کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: حیزبی دێموکرات هیچ دەستێوەردانێکی لە ناڕەزایەتییەکانی مەهاباددا نەکردووە

15:01 - 23 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: پاش لێدوانە لێک ناتەباکانی بەرپرسانی رێژیمی ئێران لەبارەی رووداوەکانی مەهاباد و کوردستان، رێبەرانی حیزبە کوردییەکان دەستێوەردانی خۆیان لەو رووداوانە وەدرۆ خستەوە.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دوای مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی کارمەندی هۆتێل تارای شاری مەهاباد و لێداونە لێک ناتەبا و ناکۆکەکانی بەرپرسانی رێژیمی ئێران لەمەڕ دەستێوەردانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە، ماڵپەڕی دۆیچەولە (Deutsche Welle) لەگەڵ مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتووێژێکی پێک هێناوە.

دەقی ئەم وتووێژە بەم چەشنە:

مستەفا هیجری سکرتیری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەمەڕ لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێران سەربارەت بە دەستێوەردانەکانی حیزبی دێموکرات لەو خۆپیشاندانەدا دەڵێت: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی مەهاباددا هیچ رۆڵێکی نەبووە و دەستێوەردانی نەکردووە.

هیجری لەو وتووێژ لەگەڵ دۆیچەولەدا جەخت دەکاتەوە، حیزبە کوردییەکان لەو رووداوە ئاگادار نەبوون و دوای ئەوەیکە خەڵک دژی ئەو کارەساتە مرۆیی‌یە ناڕەزایەتییان دەربڕی، حیزبە سیاسییە کوردەکان پشتیوانییان لەو خۆپیشاندانە کرد، بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لێدوان و وتەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران رەت دەکاتەوە و رایدەگەێنێت کە ئەو رووداوانە بە هۆی دەستدرێژی بە مافی خەڵک دێنە ئاراوە، نە بەهۆی هەڵخراندن و دەستێوەردانی حیزبە سیاسییەکان.

هەروەها سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە رەتی ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی رێژیمی ئێراندا وتی: ئەوەیکە خەڵک دروشمی سیاسییان نەداوە و نیسبەت بەو کردەوە دزێوەی دەست‌وپێوەندییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، ئەوە خۆی دەرخەری ئەوەیە کە حیزبە کوردییەکان هیچ دەستێوەردانێکیان نەکردووە و ئەگەر حیزبە سیاسییەکان دەستێواردانیان کردبایە، خەڵک دروشمی ئەو حیزبانەیان دەوتەوە و رووداوەکەیان سیاسی دەکرد و ئەوەش لە حاڵێک دایە ئەو رووداوە پێوەندی بە مەسەلەی سیاسییەوە نەبووە.

هیجری لە درێژەدا سەرەڕای داوکاری لە بەرپرسانی رێژیمی ئێران بۆ بەدواداچوونی ئەو رووداوە، جەخت دەکاتەوە کە کوردستان لە دۆخێکی ئاڵۆز دایە و خەڵک لەو رووداوە زۆر ناڕازین.