کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەزاران پەپوولە پێشوازییان لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پێشەوا کرد

22:38 - 14 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: دوو هونەرمەندی شێوەکاری ناسراو و پەنجە نەخشینی کورد، لە پرۆژەیەکی هونەری‏دا، بە ٣٠٠٠ پەپوولەوە پێشوازییان لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پێشەوا قازی محەممەد کرد.

شۆڕش ئاهی و ئاسۆ مامزادە، دوو شێوەکاری پەنجە ڕەنگین و لێهاتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە شاری هەولێر پڕۆژەیەکی هونەرییان لە ڕۆژی ٣٠ی ئاوریلەوە دەست پێکرد و لە سێ ڕۆژ کاری چڕ و بەردەوامدا، بە بۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کوردستان لە قەڵای ئارمائیت بەڕێوە برد.

ئاسۆ مامزادە لە پەیوەندی لەگەڵ بیرۆکەی ئەم کارە هونەرییەدا بە کوردستان میدیای ڕاگەیاند؛ بیرۆکەی ئەو پڕۆژەیە ڕۆژی ١٠ی بانەمەڕ لامان دروست بوو و بە کاری چڕوپڕ توانیمان ڕۆژێک پاش ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پێشەوا کارەکە ئامادە بکەین. بەدڵنیاییەوە لەڕووی هونەرییەوە کاری زیاتری ماوە و دەیتوانی جوانتر بێت، بەڵام لەبەر کەمیی کات نەمانتوانی کاری زیاتری لەسەر بکەین.

ناوبراو سەبارەت بە ڕێژەی ٣٠٠٠ پەپوولە لەم پڕۆژەدا ڕوونی کردەوە؛ سەبارەت بە ڕێژەی ٣٠٠٠ پەپوولەش، بەڕاستی هەر فریای بڕینی ئەوەندە پەپوولەیە کەوتین، دەنا واتایەکی تایبەتی نیە.

ئاسۆ مامزادە سەبارەت بە ئامانجی بەڕێوەبردنی ئەم پرۆژەیە گوتی؛ ئامانجی ئێمە لەو پڕۆژە هونەرییە، وەبیرهێنانەوەی هەرچی زیاتری ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پێشەوایە، لە وڵاتی ئێمە ئەوەندەی بایەخ بە ڕۆژی مردن دەدریت، ئەوەندە بایەخ بە لەدایکبوون نادرێت، ئەویش لەدایکبوونی پێشەوا قازی محەممەد وەکوو یەکێک لە گەورەترین سەرکردەکانی کورد و داهێنەری بیری دەوڵەتداریی مۆدێرن لە کوردستان.

هونەرمەند شۆڕش ئاهی کە بۆخۆی کوڕی شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە سەبارەت بە ئامانجی پرۆژە هاوبەشەکەیان گوتی؛ دوکتور قاسملوو لەبارەی پێشەواوە دەڵێ: پێشەوا کە چووە سەر دار پەیامێکی بۆ بەجێ هێشتین. گرینگترین لایەنی پەیامەکەی پێشەوا بە بۆچوونی من ئەوەیە کە یاد، ناو و ڕێبازەکەیمان لەبیر نەچێت. ئەم پڕۆژەیەش هەر لە ڕاستای ئەو ئامانجەدا بوو، کە پێشتریش بە دروستکردنی پەیکەری پێشەوا و کێشانەوەی چەندین شێوەکاریی دیواریی وێنەی پێشەوا لە بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات ویستم بە ڕۆحی پێشەوامان بڵێم، پەیامەکەت بە ئێمە گەیشتووە و ئێمەش وەکوو جەنابت گیان و ژیانمان بۆ تەرخان کردووە. ویستوومە بە ڕۆحی هەردەم زیندووی پێشەوامان بڵێم گەورەم! ڕۆڵەکانت بەشی زۆری ڕێگای گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانی تۆیان بڕیوە و بەبێ ماندووبوون بەڕێوەن تاکوو هەڵدانەوەی ئاڵا گەورەکەی یەکەمین دەوڵەتی مۆدێڕنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە لە خاکی پیرۆزی کوردستان و لەژێر سەرکردایەتی جەنابتدا هەڵکرا.

ناوبراو سەبارەت بە خودی بەرهەمەکەش بە کوردستان میدیای گوت: ئەم کارە بە شێوەی ئینستالەیشن کراوە، واتە ویستوومانە بەردەنگ ڕابکێشینە نێو کارە هونەرییەکەوە، یانی بەردەنگ هەست بکات یەکێک لەو پەپوولانەیە کە بەرەو گوڵی ڕۆحی پێشەوا دەفڕێت. ویستوومانە بینەری ئەم تابڵۆ هونەرییە لە جوانییەکی سروشتیدا، خۆی بە تێکەڵی ڕێباز و فکرەکەی پێشەوا بزانێت. هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە: ئامانجمان لەم جۆرە کارانە، جودا لە لایەنی جوانیناسییە هونەرییەکەی، ئەوەیە کە یادکردنەوەی هێما نەتەوەییەکانمان ببێت بە تێم و بنەباسی کاری هونەرمەندان و داهێنەرانی گەلەکەمان، بۆ ئەوەی لە ڕێگای جوانیی ئەو بەرهەمە هونەرییانەوە، لایەنە جۆربەجۆرەکانی کەسایەتیی ڕێبەرێکی گەورەی وەکو پێشەوا زیاتر بکەوێتە بەر سەرنجی تاکی نەتەوەکەمان.

شایانی باسە کە ئارمائیت یەکێک لە قەڵا بەناوبانگەکانی سەردەمی ئیمپراتۆریی مادەکان بووه.

14621.jpg

14622.jpg

14623.jpg

14624.jpg

14625.jpg