کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێكی تەڤگەری لاوانی كورد ـ سووریە سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆكراتیان كرد

00:01 - 23 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: شاندێكی تەڤگەری لاوانی كورد لەسوریە بە سەرپەرستی محەممەد بەشار ئەندامی بەڕێوەبەری ئەو رێكخراوەیەوە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی كرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ٢١ی بانەمەڕ شاندێكی حیزبی دێمۆكرات بەسەرپەرستی بەڕێز مستەفا هیجری سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات پێشوازیی لەشاندی تەڤگەری لاوان كرد.

سەرەتا محەممەد بەشار حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی بە حیزبێكی نەتەوەیی بەهێزێكی كاریگەر كە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی كورد لەبەر چاو دەگرێت، وەسف كرد و پاشان چەند وتەیەكی لەسەر دۆخی ئێستای كوردستانی سووریە و بارودۆخی وڵاتی سوریە پێشكەش كرد.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا بەڕێز مستەفا هیجری رۆڵی لاوانی لەبەرەو پێش بردنی شۆڕشەكانی نەتەوەی كورد بەرز نرخاند و هیوای خواست لاوان و سەرجەم حیزبە سیاسییەكانی ئەو بەشە لەكوردستان بتوانن بە یەكگرتووی و گوتاری هاوبەشی نەتەوەیی مافەكانی نەتەوەی كورد لەرۆژئاوای كوردستان دەستەبەر بكەن.