کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی بۆکانی بە تۆمەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەسبەسەر کرا

16:46 - 4 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی سەرکوتکەری ئێران لە شاری بۆکان، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری بۆکان بەناوی بێهزاد سەلیم‌زادە کوڕی ئەنوەر، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە هۆی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە شاخەکانی ئەو شارە دەسبەسەر کردووە.

دەگوترێ، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە بەرەبەری نەورۆز و بە هۆی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە شاخی بەردە زەردی ئەو شارە دەسبەسەر کراوه.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەرجۆرە زانیارییەک بە بنەماڵەی ناوبراو خۆ دەبوێرن.

لە لایەکی دیکەوە، لە بەرەبەری نەورۆزدا، هێزە حکوومەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر گوندی نێی مەریوان و چەند هاووڵاتیییەکی خەڵکی ئەو گوندەیان دەسبەسەر کرد.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەمە، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە بەرەبەری جێژنی نەورۆز، ٥ چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوەکانی موحسێن مورادی، ئاریوان شاکری، مێهران محەممەدی، عێرفان ساعدپەنا و سالار کازمی بانگهێشت و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا و پاش ئازاد کردنیان، چارەنووسی عێرفان ساعدپەنا خوێندکاری قۆناغی کارناسی باڵای بەشی زانستە سیاسییەکان هەتا ئێستا بە ناڕوونی ماوەتەوە.