کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسیی لە ناوچوونی مارمێلکەی خاڵ زەردی هەورامان

14:45 - 27 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: مارمێلکەی خاڵ زەردی هەورامان (رووە نیلە)، لە مەترسیی لە ناوچوون دایە و لایەنە پێوەندیدارەکانیش خۆیان بە بەرپرسیار نازانن.

لە سروشتی کوردستاندا کۆمەڵێک گیانلەبەری نایاب بوونیان هەیە کە بە هۆی بێ‌بەش بوون لە ئیمکانات و نەبوونی پێڕاگەیشتن و بەڕێوەبەریی دروست لە پارێزگاری کردنیان، ئەو گیانلەبەرانەی لە مەترسیی لەناوچوون نزیک کردۆتەوە.

ناوچەی هەورامان یەکێک لەو ناوچە خۆش هەوا و خۆش سروشتانەیە کە بە هۆی هاتنی بەردەوامی خاک و بارینی تەپ و تۆز، جوانی و تەڕ و تازەیی خۆی لە دەست داوە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوە کە زۆربەی گیانلەبەرانی نایابی ئەو ناوچەیە هەڕەشەی لە ناوچوونیان لێ بکرێت.

مارمێلکەی خاڵ زەردی ناوچەی هەورامان، یەکێک لە جۆرە نایابەکانی ژینگەیە کەلە چەندین لایەنی جۆراوجۆرەوە هەڕەشەی لە ناوچوونی لێ دەکرێت.

ئەو جۆرە مارمێلکەیە لە ناوچەی هەورامان بە رووەنیلە ناسراوە و پێستێکی رەش کە خاڵی زەردی بریقەداری لێ دەدرەوشێتەوە جوانییەکی سرنجڕاکێشی بەو گیانلەبەرە داوە.

رووە نیلە ١٥ سانتی‌میتر درێژیی هەیە و تەنیا لە نێو ئاوە زوڵاڵەکانی ناوچەی هەورامان، کە نیشانەی خاوێن و پاقژ بوونی ئەو ئاوەیە، بەرچاو دەکەوێ.

بە قاچاخ بردن، پیس بوونی ئاوی ژینگەی ئەو گیانلەبەرە، راگواستنی ئاوەکان بۆ شوێنە وەرزێرییەکان و رژانی پاشەڕۆی ئاژەڵان، گرینگترین هۆکارەکانی لە ناوچوونی ئەو گیانلەبەرەن.

کرین و فرۆشتنی رووەنیلە لە حاڵێک بە شێوەی ئازاد ئەنجام دەدرێت کە ئێران یەکێک لەو ٢٦ وڵاتەیە کە کونڤانسیۆنی جیهانیی کونترۆڵی بازرگانی ئەو گیانلەبەرانە، کە مەترسیی لەناو چوونیان لەسەرە، واژۆ کردووە و هەروەها روون نییە کە بۆ رێکخراوی پارێزگاری لە ژینگە، هیچ رێکار و کردەوەیەکی لەمەڕ پاراستنی ئەو جۆرە گیانلەبەرە ئەنجام نادات.

راگەیەنەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران