کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیجری: رێکەوتنی ناوەکی، پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران دەخاتە پەراوێزەوە

23:10 - 28 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ رووداو، لێکدانەوە و روانگەکانی حیزبی دێموکراتی لەبارەی دۆخی هەنووکەیی رۆژهەڵاتی ناڤین، دانوستاندنە ناوەکییەکان و بارودۆخی سیاسیی ئێران پاش هاتنەسەرکاری رۆحانی دەخاتە بەر باس.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تۆڕی میدیایی رووداو لەم دواییانەدا وتووێژێکی لەگەڵ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بۆ چاوپێکەوتن و کۆبوونەوە لەگەڵ سێناتور و ئەندامان کۆنگرەکانی ئامریکا لە سەفەرێکدا لە واشینگتۆن بەسەر دەبات، پێک هێناوە.

هیجری لە وتووێژ لەگەڵ رووداو رایدەگەینێت کە بەمەبەستی هوشداری‌دان لەهەمبەر سیاسەتەکانی رێژیمی ئێران لە ناوچەکە ئەو سەفەرەی رێک خستووە.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو هەڤپەیڤینەدا جەخت دەکاتەوە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی پەرەپێدانی سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا گرووپی تیرۆریستیی داعش هەوڵی بەهێزکردنی ئەو گرووپە دەدات.

مستەفا هیجری لەو باوەڕە دایە کە رێکەوتنی ناوەکیی گرووپی ٥+١ لەگەڵ رێژیمی ئیسلامیی ئێران، توندوتیژی و سەرکوتی زیاتری هاووڵاتییانی لەلایەن ناوەندەکانی ئەو رێژیمەوە لێ دەکەوێتەوە.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆتاییدا پێداگری دەکات کە حیزبی دێموکرات ساڵانێک لەبەر بەرژەوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەباتی چەکداری راگرتبوو، بەڵام ئەم شێوەخەباتە بەردەوام یەکێک لە ستراتیژییەکانی حیزبی دێموکرات بووە و قەت بە تەواوەتی وەلا نەنراوە.

دەقی ئەم وتووێژەی بەم چەشنەیە:

رووداو: سەفەری ئێوە بۆ واشینگتۆن سەفەرێکی فەرمییە؟ ئامانج لەم سەفەرە چییە؟

مستەفا هیجری: من لەسەر بڕیاری خۆم سەفەرم کردووە بۆ ئامریکا و پێشتریش ئەم کارەم کردووە، ئەمجارە بە هۆکاری دۆخی تایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕی داعش و دانوستانە ناوەکییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ رێژیمی ئێران هاتوومەتە ئامریکا و مەبەستم لەم سەفەرە و ئەم خولە چالاکییە دیپلۆماتیکییە ئەوەیە کە خاڵە نێگەتیڤەکانی ئەو رێکەوتنە بۆ کوردەکان بە ئامریکاییەکان رابگەیەنم.
رووداو: لەگەڵ ئەندامانی کونگەره‌ی ئامریکا و سێناتۆرەکانی ئەو وڵاتە لەبارەی چییەوە قسەتان کرد؟!

مستەفا هیجری: من بەوانم راگەیاند کە رێکەوتن لەگەڵ رێژیمی ئێران بە مەرجی پێشگرتن لە دروستکردنی چەکی ناوەکی لەلایەن ئەو رێژیمەوە، رێکەوتنێکی خراپ نییە و بۆ دابین‌بوونی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە باش دەبێت. بەڵام خاڵی نێگەتیڤی رێکەوتنی ناوەکی، وەک لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان بۆ ئێمە زۆر گرینگە، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە رێژیمی ئێران داهاتێکی زۆری دەست بکەوێت و دەبێتە هۆی بە هێزبوونی ئەم وڵاتە لە ناوچەدا. رێژیمی ئێران بە لابردنی گەرامرۆ ئابوورییەکانی ئامریکا دەستی ئاوەڵاتر دەبێت و بە هاوپەیمانەکانی وەک رێژیمی بەشار ئەسەد، حیزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن یارمەتییەکی زۆرتر دەکات. هۆکارێکی دیکە داعشە. ئوباما وتوویەتی، ئێران و ئامریکا خاڵی هاوبەشییان هەیە، بەڵام ئێران لەگەڵ داعش شەڕ ناکات، رێژیمی ئێران بۆ بەکارهێنانی داعش بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی، دەیهەوێت ئەو گرووپە تێرۆریستییە بەهێز بکات. من بەپێی کۆمەڵێک زانیاری باوەڕپێکراوە کە لە ناوخۆی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەدەستی ئێمە گەیشتوون، باس لە بەهێزکردنی داعش لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە دەکەم. رووخانی موسڵ و رۆمادێ دوو شتن کە سەلمێنەری بەهێزکردن و پشتیوانیی رێژیمی ئیسلامی لە گرووپی داعشن.
رووداو: ئێوە دڵنیان کە داگیرکردنی موسڵ و رۆمادێ پلانی رێژیمی ئێران بووە؟

مستەفا هیجری: بەڵێ، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەبەر دەستدان پلانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ داگیرکردنی رۆمادێ و مووسڵ لەلایەن گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە جێبەجێ کراوە. ئەگەر بە درۆشمەکانی گرووپی داعش سەرنجتان دابێت، دژی شیعەن. بەڵام هێرش ناکاتە سەر ناوچە شیعەنشینەکان. کاتێک کە داعش مووسڵی داگیر کرد هەموو چاوەڕوانی ئەوە بوون کە داعش هێرش بکاتە سەر بەغداد بەڵام گرووپی داعش رووی شەڕەکەی لە سنوورەکانی کوردستان کرد، چونکە رێژیمی ئێران ئەمەی دەویست. رێژیمی ئێران دەیهەوێت شارستانیەت، شوناس، هونەر و فەرهەنگی عێراق لە ناو ببات. جگە لەوە رێژیمی ئێران دەیهەوێت عێراق بکات بە ئێرانێکی دیکە، رێژیمی ئێران دەیهەوێت دڵنیا بێت کە عێراق لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو دایە، رێژیمی ئێران لەلایەکەوە هێرشەکانی گرووپی داعش بۆ سنوورەکانی کوردستان رادەکێشێت و لە لایەکی دیکەشەوە دەڵێت، هاتووین یارمەتیتان بدەین. بەداخەوە رۆژئاوا ئاگاداری سیاسەتەکانی رێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا نییە و دەمانهەوێت ئەو زانیارییانە بە دنیای رۆژئاوا رابگەینین.
رووداو: ئێوە دەڵێن ئامانجەکانی رێژیمی ئێران لە دەستێوەردان لە عێراق تەنیا سیاسی و نیزامی نین و بە لەناو بردنی فەرهەنگ و شارستانیەتی عێراق، هەدەفی فەرهەنگیشی هەیە؟

مستەفا هیجری: بە دڵنیاییەوە؛ ئامانجەکانی رێژیمی ئێران درێژ خایەنن، دەیهەوێت لە داهاتوودا کاریگەر و نفووزی لە عێراقدا بمێنێت و ئەمە بە لەناوبردنی فەرهەنگ و شارستانیەتی عێراق روو دەدادت. ئەم سیاسەتەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران تەنیا لە عێراق نییە و لە سووریە و یەمەن و هەر شوێنێکی دیکەیش کە بتوانێت، جێبەجێ دەکرێت.
رووداو: رێکەوتنی ناوەکی لەگەڵ رێژیمی ئێران چ کاریگەرییەکی نێگەتیڤ لەسەر پرسی نەتەوەیی کورد دادەنێت؟

مستەفا هیجری: ئێمە ئەم مەترسییەمان بینیوە و بە بەرپرسانی ئامریکاییمان راگەیاندووە کە رێکەوتنی ناوەکی دەتوانێت پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران بخاتە پەراوێزەوە. نیگەرانی ئەوەین کە ئامریکا پاش رێکەوتن چیدیکە سەرنج نەداتە توندوتیژییەکانی رێژیمی ئێران لەو وڵاتە. ئێران بەپێی گەمارۆ ئابوورییەکان ناتوانێت چەک بفرۆشێت بەڵام لەو ماوەیەدا لانیکەم ١٠ میلیارد دولار چەکوچۆڵی بە عێراق فرۆشتووە. چەکدارکردن و پڕچەک‌کردنی گرووپەکان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە پرسێکی دیکەیە کە ئامریکا لەبەر دانوستانە ناوەکییەکان لەبەرچاوی نەگرتووە. لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان هیچ بەرژەوەندییەکی بۆ خەڵک نییە و هەموو داهاتەکە بۆ وەدیهاتنی ئامانجە سیاسییەکانی رێژیم لە ناوچەکە تەرخان دەکرێت.
رووداو: هەڵوێستی ئامریکا لەبارەی رووداوەکەی مەهابادەوە جێگای رەزامەندی بوو؟

مستەفا هیجری: ئامریکا هیچ هەڵوێستێکی لەبارەی ناڕەزایەتییەکانی مەهابادەوە نەبوو. سەدان کورد ئێستا لە زیندانن و خراونەتە ژێر ئەشکەنجە. رێژیمی ئێران دەیهەوێت ئەو بەندکراوانە بە توندی سزا بدات تاکوو بەو شێوەیە خەڵک بترسێنێت.
رووداو: کاناڵێکی پەیوەندی بۆ وتووێژ و دانوستاندنتان لەگەڵ رێژیمی ئێران بۆ گەییشتن بە رێکەوتنێکی سیاسی لەگەڵ ئەو رێژیمە لەسەر دۆزی کورد هەیە؟

مستەفا هیجری: ئێمە لەگەڵ رێژیمی ئێران هیچ پەیوەندییەکمان نییە و پێم وانییە رێژیمی ئێران هەنگاوێک بۆ نەتوەکان و کەمینە ئایینییەکان هەڵبگرێت. رێژیمی ئێران باوەڕی بە مافی کەمینە ئایینییەکان و کوردەکان نییە. ئێمە بەو راستییە گەیشتووین کە دانوستان لەگەڵ رێژیمی ئێران بێهوودەیە. هۆکارەکەشی ئەوە نییە کە ئێمە باوەڕمان بە دانوستان نییە بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە رێژیمی ئێران باوەڕی بە وتووێژ و دیالۆگ نییە. دوکتور قاسملوومان کاتێک لە دەستدا کە دەمانهەویست لەگەڵ رێژیمی ئێران لە ڤییەن دانوستان بکەین و دوکتور قاسملوویان شەهید کرد.
رووداو: بارودۆخی کۆمەڵایەتی- سیاسیی کوردەکان لە کاتی هاتنە سەرکاری رۆحانیـیەوە باشتر بووە؟

مستەفا هیجری: پێویستە لێرەدا بڵێم کە مەسەلەی گوڕینی کاربەدەستان لە ئێران رواڵەتییە. کەسانێک کە ئێران هەڵدەبژێردرێن یەک ئایدیۆلۆژییان هەیە. بەڵێنەکانیان بۆ کاتی هەڵبژاردن و هێنانی خەڵک بۆ سەر سندۆقەکانی دەنگدانە بەڵام هیچ کام لە بەڵێنییەکانیان ناچنە بواری جێبەجێ‌کرانەوە.
رووداو: دەتانهەوێت خەباتی چەکداری بە دژی رێژیمی ئێران دەست پێ بکەنەوە؟

مستەفا هیجری: دەمانهەوێت تێکۆشانی خۆمان لە رێگەی پێشمەرگەکانمانەوە پەرە پێبدەین. ئێمە نامانەوێت بە شێوەی راستەوخۆلەگەل ئێران شەڕ بکەین بەڵام دەمانەوێت پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە خاکی ئێران بوونیان هەبێت و لەگەڵ خەڵکی کوردستان پەیوەندییان هەبێت. بەڵام ئەگەر رێژیمی ئێران هێرش بکاتە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، سروشتییە کە ئەمانیش لە خۆیان بەرگری بکەن.
رووداو: خەباتی چەکداریی ئێوە، بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی دیپلۆماتیکی بە دواوە نابێت؟

مستەفا هیجری: ئەگەری هەیە کە رێژیمی ئێران حکوومەتی هەرێمی کوردستان بخاتە ژێر گوشارەوە. ئێمە لە مێژە کە خەباتی چەکداریی خۆمان بەهۆی لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان راگرتووە. بەڵام ناتوانین بۆ هەمیشە وابین و خەباتی چەکداری وەلابنێین. پێم وایە دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری کۆمەڵێک کێشە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکات بەڵام ئەگەر حیزبە سیاسییەکانی کوردستان هاودەنگ بن دەتوانن لە دروست‌بوونی هەر چەشنە کێشەیەک بۆ حکوومەتی هەرێم لەلایەن رێژیمی تارانەوە پێشگیری بکەن.