کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فیلمی \"وەرزی کەرگەدەن\" لە شارەکانی تورکیە نمایش کرا

18:51 - 16 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: فیلمی سینەمایی وەرزی کەرکەدەن لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی لە سینەماکانی شارە جۆراوجۆرەکانی وڵاتی تورکیە نمایش کرا و لە راگەیاندنەکاندا رەنگدانەوەی هەبوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، فیلمی سینەمایی وەرزی کەرکەدەن Rhino Season لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد بەهمەن قوبادی، لە ٨٦ سینەمای شارە جۆراوجۆرەکانی وڵاتی تورکیە نمایش کراوە.
ئەو فیلمە دوای بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین وێنەگری بەشی سەرەکی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستیانی ئیسپانیا و خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین خولی رێوڕەسمی خەڵاتی ئیسکرین ئاسیا پەسیفیک (APSA) ناسراو بە ئوسکاری ئاسیایی لە وڵاتی ئوستراڵیا و هەروەها خەڵاتی بۆقی برونزی باشترین وێنەگری بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی، لە سینەماکانی تورکیە پیشان دراوە.
وەرزی کەرگەدەن دوایین بەرهەمی بەهمەن قوبادییە کە بە بەشداریی کۆمەڵێک هونەرمەندی ناوداری سینەما و میووزیکی ئێرانی و بیانی، لەوانە: بێهرووز وسووقی، مۆنیکا بلووچی، بێرن ساعەت، یەلماز ئەردووگان، بێلجین بێلگین، ئاڕەش لەباف و چەندین ئەکتەری دیکە، ساڵی پار لە شاری ئەستەنبووڵی تورکیە وێنەی گیراوە.

3269.jpg


رخنەگری ناوداری سینەمای تورکیە ئاتیلا دۆرسای سەبارەت بە وەرزی کەرکەدەن نووسیوویەتی: من فیلمەکەم پێی خۆش بوو، بە بڕوای من باشترین فیلمی بەهمەن قوبادییە. ئەم فیلمە تراژیدیایەک نیشانی بینەر دەدات و ئەو رووداوانەی کەلە ئێران و تەنانەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روو دەدات، دەخاتە روو.
کۆمپانیای وایلد بانچ کە مافی بڵاوکردنەوەی جیهانی فیلمی سینەمایی وەرزی کەرگەدەنی لە ئەستۆ دایە، لە داهاتوویەکی نزیکدا بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەم فیلمە لە وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمریکایی نمایش دەکات.