کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئەنجامی چەندین تەقینەوە لە شاری کەرکووک و دوزخورماتوو، نزیک بە ٢٠٠ کەس بوونە قوربانی

18:54 - 27 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: لە سێ‌ تەقینەوەدا لە شاری کەرکووک و دوزخورماتوو، ٢٠ هاووڵاتیی کوژران و ١٧٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
سەرلە بەیانی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧‌ی بەفرانبار لە شەقامی ئەتلەسی کەرکووک لە خاڵی پشکنینی بارەگایەکی رادیۆ و تەلەفزیون لە نزیک بارەگای رێکخراوە مەدەنییەکانی پارتی دێمۆکراتی کوردستان، ئوتومبێلیکی بۆمب‌ڕێژکراو تەقێەوە و ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
دوای تێپەڕینی کەمتر لە یەک کاتژمێر لەو رووداوە لە شەقامی تەربیەی کۆن ئۆتۆمبێلیکی دیکە تەقێنرایەوە و ئەو دوو تەقینەوانە بێجگە لە زیانی گیانی زیانێکی زۆری مادیشی بە دواووە بووە.
ژمارەیەک لە سەرچاوەکان باس لە کوژرانی ١٥ هاووڵاتیی و بریندار بوونی ١٤٧ کەس کردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا ماڵپەڕی سبەی لە دوایین ئاماردا رایگەیاندووە، لە ئەنجامی ئەو دوو سێ‌ تەقینەوەیەدا ٢٥ کەس کوژراون و ٢١٦ کەسیش بە توندی بریندار بوون.
ناوەندی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاندووە، تەنیا لە تەقینەوەی دووهەمەدا واتە لە شەقامی تەربیەی کۆن، ٣ کەس کوژراو و ١٧ کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەر لەو پێوەندییەدا و لە درێژەی تەقینەوەکاندا کەسێکی خۆکۆژ خۆی لە ناو بارەگای پۆلیسی فریاکەوتنی هەرێمی کوردستان لە دوزخورماتوودا تەقاندۆتەوە و دواتریش ئۆتۆمبێلیکی بۆمب‌ڕێژکراو لە هەمان شوێندا تەقێنراوەتەوە.
کاوە تاڵاوی، فەرماندەی پۆلیسی فریاکەوتن رایگەیاندووە، لەو تەقینەوەیەدا ٥ پۆلیس کوژراون و زیاتر لە ٢٠‌ی دیکەش بریندار بوون.
پێشتر بارەگای پۆلیسی فریاکەوتنی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی شاری دوزخورماتوو بوو، بەڵام دوای دروست بونی بارگڕژییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر ناوچە دابڕاوەکان ئەو بارەگەیانە برانە ناو شاری دوزخورماتوو.