کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەبدوڵڵا عەبدی: بە پێچەوانەی هێزە پۆپۆلیستەکان یا خۆد ئەو هێزانەی کە بە نرخی ڕۆژ نان دەخۆن، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەمیشە بەرژەوەندییەکانی گشتیی گەلی کوردی لە سەرەوەی بەرژەوەندییەکانی حیزبی خۆی داناوە

16:28 - 28 پووشپەڕ 2716

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە پێوەندی لەگەڵ خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و کەسایەتی ئاکادمیک وتووێژی پێک هێناوە کە دەقەی ئەم وتووێژانە لە ماڵپەڕی کوردستان میدیاوە بڵاو دەکرێتەوە.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەم پێوەندییەدا لەگەل عەبدوڵڵا عەبدی چالاکی سیاسی لەم بارەیەوە پێک هێناوە.

دەقی وتووێژەکە:

١ ــ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دەست پێ کردنی ئەم خەباتە تا چ ڕادەیەک سەرکەوتوو دەبێت؟

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەبەری خەباتەکە کە لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا هەڵقوڵاوە و خاوەنی پشتیوانیەکی بەرێنی خەڵكی کوردستانە. ئەمەش فاکتۆرێکە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەر هەل‌ومەرجێکی خەباتدا پشتیوانییەکی بەرینی کۆمەڵانی خەڵكی کوردستان، نە تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بگرە لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا بە نەسیبی بووە.

ئەمە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خاوەنی سیاسەتێکی ڕاست، دروست و سادقانەیە لە هەمبەر ویست و داخوازەکانی گەلی چاوساوەیی کوردستانه. بە پێچەوانەی هێزە پۆپۆلیستەکان یا خۆد ئەو هێزانەی کە بە نرخی ڕۆژ نان دەخۆن، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەمیشە بەرژەوەندییەکانی گشتیی گەلی کوردی لە سەرەوەی بەرژەوەندییەکانی حیزبی خۆی داناوە و لەو بارەشەوە قوربانی زۆری داوە. لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ئەم ڕاستییەی بۆ هەموو لایەک دەرخستووە. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر بڕوانینە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە حیزبێک بووە کە ئیعتقادێکی تەواوی بە ئاشتی و پێکەوە ژیان هەبووە و هەموو هەوڵێکی خۆی بە کار هێناوە تا مەسەلەی کورد لە ڕێگای ئاشتییەوە چارەسەر بکات و بۆ ئەو مەبەستەش قوربانی یەکجار زۆری داوە. ئەمەش بەو مانایە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نە حەزی له شەری چەکداری بووە و نە پێی وابووە کە ڕێژیمی ئێران بە ئەو تەنیا دەڕۆخێت.

پێکهێنانی ئاڵوگۆر لە ستراتیژی و تاکتیکەکانی خەبات بە دوای ٢٠ ساڵ و دەست پێکردنی ڕاسانی نوێ و پێک هێنانی هەماهەنگی لە نێوان خەباتی شاخ و شاردا، هەنگاوێکی گرینگی دیکەیە لە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. هەر لە سەرەتای ڕاگەیاندنی ڕاسان لە لایەن سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێز کاک مستەفای هیجری لە نەوڕۆزی ئەم ساڵدا، ئەم پەیامە کارگەرییەکی پۆزیتیڤی لە سەر جۆڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانا و ورەیەکی پتەوی بە کۆمەڵانی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی کورستان بەخشی.

لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زۆر کەس و لایەن هەبوون، بەتایبەت ڕێژیمی ئیسڵامیی ئێران و هەوپێمانانی، کە خەونی ئەوەیان دەدیت حیزبی دێموکرات توانایی نەماوە و بەرە و لە ناوچوون دەچێت، کە چی ڕاسانەوە و جۆڵەی پێشمەگەکان بۆ نێو خۆی کوردستان، وەک بۆمەلەرزەیەک کۆماری ئیسلامی هەڵ هەژاند و ترس و لەرزەیەکی بێ وێنەی لە سەر سایکولۆژی کار بە دەستانی ڕێژیم و چەکدارەکانیدا هێنا و بە چەشنێک کە لە ڕێبەره‌وە بگرە تا چووکترین بەرپرسانی ڕێژیم وەدەنگ هاتن و دەیان هەزار چەکداریان بە هەموو ئیمکاناتێکەوە ڕەوانەی کوردستان کرد. ئەمەش لە خودی خۆیدا سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات کە نیشانی دا ئەو حیزبە وەک ڕێکخەری جۆڵانەوەی میللی دێموکراتیکی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هیچ پیڵانێک بە چۆکدا ناهێت و گەورەی مەحبووبیەتی خۆی لە نێو کۆمەڵانی خەڵكی کورستاندا دەپاریزێت و دەتوانێت لە هەرکات و ساتێکدا تەهدیدێکی گەورە بێت بۆ کۆماری ئیسلامی تێرۆریست و هاوپێمانانی.
وەڵام دانەوەی خەڵكی شۆڕشگێری کوردستان بە بانگەوازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەشداری کردنیان لە مانگرتنی ٢٢ی پووشپەڕ لە لایەک و دەست پێ کردنی چەند عەمەلیاتێک دژ بە ڕێژیم لە بەلووچستان و عەرەبستانی ئێران لە لایەکی دیکە، سەرکەوتنێکی دیکەیە بۆ ستراتیژی نوێی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

٢ – ڕاسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تا چەندە دەتوانێ یارمەتی دەر و پشتیوانی گەڵانی دیکەی ئێران بێت؟

ئەگەر لە ڕەوانگەیەکی مێژووییەوە سەیری ڕابردوویی جۆڵانەوەی ئازادیخوازیی سەراسەری ئێران بکەین، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هەموو توانایی خۆیەوە هەمیشە تێکۆشاوە کە گەڵانی دیکەی ئێرانیش وەک گەلی کورد بێنە مەیدانی خەبات و شان بەشانی یەکتر دیفاع لە ویست و داخوازەکانی خۆیان بکەن. هەر ئەوەش بوو کە هەموو هێزە ئازادیخوازەکانی ئێران روویان لە کوردستان کرد و وەک سەنگەری ئازادی لە ئێراندا بۆ خۆ ڕێکخستن کەڵکیان لێ وەردەگرت. ئەمەش وایی کرد بوو کە کوردستان وەک سەمبوول و سەنگەری ئازادیخوازی لە ئێراندا بناسرێت.

ئەگەر چی دوایی چەند ساڵێک بە تایبەت دوایی ڕوخانی یەکیەتیی سۆڤیەت هێندێک لەو هێزانە تووشی قەیڕانی فکری و دابڕان بوون و هێندێکیشیان کەوتنە ژێر کاریگەریی هەستی شوێنیستی و مەیدانی خەباتیان چۆڵ کرد، بەڵام دیسان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ویستی خۆی بۆ پێکهێنانی بەریەکی یەک گرتوو بۆ ئازادی دێموکراسی لە ئێراندا پاشگەز نەبوویەوە و سەرئەنجام توانی لانیکەم هێزە ئازادیخوازەکانی گەڵانی ژێر دەستی ئێران لە کۆنگرەی ئیرانی فیدڕاڵدا کۆ بکاتەوە و بۆ هەماهەنگی و هەو خەباتی هەرچی زۆرتر لە نێوان خەباتگێرانی گەلانی بندەستی ئێران بۆ پێشەوەبردنی خەبات بۆ ئازادی، دێموکراسی و مافی نەتەوایەتی لە ئێرانی داهاتوودا.

ئەمەش ئەوە دەگەینێت کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەمێشە لەو بڕوایە دابووە کە هاو خەباتیکردنی گەڵانی دیکەی ئێران و هێزە پێشکەوتووخوازەکان زەروورەتێکی مێژووییە و دەبێ ئەو هاوخەباتیە گەلی کورد بە تەنیا ناتوانێت بە مافە ڕەواکانی خۆی لە ئێران دا بگات.

هەر بۆیە بە نەزەری من ڕاسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەنگاوێکی ورەبەخشە بۆ ئازادیخوازانی گەڵانی دیکەی ئێران تا ئەوانیش بە چاوێکی نەترسانەتر بێنە نێو مەیدانی خەبات و شان بە شانی برایانی خۆیان لە بەشەکانی دیکەی ئێراندا بۆ وەدێهێنانی مافە نەتەوایەکانی خۆیان تێبکۆشن. هاوکات بوونی سەرهەڵدانی خەباتی چەکداری برا بەلووچەکان لە سیستان و بەلووچستان و برا عەرەبەکان لە ئەهواز، لە گەڵ برا پیشمەرگەکانیان دژ بە ڕێژیم لە کوردستاندا، دەتوانێ نموونەیەکی زیندوو بێت بۆ ئەو ورە بەخشینەی ڕاسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر گەڵانی دیکەی ئێران.

٣ – وەزنی و قورسایی حیزبی دێموکرات دوایی دەست پێ کردنی ئەم قۆناخە نوێیەی خەبات لە سیاسەت کردن لە وڵاتانی دەرەوە دا چوون دەبێت؟

ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست لە بارودۆخێکی ئاستەمدا تێدەپەڕێت. ئاڵوگۆڕەکان زۆر سەریعن و زۆر جار دۆخەکە بە ئاستێک دەگات بە سەخت ئینسان دەتوانێت پێشبینی سبەینێ بکات. ئەمەش وای کردووە کە سەرنجی بیروڕای گشتی جیهان بۆ سەر ئەو ناوچەیە زیاتر کۆبێتەوە. شەڕی داعشی سوونی هێشتا بەردەوامە و نیشانەی داعشی شیعەش بە سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی زیاتر خۆی دەردەخات. هێزە زڵهێزەکان سەرەڕای چاوپێکەوتنی بەردەوام نەیانتوانیە بۆ چارەسەری قەیرانەکە بە هیچ ڕێکەوتنێکی ڕوون و ئاشکرا بگەن. ئەوەش وای کردووە کەم و زۆر شکل و شێوەیەکی دوو قووتبی بە چەشنێکی سیستماتیک لەو ناوچەیەدا خۆی بنوێنێت. هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانە ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکەنە سەر خەباتی گەلی کورد بە گشتی و جۆڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

لەم قەیرانەدا بە خۆشیەوە گەلی کورد ڕۆڵێکی زۆر موسبەتی گێڕاوە، بە چەشنێک کە ئێستا پێشمەرگە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا وەک تاکە هێزێکی دێموکراتیک دژ بە کۆنەپەرەستی و دواکەوتوویی لە دونیادا دەناسرێت. ئەمەش شانازییەکی مێژوویە بۆ گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا. خۆشناوی و ئاشتیخوازی گەلی کورد و پێشمەرگە لەم قۆناغەدا وای کردووە کە هەموو دەرگایەکی دیپلۆماسی بە سەر گەلی کورددا ئاواڵە بێت و وڵاتان بە شانازیەوە پێشوازی لە دیپلۆماتکارانی کورد دەکەن. زۆر جار دووژمنانی گەلی کورد هەوڵی ئەوە دەدەن بە داڕشتنی تۆی ناکۆکی لە نێوان هێزەکانی کورددا ئەم دەرفەتە لە گەلی کورد بستێنن. هەر بۆیە ئەمە زەرورەتێکە کە گەلی کورد بە یەکڕێزی و یەکدەنگی پیڵانەکانی دوژمنان پوچەڵ بکات و پارێزگاری لەو دەرفەتانە بکات کە بۆی پێک هاتووە.

سەرەڕای ئیمزاکردنی پەیمانی ناوکی لە نێوان کۆماری ئیسلامی و گروپی ٥+١، بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئەو دەرفەتە بۆی پێک نەهات تا وەک وڵاتێکی موعتەبەر جێ پێی خۆی لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا بکاتەوە. کۆماری ئیسلامی هەروەک پێشتر لە لایەن زۆربەی وڵاتانەوە بە چاوی گومان سەیری دەکرێت و بە پشتیوانی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی و دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە نێو خۆی ئێراندا دەزانن. ئەمەش ئەوە دەگەینێت کە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرفەتێکی باش لە بەردەست دایە بۆ پتەوکردنی پێوەندییە دیپڵۆماسیەکانیان لە گەل وڵاتانی دەرەوە. لە قۆناغێکی ئەوهاشدا پێمان خۆش بێت یان نا، هێز کاریگەری خۆی هەیە. هەر بۆیە ڕاسانی حیزبی دێموکرات کوردستانی ئێران تەئسیرێکی موسبەتی لە سەر کاروباری دیپلۆماتیکی حیزب لە دەرەوەی وڵات دادەنێت. مەحکووم‌کردنی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبی دێموکرات و پشتیوانیکردنی مافە نەتەوەییەکان لە ئێراندا لە لایەن کۆنگرەی ئینترناسیوناڵ سۆسیالیست و یوئێن پی ئو، ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە ڕاسانی حیزب تەئسیرێکی ڕاستەوخۆی لە سەر ئەو هەڵوێستانە هەبووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە هەر چەندە حیزبی دێموکرات لە نێو خۆی کوردستان و ئێراندا ئاکتیڤ و چالاک بێت زیات دەتوانێت سەرنجی بیروڕای گشتی جیهان بۆ لای خەباتی ئاشتی خوازانەی گەلی کورد لە ئێراندا ڕابکێشێت.

٤ – بە گشتی ڕاو بۆ چوونی ئێوە لە سەر ڕاسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چی یە؟

ڕاسان یان حەرەکەتی حیزبی دێموکرات بە لەبەر چاوگرتنی شوێن و کات دەبێ لە ڕەوانگەیەکی مێژووییەوە سەیری بکرێت بە بێ لێکدانەوەیەکی بەم جۆرە، کە هۆکاری مێژوویی و شوێن و کاتی حەرەکەتەکە لە بەرچاو نەگیرابێت، زۆر بە زەحمەت دەتوانرێت لە ئەهمییەت و گرینگی ئەو تێ بگەیت.

لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، کە پێش لەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک حیزبێکی بە هێزی دژ بە کۆماری ئیسلامی لە مەیدانی خەباتێکی شێلگیرانەدا بوو تەنانەت هیچ دەرەتانێک بۆ ڕێژیمی بە جی نەهێشتبوو، لە بەر زۆر هۆکار خەباتی چەکداری خۆی ڕاگرت و پەنای بۆ خەباتی سیاسی و مەدەنی برد. ڕەنگ بێت ئەو شێوە خەباتە، کە لە زۆر بارەوە بە سەر حیزبدا سەپێندارا، بۆ ماوەیەکی کۆرت‌خایان گونجاو بوو بێت. بەڵام لە سەردەمی ئێستادا، کە ناوچەکە خەریکە ئاڵوگۆری بنەڕەتی بە سەردا دێت و تەنانەت خەریکە خەریتەی جۆغرافیایی ناوچەکەش تێک و پێک دەدرێت، ئەم شێوە خەباتە نەیدەتوانی وڵامدەری خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بێت.

لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا زۆر لایەن هەبوون کە خەونی ئەوەیان دەدیت و دڵیان خۆش دەکرد کە حیزبی دێموکرات هێزی لە دەست داوە و ئیتر ناتوانێت وەک پێشتر واردی سەحنەی خەبات بێت. تەنانەت لایەن وا هەبوو کە خۆیان به سیاسەتێکی دوو فاکتۆریەوە هەڵواسیبوو ناو ناتۆرەی کەمپ‌نیشینیان بۆ حیزب هەڵ دەبەست و خەونی ئەوەیان دەدیت کە خۆیان ڕێبەری خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستەوە دەگرن.

بێجگە لەوە کۆماری ئیسلامی و هاوپێمانانی زۆر هەوڵیان دەدا لە ڕێگای پرۆپاگەندەکانیانەوە وا خەڵک تێبگەینن کە ئیتر حیزبی دێموکرات لە سەحنەدا نەماوە. ئەوانە هەموویان هۆکارێکن کە دەسەلمێنن ڕاسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زەروورەتێکی مێژووی و هەڵوێستێکی مەسئوڵانەیە کە لە ڕاپەرەکانی مێژوویی حیزبی دێموکراتدا توومار دەکرێت.

لە سەر یەک ڕاسانی حیزبی دێموکرات دەنگ دانەوە و پشتیوانییەکی بەرین هەم لە ئاستی نێو خۆی و هەم لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا بە داوایی خۆی دا هێنا. هاوکات لە گەل ئەوەدا هەستی هاوخەباتی پێکەوە کارکردن لە نێو هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گەرم و گوڕتر کردووە. هەر بۆیە پێموایە ئەوە دەرفەتێکی زێرینە بۆ هێزە شۆرشگێرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی وحیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی، بۆ بە هێز کردنی ڕاسان و خەباتی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو دەرفەتە کەڵک وەربگرن و هاوخەباتیەک لە نێوان خۆیاندا پێک بێنن.