنەدا شەرەفی نیگەرانی خۆی لەو كۆمەڵكوژیەی كە لەكوردستانی سووریە لەلایەن بەرەی نوسرەوە رووی دا دەربڕی و جارێكی دیكە هاوخەمی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی پێ راگەیاندن.

پاشان باسێكی سیاسی لەسەر رەوشی كورد بەگشتی ‌و هەلومەرجی كوردستانی ئێران ‌و بەشەكانی دیكەی كوردستان ‌و پێویستی هەرچی زیاتری بڕەودان بە خەباتی نەتەوەیی ‌و هەوڵدان بۆ دەستەبەر كردنی مافەكانی كورد لەهەر پارچەیەكی كوردستان پێشكەش كرد و روانگە ‌و بۆچوونی حیزبی دێمۆكراتی لەسەر پرسە نەتەوەییەكانی هێنایە بەرباس.
دواتر مستەفا مەشایخ بۆ چوون ‌و نەزەراتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی لەسەر پرسە نەتەوەییەكان بەرز نرخاند‌و پاشان چەندین مەسەلەی پێوەندیداری بە پرسی كوردەوە باس كرد.