کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەڕانسە/ بەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کۆبوونەوەی پزیشکان و پەرستارانی رێکخراوەکانی (MDM) و(AMI)

15:57 - 1 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوی پزیشکانی جیهانی و یارمەتییە دەرمانییە نێودەوڵەتییەکان‌دا بەشداریی کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژانی شەممە و یەکشەممە رێکەوتی ٢٩ و ٣٠ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، خوسرەو عەبدوڵڵاهی، ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەری ئەو حیزبە لە وڵاتی فەڕانسە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی پزیشکان و پەرستارانی رێکخراوی پزیشکانی جیهانی(MDM) و یارمەتییە دەرمانییە نێودەوڵەتییەکانی(AMI) بەشداری کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا دوکتور بێرنارد گڕانژۆن و ٢٠ کەس لە پزیشک و پەرستارانی ئەو رێکخراوە جیهانییانە بەشداربوون.

بەشداربووان لە رۆژی یەکەمی ئەو کۆبوونەوەیەدا سەرەڕای چاوپێکەوتنی دووبارە و باس لە بیرەوەری و ئەزمونەکانیان لە کوردستان، باسێکی تێر وتەسەلیان لەسەر بارودۆخی ناوچەکە و بەتایبەت کوردستان کرد.

رۆژی دووهەمی کۆبوونەوەکە تەرخان کرابوو بە باسکردن لەسەر بارودۆخی گشتیی ئێران و خەباتی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران کە لەو پێوەندییەدا سەرەتا نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

خوسرەو عەبدوڵڵاهی لە قسەکانیدا باسێکی لەسەر دۆخی هەنووکەیی کوردستان و خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران پێشکەش کرد و پاشان وڵامی پرسیاری بەشداربووانی سەبارەت بەو بابەتە دایەوە.

لە کۆتاییدا دوکتور گڕانژۆن سەرەڕای سوپاس و پێزانین لە بەشداریی میوانان لەو کۆبوونەوەیەدا بە نوێنەرایەتی لەلایەن پزیشکان و پەرستارانی بەشداربوو لەو کۆبوونەوه، داوای لە نوێنەری حیزبی دێموکرات کرد کە رێز و سڵاوی گەرمی ناوبراو بە رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات بە تایبەت کادرەکانی نەخۆشخانەی حیزب بگەینێت.

ماوەی ١٠ ساڵە کە بە هەوڵی دوکتور بێرنارد گڕانژۆن(Bernard Granjon) سەرۆکی پێشووی رێکخراوی پزیشکانی جیهان هەموو ساڵێک کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژە لە یەکێک لە حەوتوویەکانی مانگی سپتامبردا (کە بە حەوتووی کوردستانلە ناوچەی مارسیMarseille ناودێر کراوە)، بە بەشداریی نوێنەر یا نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆبوونەوەی ژمارەیەک لە پزیشک و پەرستارانێک کەلە ساڵەکانی دەیەی ٨٠ و بەتایبەت سێ ساڵی سەرەتای دەیەی ٩٠ی زایینی هاتبوونە کوردستان و لە نەخۆشخانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (لە سەرەتای ئەو ساڵانە لە کوردستانی ئێران و پاشان لە کوردستانی عێراق) کاری دەرمانییان دەکرد، بەڕیوە دەچێت.