کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: دیکتاتۆریی حکوومەتەکان لە ناوەند هۆکاری سەرەکیی جیابوونەوەی کوردانە

16:05 - 26 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە وتووێژێکدا وێڕای پاڵپشتی لە راپرسیی سەربەخۆیی کوردستان رایگەیاندووە، سەرکوت و دیکتاتۆری هۆکاری سەرەکیی بەریان(گرایش)ی کوردان بۆ جیاییخوازییە.
رادیۆ ئاڵمان وتووێژێکی لەگەڵ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات کوردستانی ئێران لەبارەی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور پێکهێناوە.

لە سەرەتای ئەو وتووێژە هیجری لە وەڵامی پرسیاری بەڕێوەبردنی راپرسی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت: لە روانگەی ئێمەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کورد و باقی نەتەوە ستەم لی کراوەکانی ناوچەکە لە هەر لایەکدا بن مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانیان هەیە، لە بارەی ئەوەوە کە خەڵکی کوردی عێراق راپرسی بەڕێوە ببەن و لە راپرسیدا هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن، ئێمە پاڵپشتیی هەڵوێستی ئەوان کە ویستی و داخوازیی ئەوانە دەکەین، ئێستا ئەگەر دوای ئەو راپرسییە سەربەخۆیی رادەگەیەنن یان نا؟ ئەمە پرسێکە پێوەندیی بە خۆیانەوە هەیە و ئێمە لەو پێوەندییەدا دەستێوەردان ناکەین.

سکرتێری گشتیی حیزب سەبارەت بە نیگەرانیی ئێرانییەکان لەسەر پرسی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق و هاندانی کوردەکانی ئێران بۆ ئەوەی کە ئەو هەرێمە بکەنە سەرمەشق بۆ خۆیان وتی: من پێم وایە هەر هەناوێک کە بەرەو دێموکراسی و مافی دیاریکردنی چارەنووس لەلایەن نەتەوە ستەم لێکراوەکانی دانیشتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵبگیریەت، رێژیمی ئێران نیگەران دەکات، چونکە کۆماری ئیسلامی هیچ بڕوایەکی بەو مافە نییە و وروژاندنی پرسی سەربەخۆیی کوردستان رێژیمی ئێران تووشی ترس و وەحشەت کردووە و خۆی بە هەموو لایەکدا دەکوتێ هەتا پێش لەو هەوڵەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگرێت.

هیجری وتیشی: رێژیمی ئێران نیگەرانی ئەوەیە کە خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران کە حەشیمەت و هەرێمەکەشیان لە کوردستانی عێراق زیاترە، هانیان بدات هەوڵ بۆ دروستکردن و رەخساندنی وەها دۆخێک لەو هەرێمی خۆیاندا بدەن. هەڵبەت ئەمە کاریگەریی خۆی لەسەر کوردی کوردستانی ئێران و هەموو بەشەکانی کوردستان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە و تەنانەت کاریگەریشی لەسەر نەتەوەکانی دیکەی وەکوو بەلووچ و عەرەب و ئازەری لە ئێراندا هەیە.

مستەفا هیجری لە وەڵامی پرسیاری کارگەریی ئەو رەوتە کەلە عێراقدا دەستی پێ کردووە، لەسەر کوردەکانی ئێران وتی: من پێم وایە تێکڕای حکوومەتە دیکتاتۆرەکان و بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە تەنیا سەرکوت و پێێشلکردنی مافی نەتەوەکان بووەتە ئامرازی دەستیان، هۆکاری سەرەکیی هاندانی نەتەوەکان بۆ بەرەو لای جیابوونەوەیانە، سەرەڕای ئەوەی کە پێیان باشە لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەی کە تێیدا دەژین بمێنێننەوە و هاوتەریب لەگەڵ تێکڕای نەتەوەکان لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتدا بەشداری بکەن و مافی یەکسانیان هەبێ، هیچ رێگایەکی بۆ نامێنیتەوە و لە جیاتیی ئەمانە لە وەڵامدا سەرکوت دەکرێن و بە جیاییخواز و دەست و پێوەندیی ئیسراییل و ئەمریکا و دوژمنانی دیکەی خۆیان تۆمەتبار دەکرێن، کاتێک هیچ رێگایەکی بۆ نامێنیتەوە، بە ناچاری بەریانی جیابوونەوە و جیاییخوازی زیاتر دەبێت. ئەمەش کاردانەوەی خەڵکە لەهەمبەر هەوڵەکانی حکوومەتە دیکتاتۆرەکان. بە پێچەوانەوە لەو وڵاتانەی کە بەپێی یاسای دێموکراتیک مافی تێکڕای نەتەوەکان یەکسانە وەها ویستێک بە دی ناکرێت.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە کاریگەریی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق لەسەر کوردستانی ئێران وتی: کاریگەرییەکەی ئەوەیە کە ورەی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێرانیش وەکوو ئەوان بەرز دەکاتەوە و ئەو باوەڕە لە نێویاندا دروست دەکا لە سەرەنجام خەڵک دەتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، بەپێچەوانەی ویستی حکوومەتە دیکتاتۆرەکان و لە راستیدا ئەگەر سەربەخۆیی رابگەیەنن دەکرێ سەرمەشقێک بن بۆ کوردەکانی ئێران و کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستان.

هیجری وتیشی: پێکهاتینی حکوومەتێکی کورد لە دراوسێیی کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستان دەتوانێ پێگەیەکی جوغرافیایی کەلە ئەگەری گوشاردا لە بەشەدا بمیننەوە.

سەبارەت بە پێوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردی وتی: ئێمە ئێستا پێوەندییەکی باشمان هەم لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەم لەگەڵ زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی ئەو هەرێمەدا هەیە و لە ئەگەری سەربەخۆیی ئێمە هەروا هەوڵ دەدەین پێوەندییەکی دۆستانەمان لەگەڵیان هەبێت و بەرگری لە مافەکانیان کە مافی دیاریکردنی چارەنووسە بکەین.