کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فیلمی \"شەقامی دوکتور قاسملوو\" بۆ خەڵاتی \"ئالومنا\"ی بریتانیا، کاندید کرا

13:18 - 27 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: فیلمی شەقامی دوکتور قاسملوو لە دەرهێنانی فەتحی میرزاییان بۆ خەڵاتی ئالومنای ساڵی ٢٠١٣‌ی زانکۆی سالفوردی بریتانیا کاندید کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوابەدوای ئەوەی کە فیلمی شەقامی دکتور قاسملوو لە فێستیڤاڵی فیلمی گوتام ئیسکرین لە نیۆیۆرک نمایش کرا، لەلایەن زانکۆی سالفوردی بریتانیاوە پێشوازیی لێ کرا.
دوکتور مارتین هاڵ لێپرسراوی ئەو زانکۆیە لە نامەیەکدا وێڕای دەربڕینی رێز و پێزانینی خۆی بۆ ئەو فیلمە و فەتحی میرزاییان دەرهێنەری فیلمی شەقامی دوکتور قاسملوو، ئەو دەرهێنەرەی بە کەسێکی سەرکەوتوو و نموونەیەکی باش بۆ خوێندکارانی زانکۆی سالفورد لەقەڵەم دا.
خوێندکارانی زانکۆی سالفورد رێوڕەسمێکیان بە مەبەستی رێز گرتن لە فەتحی میرزاییان پێک هێنابوو و فیلمی شەقامی دوکتور قاسملوویان لەدەرهێنانی ئەو سینەماکارە کوردە کاندیدی خەڵاتی ئالومنای ساڵی ٢٠١٣‌ی زانکۆی سالفوردی بریتانیا کرد.
ماوەیەک لەمەوبەریش لە فێستیڤاڵی نێودەوڵە‌تی گوتامی نیۆیۆرک خەڵاتی تایبەتیی رخنەگران (ئسپیشاڵ جیۆری) بە فیلمی سینەمایی شەقامی دوکتور قاسملوو بەخشرا.
لەو فێستێڤاڵە چەندین بەرهەمی سینەمایی لە وڵاتانی روسیە، ئیتالیا، ئوسترالیا، میسر، هیند، چین، فرانسە، مەجارستان، ئەمریکا، بریتانیا، ئێران و عێراق نمایش کران.

3081.jpg


فیلمی سینەمایی \'\'شەقامی دوکتور قاسملوو بەرهەمی کۆمپانیای مادینۆ فیلم لە نووسین و دەرهێنانی فتحی میرزاییان، لە هەرێمی کوردستان بەرهەم هێنراوە و سەرجەم ئەکتەرەکانی ئەو فیلمە پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانن.
ئەو فیلمە بە یارمەتیدەریی فاتیح ساڵحی شانۆکار و بەرپرسی ناوەندی نێرگز بۆ پەروەردەی فیکری و هونەریی منداڵان و مێر منداڵانی کوردستانی ئێران بەرهەم هاتووە.