کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیجری: رێژیمی ئێران، مل بە هیچ نادات

23:50 - 25 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سمینارێک لە واشینگتۆن وێڕای باسێکی تێر و تەسەل لەبارەی دۆخی هەنووکەیی رۆژهەڵاتی ناڤین و شیکارییەکی ورد لەسەر خەباتی حیزبی دێموکرات، سەفەرەکەی خۆی بۆ وڵاتی ئامریکا سەرکەوتوانە وەسف کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسی و هەروەها هاووڵاتییانی کوردی دەڤەری واشینگتۆن لە سمینارێکدا کە رۆژی یەکشەممە ٢٤ی جۆزەردان بەڕێوەچوو، گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین، ئێران و بەتایبەتی کوردستانی خستە بەر باس و بە شێوەیەکی شیکارانی لێکی دانەوە.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەرەتای ئەم سمینارە سیاسییەدا، باسی لە مەسەلەی ناوەکیی رێژیم ئێران و وتووێژەکانی نێوان ئەو رێژیمە و گرووپی ١+٥ی کرد.

مستەفا هیجری لەو بارەیەوە بە ئاماژەدان بە ئەگەریی هاتنەدیی رێککەوتنی ناوەکیی نێوان رێژیمی ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان و دەستکەوتی ئەو رێکەوتنە کە گەییشتنی دەستی رێژیمی ئێران بە کۆمەڵێکی بەرچاو سەرچاوەی ماڵییە، وتی: دیارە رێژیمی ئیسلامی ئەو سەرچاوانە بە هیچ شێوەیەک بۆ باشترکردنی بژێوی خەڵکی ئێران بە کار نابات، بەڵکوو دەیانخاتە گەڕ بۆ زیاتر کردنی دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکە و دەستێوەردانی زیاتر لەو ناوچە‌یە و ئەمەش زیادبوونی شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤینی بەدواوە دێت.

سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات لە درێژە‌دا باسی لە ئاڵۆزیی ئەم دوایانەی نێوان پەکەکە و حیزبی دێموکرات کە پەکەکە هێنایە ئاراوە و شەهیدێکی لێ کەوتەوە، کرد.

هیجری لەبارەی ئەو ئاڵۆزیانەوە رایگەیاند: هاتنە ئارای ئەم ئاڵۆزیانە کۆسپێکی گەورەیە لە سەر خەباتی رێگای رزگاریی کوردستان، بەڵام ئێمە هەموو هەوڵمان دەدەین کە ئەو ئاڵۆزیانە چیدیکە درێژە نەکیشن و ئەو شەهیدە نەبێت بە دوو شەهید، چونکە لە ئاکامی ئەو ئاڵۆزی و تێکهەڵچوونانە لە هەر لایەک رۆڵەیەک شەهید بێت، هەر رۆڵەی کوردە کە شەهید دەبێت و جیاوازییەکی نییە.

مستەفا هیجری لە درێژەدا بە پێداگریی لەسەر هیواداریی لە چارەسەربوونی کێشەی نێوان حیزبی دێموکرات و پەکەکە لە رێگای دیالۆگەوە، وتی کە تا ئێستا دوو جار لەگەڵ پەکەکە کۆ بووینەتەوە و کەشوهەوای کۆبوونەوەی دووهەم زۆر دۆستانە و برایانە بووە.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە درێژەی سمینارەکەدا باسی لە شێوازی خەباتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کرد و وتی: ئێمە هەموو رێگایەکمان بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد تاقی کردووەتەوە و لەو پێوەندییە‌دا تێچووی زۆرمان داوە، بەڵام رێژیمی ئێسلامیی ئێران بە هیچ شێوە بە بێ گوشار مل بە هیچ نادات.

هەروەها مستەفا هیجری باسی لەوە کرد کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئەگەرچی بۆ ماوەیەک شەڕی چەکداری راگرتووە بەڵام هیچ کات و لە هێج شوێنیک‌دا ئەو شێوازە خەباتەی رەت نەکردووەتەوە.

هیجری هەروەها لە پێوەندی لەگەڵ شێوازی خەباتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و لەسەر مێزبوونی هەموو شێوازەکانی خەبات پێی لەسەر ئەوە داگرت کە هەرکات پێویست بکات حیزبی دیموکرات دیسان خەباتی چەکداری دەست پێ دەکاتەوە.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە بەشێکی دیکەی ئەم سمینارەدا، باسی لە سەفەرەکەی خۆی بۆ ئامریکا کرد و ئەو سەفەرەی بە سەرکەوتوانە وەسف کرد.

هیجری لەو پێوەندییەدا رایگەیاند کە لەم خولە لە چالاکییە دیپلۆماتیکانەدا، وێڕای ئامریکا چەند وڵاتی ئورووپاییش لە بەرنامەی کاریدا هەن.

بەپێێ ئەم راپۆرتە، سمیناری سیاسیی مستەفا هیجری، بە تێبینی و پرسیاری بەشداربوان و وەڵامدانەوەی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆتایی پێهات.