کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ و تێكهەڵچوونەكانی كوردستانی توركیە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار كەسی ئاوارە کردووە

21:55 - 6 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: لە ئاكامی شەڕ و تێكهەڵچوونەكانی كوردستانی توركیە، تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار كەس ئاوارە بوونە و ڕوویان لە ناوچە ئارامەکان كردووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەكان، شەڕ و تێكهەڵچوونەكان لە كوردستانی باكوور بەردەوامن و ڕۆژانە خەڵکی مەدەنی دەبنە ئامانجی هێرشی هێزە ئەمنیەتییەكانی توركیە و تا ئێستا بە سەدان كەس خانووەكانیان بە تەواوی ڕووخاوە و بێ سەرپەنا ماونەتەوەو خەڵكێكی زۆریش ماڵ‏و‏حاڵیان بەجێ هێشتووە. لەو پەیوەندییەدا ئامارە نافەرمییەكان باس لە ئاوارەبوونی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار كەس دەكەن.

زیاترین ژمارەی ئاوارەبوون لە كوردستانی باكوور، لە ساڵی ١٩٩٠ی زاینیی‏دا بوو، كە لە ئاكامی شەڕی نێوان ئەرتەشی توركیە و پ.ك.ك، بە سەدان گوند سووتێنران و خەڵكێكی زۆر ماڵ‏و‏حاڵیان بەجێ هێشت، بەڵام ئەم جارەیان شەپۆلی ئاوارە بوون خەڵكی شارەكانیشی گرتۆتەوە.

لە ئاكامی ئەو شەڕ و تێكهەڵچوونانەدا، سەرژمێریی جۆراوجۆر سەبارەت بە ژمارەی كوژراوانی هەر دوو لا، واتە هێزەكانی پۆلیس و هێزەكانی ئەرتەشی توركیە و ئەندامانی پ.ك.ك بڵاو دەبنەوە، بەڵام بە هۆی نەبوونی سەرچاوەیەكی سەربەخۆ و باوەڕپێكراو لە شوێنی ڕووداوەكان، ژمارەی دروستی كوژراو و بریندارانی ئەم ڕووداوانەی كوردستانی باكوور بەدەستەوە نیە.