کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئەمنیەتییەکان چاوپێکەتنی رۆژنامەنووسان و راگەیەنەکانیان لەگەڵ قوتابیانی شیناوێ‌ لە ئیسفەهان قەدەغە کردووە

14:28 - 4 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: قوتابییانی سووتاوی قوتابخانەی شیناوێ‌ لەو کاتەوەی کە رەوانەی نەخۆشخانەی شاری ئیسفەهان کراون، لە چاوپێکەتن لەگەڵ رۆژنامەنووسان بێبەری کراون.
شەش قوتابیی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی ئاوایی شیناوێ‌ لە شاری پێرانشار ماوەی نزیک بە یەک مانگە بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری ئیسفەهان کراون.
بە وتەی لێپرسراوانی ئەو نەخۆشخانەیە لە ماوەی ئەو یەک مانگەدا هیچ رۆژنامەنووسێک ئیزنی ئەوەی نەبووە کە بتوانێ‌ لەگەڵ ئەو قوتابییانە وتووێژ بکات، یان ئاگاداری بارودۆخیان بێت.
هەر لەو پێوەندییەدا ناوەندە پێوەندیدارەکان هۆکاری ئەو چاوپێنەکەتنەیان گەڕاندۆتەوە بۆ لایەنی پزیشکی و رایانگەیاندووە، لە بواری پزیشکییەوە بە باشی نازانن کە سەردانی ئەو سووتاوانە بکرێ‌ چونکە ئەگەری هەو کردن عفونەتی ئەو قوتابییانە روو لە زیاد بوون دەکات.
ئەو لێدوانانە لە کاتێک دان کە هێندێ‌ لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی ناو ئێران باس لەوە دەکەن، دۆخی جەستەیی ئەو قوتابییانە بەرادەیەک خراپ و دڵتەزێنە کە ناهێڵێن هیچ کەس بیانبینێ‌ و وێنەیان لێ‌ بگرێت.
دوای تێپەڕینی نزیک بە دوو مانگ لە ئاگرگرتنی پۆلی چواری سەرەتایی قوتابخانەی شیناوێ‌، دۆخی جەستەیی ١٠ قوتابیی ئەو رووداوە جێگیر نییە و لەو پێوەندییەدا قامکی دەستی سێ‌ کچە قوتابیی بە هۆی سووتانی زۆر، بڕدراوەتە.
لەحاڵی حازردا ٦ قوتابیی قوتابخانەی شیناوێ‌ لە نەخوشخانەی سووتانی ئیسفەهان و یەک کەس لە نەخۆشخانەی سینای تەورێز و ٣‌ی دیکەش لە نەخۆشخانەی شاری مەشهەد دان.
رێژەی سووتانی ئەو ١٠ قوتابییە بە رادەیەکە کە پزیشکەکان بە ناچاری قامکی سێ‌ قوتابیی کچی ئەو رووداوەیان بڕیوەتەوە.
هەرچەندە رەسووڵ خزری نوێنەری مەجلیسی رێژیم بە بەردەوامی لە راگەیەنەکان دۆخی قوتابییانی بە باش وەسف کردووە، بەڵام بڕینەوەی قامکی ئەو قوتابییانە باس لە ناجێگیر بوونی تەندروستیان دەکات.
هەر لەو پێوەندییەدا فەریدوون عابدینی بەرپرسی نەخۆشخانەی ئیسفەهان بە هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێرانی راگەیاندبوو، دوو کەس لەو قوتابییانە تووشی هەوکردن (عفونەت)ی دڵ و گورچیلە بوون و تەندروستییان باش نییە.
ئەو پزیشکە ئاشکراشی کردبوو، ئەو قوتابییانە لە ماوەی راگرتنیاندا لە نەخۆشخانەی شاری تەورێز بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی، لە رێگای نەریتییەوە کەڵک وەرگیراوە و هەر بۆیەش ئێستا تووشی ئەو حاڵەتانە بوون.