کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فیلمی \"وەرزی کەرگەدەن\" لە فیستیڤاڵی فیلمی \"دوبلن\" لە وڵاتی ئیرلەند نمایش کرا

15:11 - 5 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: فیلمی سینەمایی وەرزی کەرگەدەن لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی لە دەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبلن لە وڵاتی ئیرلەندا نمایش کرا.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، فیلمی سینەمایی وەرزی کەرگەدەن Rhino Season دوایین بەرهەمی سینەماکاری کورد بەهمەن قوبادی، دوای بەدەست هێنانی چەندین خەڵاتی گرینگی جیهانی، لە نوێترین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا لە دەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبلن لە وڵاتی ئیرلەند چووە سەر پەردەی سینەما.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دوبلن رێکەوتی ٢٦‌ی رێبەندان دەستی پێ کردووە و هەتا ٧‌ی رەشەمە بەدەوام دەبێت.
وەرزی کەرگەدەن لە دوایین بەشداری نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی سینەمای نوێی ئێران لە ٤١مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی رۆتێردام لە وڵاتی هوڵەند و هەروەها لە بەشی سینەمایی سەرکەوتوو لە ٣٦مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی گوتێنبێرگ لە وڵاتی سوێد نمایش کرا.
کۆمپانیای وایلد بانچ کە مافی بڵاو کردنەوەی جیهانی فیلمی سینەمایی وەرزی کەرگەدەنی لە ئەستۆ دایە، لە داهاتوویەکی نزیکدا بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەم فیلمە لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا نمایش دەکات.