کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فیلمێکی بەرهەمی منداڵانی کورد بۆ \"ئانگێلا مێرکێل\" نمایش دەکرێ

22:11 - 19 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: فیلمێکی بەرهەمی بەهمەن قوبادی و لە دەرهێنانی هەشت منداڵی کورد، بە ناوی ژیان لەسەر سنوور ڕۆژی سێ‌شەممە ١٠ی مانگی مەی، بۆ ئانگێلا مێرکيل سەرۆک وەزیرانی ئەڵمان نمایش دەکرێ.

فیلمی دێکۆمێنتاریی ژیان لەسەر سنوور Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد بەھمەن قوبادی کە لە لایەن ئانجێلینا جوولی Angelina Jolie ئەستێرەی بەناوبانگی سینەمای ھۆلیوود و باڵوێزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە فێستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم، ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان پشتیوانی لێ‌دەکرێت، بە ھەوڵی یۆنیسێف UNICEF سندووقی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی سێ‌شەممە ١٠ی مانگی مەی ٢٠١٦، لە نمایشێکی تایبەتدا بۆ ئانگێلا مێرکێل Angela Merkel سەرۆک وەزیرانی باڵای وڵاتی ئەڵمان نمایش دەکرێت.

فیلمی دێکۆمێنتاریی ٨ ئێپیزۆدیی ژیان لەسەر سنوور کە لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە؛ خەڵاتی باشترین فیلمی دێکۆمێنتاریی لە بەشی پێشبڕکێی یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئورووپا بە ناونیشانی ئێکۆ ÉCU لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕانسەی بەدەستھێناوە و لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، لە بەشی فیلمە دێکۆمێنتارییەکان لە پازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تیبوڕۆن Tiburon نمایش کرا و توانی خەڵاتی مرۆڤدۆستانەی ئەم فێستیڤاڵە سەربەخۆ سینەماییە بەدەست بێنێت و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فێستیڤاڵە گرینگە ئامریکاییەوە ITFF بە دروشمی تێگەیشتنی جیھان لە ڕێگای فیلمەوە، خەڵاتی زنجیری زێڕینی Golden Reel سینەما، بەم ھەشت منداڵەی شارەکانی کۆبانێ و شنگال پێشکەش کرا.