کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فێستیڤاڵی \"دیداری هێمن بۆ ئەدەبیاتی رۆژهەڵات\" لەشاری هەولێر دەستی پێكرد

21:55 - 19 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: فێستیڤاڵی دیداری هێمن بۆ ئەدەبیاتی رۆژهەڵات بەبەشداری شاندێكی حیزبی دێمۆكرات بەسەرپەرستی بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات و ژمارەیەك نووسەر و شاعیری هەر چوار پارچەی كوردستان دەستی پێكرد.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەرلە بەیانی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ١٩ی بانەمەڕ فێستیڤاڵی دیداری هێمن بۆ ئەدەبیاتی رۆژهەڵات كە لەلایەن یەكیەتی نووسەرانی كورد ـ مەڵبەندی گشتی و بە هاوكاری لێژنەی نووسەرانی رۆژهەڵات و هەروەها چاوەدێری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەكاریی بۆ كراوە، دەستی بەكارەكانی كرد.
ئەو فێستیڤاڵە سەرەتا بە راگرتنی خولەكێك بێدەنگی بۆ رێز گرتن لەشەهیدانی ئەهلی قەڵەم و فەرهەنگی كورد دەستی پێكرد و دواتر چەندین پەیام لەو پێوەندییەدا پێشكەش كران كە بریتین بوون لە:

ـ پەیامی سەرۆكی یەكیەتی نووسەرانی كورد لەلایەن كاكە مەم بۆتانییەوە پێشكەش كرا

ـ پەیامی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن زیرەك كەماڵـەوە خوێندرایەوە

هەر لەو پێوەندییەدا نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر چەند وتەیەكی لەسەر ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەكانیان بە بواری فەرهەنگ پێشكەش بە ئامادە بوان كرد.

لەبەشێكی دیكەی ئەو فێستیڤاڵەدا چوار نووسەر و لێكۆڵەر باسەكانی خۆیان لەپێوەندیی دۆخی شێعر و ئەدەبی كوردی پێشكەش بەبەشداران كرد كە بریتین بوون لە:

ـ سەبیحە فەتاحی ، باسێكی لەسەر شێوازی شێعر لە كوردستانی رۆژهەڵات بەتایبەت كرماشان و ئیلام پێشكەش كرد

ـ یوسف شوجاعی لەپێوەندیی ئاڤرەک ل سەر چاند و ئەدەبا كوردی لە قادا گۆڕینێ مێژووی چڤاك باسەكی پێشكەش كرد

ـ شەهرام میرزایی لەپێوەندیی ئەدەبی نوێی كوردی باشوور (کرماشان) بۆ بەشداران دوا و لێكۆڵینەوەكەی لەو پێوەندییەدا خستە بەر باس

ـ كەژاڵ فەداكار سەبارەت بە وێنە شێعرەكانی دیوانی وریا مەزهەر لێكۆلینەوەی ئەنجام دابوو و لەو فێستێڤاڵەدا پێشكەشی بەشدار بوانی كرد

بەشی یەكەمی فێستیڤاڵەكە كاتژمێر ١٢:٣٠ خولەك بە تێبینی و را و سرنجی بەشدار بوان كۆتایی پێهات.

فێستیڤاڵی دیداری هێمن بۆ ئەدەبیاتی رۆژهەڵاتبۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.