کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محەممەد ساڵح قادری: دەوڵەتی تورک نایهەوێ‌ بە شێوەیەکی فەرمی PKK وەک بەردەنگ و لایەنێکی سەرەکیی پرسی کورد قەبووڵ بکا

15:32 - 23 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: دووحەفتەنامەی ئاگری وتووێژێکی لەبارەی دوایین ئاڵوگۆڕەکانی تورکیە لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورد لەگەڵ محەممەد ساڵح قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات پێکهێناوە.
دەقی وتووێژەکە:

ئاگری: بە رای ئێوە گۆڕینی ناوی BDP چ ئامانجێکی لە پشتەوە بووە و دەتوانێ چ کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەسەر خەبات و تێکۆشانیان بۆ کوردستانی باکوور دابنێ؟

قادری: بە رای من گۆڕینی ناوی حیزبە سیاسییەکان لە تورکیەدا، جیا لە ئاستەنگە سیاسییەکانی گرێدراو بە یاساکانی دادگای بەرز لە تورکیە، تەنیا پرسگرێکی سەرەکیی حیزب و رێکخراوەکانی سەر بە PKK نین، بەڵکوو ئەمە ناڕوونی ستراتیژیی سیاسیی BDPیە.

بەداخەوە بە هۆی ئەوەی کە ئەو حیزبە خاوەن سەربەخۆبوونێکی سیاسی و پێکهاتەیی نەبووە، هەموو کاتێک ئەگەری دەرکردنی بڕیار لە دەرەوەی ئیرادەی بەڕێوەبەریی خۆی و لەسەر ستراتیژی و پێکهاتەی ئەو حیزبە لایەن PKKـەوە هەبووە.

کە وابوو ئێمە دەبینین کە بە بیانووی جێ‌بەجێ‌کردنی قۆناغی سێهەمی پێڤاژۆی ئاشتی لەلایەن رێزدار ئۆجەلانەوە، ئەو بڕیارە درا کە BDP هەڵبوەشێندرێ و ئەندام و بەڕێوەبەرانی ئەو پارتەش تێکەڵ بە ( HDP حیزبی دێموکراتی گەلان) بن، کە چەپ و سکولارەکانی تورکیش جێگای خۆیانیان لە نێو ئەو پارتەدا کردۆتەوە. ئەو پارتەش وا بڕیارە کەلە رێگای سێ لقی خۆیەوە، کە بۆ کورد و عەلەوی و چەپەکانی تورک دایمەزراندووە، خەباتی خۆی درێژە پێ بدا. دەوترێ کە مەبەستی ئۆجەلان لە خەباتێکی بەم چەشنە، جێ‌بەجێ‌کردنی قۆناغی سێهەمی پێڤاژۆی ئاشتییە، کە خۆی لە گۆڕینی خەباتی شاخەوە بۆ خەباتێکی سیاسی و لەگەڵ لە تورکیەدا دەبینێ. سەرەڕای ئەمەش هەتا ئێستاش لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هیچ بڕیارێک بۆ جێ‌بەجێ‌کردنی ئەو قۆناغە لە رەوتی ئاشتی نەدراوە و رەنگبێ جێ‌بەجێ‌کردنی ئەم قۆناغەش پێویستیی بە پەسندکردنی هێندێک مادەی یاسایی لەلایەن AKPـەوە بێ.

ئاگری: ئێوە بەرەوپێشەوەچوونی ئەو پێڤاژۆیە چۆن دەبینن؟

قادری: هەروەک ئێمە دەزانین هەتا ئێستاش پێڤاژۆی ئاشتی نەکەوتۆتەوە چوارچێوەیەکی یاسایی کە پێناسەی وتووێژی فەرمیی نێوان PKK و دەوڵەتی تورکیە بە خۆیەوە بگرێ و لایەنێکی سێهەم چاودێری بەسەر ئەم وتووێژانەدا بکات.

هەتا ئێستاش لە لایەن دەزگای میتی تورکیەوە بە نهێنی لەگەڵ بەرپرسی بەندکراوی PKK چاوپێکەوتن کراوە کە ئەمەش بەو واتایەیە کە دەوڵەتی تورکیە نایهەوێ بە شێوەیەکی فەرمی PKK وەک موخاتەب و لایەنی سەرەکیی پرسی کورد قەبووڵ بکات و یان بۆ چارەسەریی پرسی کورد نیازپاکی سیاسی لە خۆی نیشان بدات.

سەرەڕای ئەم کێشانە، ئەوەی روون و ئاشکرایە ئەوەیە کە نە دەوڵەتی تورک و نە PKKـەش نایانهەوێ سەر لە نوێ شەڕ دەست پێ بکەن و هەر دوو لایەن باش دەزانن کە رای گشتی لە شەڕ بێزارە. کە وابوو سەرەڕای هێدی و لەسەرەوخۆ بەرەوپێشەوەچوونی ئەو رەوتەی ئاشتی، هەردوو لایەن نایانهەوێ ئەو رەوتە رابوەستێ.

ئاگری: بەڕێز ئۆجەلان رایگەیاندووە کە ئەگەر ئەو پێڤاژۆیە ئارام و لەسەرخۆ بڕواتە پێش و کرداری لەگەڵدا نەبێ، ئەوا ئەوانیش ناچارن کە خۆبەڕێوەبەریی کوردستانی باکوور راگەیەنن، ئێوە ئەم هەڕەشەیەی ناوبراو چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

قادری: لەراستیدا ئەوەی کە ئۆجەلان باس دەکا، دەتوانێ لە باشترین فۆرمی خۆیدا، لە بواری ئیداری و خزمەتگوزاری بۆ هێندێک لە ناوچەکانی کوردستانی باکوور بێ، ئەویش لەسەر بنەمای دامەزراندنی کانتۆن یان ویلایەت. بەڵام هەر کەس ئەم راستییە دەزانێ کە پرسی سەرەکیی کورد لە کوردستانی باکوور پرسێکی سیاسی و نەتەوەیی‌یە، واتە ئەو کێشەیەی کەلە سەد ساڵی رابردوودا گەلی کورد لە بە رامبەر سیاسەتی ئینکار وئاسیمیلەکردنی سیستماتیکی گەلی کورد لە لایەن کەمالیزمی تورکیەوە خەباتی بۆ کردووە.

لە رەوشێکی ئەوتۆدا ئالترناتیڤی هەرە باش خۆبەڕێوەبەریی دێموکراتیک نییە، بەڵکوو پێداگرییە لەسەر داخوازە سیاسی و نەتەوەیی‌یەکانی گەلی کورد، کە تەعبیر لە ناسنامەی کورد وەک نەتەوە و کوردستان وەک نیشتمانێکی سەر بەخۆ بکات، نەک خوەسەرییەکی ناڕوون و بێ هێمایەکی نەتەوەیی و ناوەڕۆکێکی سیاسی.

ئاگری: گەلۆ ئێوە رۆڵی PKK کە لەو قۆناغە هەستیارەدا، پابەند بە ئاگربەس بووە، چۆن هەڵدەسەنگێنن، مرۆڤ دەتوانێ ئەمە بڵێ کە ئەوان هەنگاوی بە کردەوەشیان هەڵگرت، بەڵام هیچ وڵامێکی پراکتیکیان لە لایەن دەوڵەتەوە وەرنەگرت؟

قادری: ئاشکرایە کە رۆڵی PKK چ وەک لایەنێکی شەڕ و چ وەک لایەنێک لە رەوتی ئاشتیدا زۆر گرینگ و هەستیارە. PKK باش دەزانێ کە ئەو دەسکەوتانەی کەلە رەوتی ئاشتیدا، چ لە ئاستی نێوخۆیی و چ لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە دەستی هێناوە، زۆر لەو نرخانە زیاترن کەلە شەڕدا داویەتی و سەرەڕای ئەمەش ئێستا بەڕێز ئۆجەلان لە گرتووخانە دایە.

هەر بۆیە نایانهەوێ ئەو رەوتە کۆتایی پێ بێت و شەڕ دەست پێ بکات، تەنیا لە کاتی پاراستنی رەوادا نەبێ. لە هەمان کاتدا هەرچەند کە تا ئێستا دەوڵەتی تورک هیچ بڕیارێکی جیددیی و ئاشکرای بۆ چارەسەریی پرسی کورد نەداوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێ کە دوای هەڵبژاردنی سەرکۆماری لەسەر بنەمای سیستەمی نوێ، ئەگەری پەسندکردنی هێندێک مادەی دەستووری هەبێ وەک پاکەتی چارەسەری، بۆ ئەوەی کە ئەو رەوتە بە شێوەیەکی یاسایی کە دەوڵەتی تورک دەیهەوێ چارەسەر بکات. لە رەوشێکی بەم شێوەیەدا هەرچەند کە PKK دەستکەوتێکی دیار و بەرچاوی سیاسی لە دەوڵەتیش وەرنەگرتبێ، بەڵام بەرژەوەندیی خۆی لە درێژەپێدانی شەڕدا نابینێ و هەوڵ دەدەن کە ئەو رەوتە بەردەوام بێ.
هەڤپەڤین/ ئاگری