کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژی گۆڤاری \'\'واڵاپرێس\'\' لەگەڵ مستەفا هیجری ژمارە ٦٦ (بەشی پێنجەم)

21:44 - 5 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات وتووێژیکی لەگەڵ گۆڤاری واڵاپرێس پێکهێناوە کە بەم شێوەیە لە ژمارە ٦٦ی ئەو گۆڤارەدا بڵاو بووەتەوە.
هيجرى: ئۆردوگانشینی ئەگەر دانیشتبین پاڵمان لێ دابێتەوە و هیچ نەکەین رەنگە ئەو قسەیە بڕێک راست بێت، بەڵام کار و تێکۆشانی حیزبی ئێمە هەر بەردەوام بووەو نەوەستاوە، پژاکیش وەک عەرزم کردی ئەوە دوو ساڵە ئاگربەستی لەگەڵ کۆماری ئسلامی ئێران ئیمزا کردووە و لە قەندیل دانیشتووە، فەرقەکەی ئەوەیە ئەو لە قەندیل دانیشتووە، ئێمە لێرە دانیشتووین، ئەگەر مەسەلە دانیشتن بێت.
واڵاپرێس: مەبەستت ئەوەیە‌ئیمزا کردنی تاکتیکە؟ ئێران لەگەڵ پژاک دەیکات یان ئێران دەیەوێت دەستی پژاک ئاوەڵاتر بکات؟

هيجرى: نازانم چیان دەوێت، بەڵام ئەوەندە دەزانم ئاگربەستیان ئیمزا کردووە و دوو ساڵە هیچیش ناکەن (بەپێکەنینەوە).
واڵاپرێس: بەوەدا پێ دەکەنی دیارە شتێک دەزانی کە لەنێوان ئێران و پژاک هەیە؟

هيجرى: من عەرزم کردی مەسەلەی پژاک مەسەلەی پەکەکەیە، پەکەکە پێی وتووە ئاگربەستەکە ئیمزا بکە، ئیمزای کردووە، ئەگەر سبەینێ بڵێ بیشکێنە، دەیشکێنێ.
واڵاپرێس: کۆمێنتێکی تر دەڵێت هەردوو دێموکرات شەڕی خۆیان راگەیاندووە لەگەڵ پەیەدە و پژاک و پەکەکە ئیتر هاوکاری چی واتا شەڕێکت هەیە؟

هيجرى: هیچ شەڕێکمان لەگەڵ هیچ لایەنێکی کوردی نیە، بەڵام لەهەمان حاڵدا خۆمان بەملکەچی هیچ لایەک نازانین و هەر لایەنێک ئەگەر رەخنەمان هەبێت زۆر بە راشکاوانە رەخنەی خۆمان دەڵێین و رەخنەگرتن‌بەمانای دوژمنایەتی و بەربەرەکانی نییە، پێم وایە هەر هێزێکیش خۆی بە دێموکرات بزانێت دەبێت گوێی لە رەخنە بێت.


واڵاپرێس:
پاش دیدارەکەی تۆ لەگەڵ تەلەفیزیۆنی رووداو لەم رۆژانەدا پژاک تۆی بە هاوهەڵوێستی لەگەڵ قاعیدەی تیرۆریست تۆمەتبار کردووە راگەیاندنێکیان داوە کە مستەفا هیجری لەگەڵ قاعیدە هاوهەڵوێستە بەو پێیەی کە تۆ وتووتە پەیەدە دیکتاتۆرە، ئەم بۆچوونە پێت وایە کارێکی نابەجێیە؟

هيجرى: لەمێژە ساڵە گوێمان لەو شێوە دەربڕینانە دەبێ‌لە کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا ئێمە کە داوای سەرەتایترین مافەکانی گەلی کورد دەکەین خەباتی بۆ دەکەین پێمان دەڵێن ئەوە نۆکەری ئیسرائیلە، ئەوە نۆکەری ئەمریکایە، نازانم سەردەمێک دەیان گوت نۆکەری سۆڤیەتە و عادەتمان گرتووە بەو بەرچەسپانە پێی ناڕەحەت نابین، ئەوە لە بۆچوون و فیکری بەرتەسکی ئەوانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە تەنیا خۆیان بە راست‌ و حەق دەزانن ‌و باقی‌دیکە بە ناحەق ‌و ناڕەوا، بەو پێیە دەبێ‌هەموو کەس ملکەچیان بێ‌‌و تەنیا پێیان هەڵبڵێت ئێمە هەر ئەو کاتەی فتوا دراوە دژی کوردی سووریە دەفتەری سیاسی ئێمە بەیاننامەی‌داوە ‌و ئەوەمان مەحکووم کردووە لەوێشدا داوامان کردووە هێزەکانی کوردی سووریە بە هەماهەنگی و پێکەوە بتوانن لەبەرامبەر ئەو هێزانەدا بەربەرەکانێ بکەن.
واڵاپرێس: بۆچوونێک هەیە کە هێزەکانی رۆژئاوا کوردەکانی رۆژئاوا دابەشبوون بەسەر سلێمانی، هەولێر، قەندیل واتە مەبەستم ئەوەیە یەکیەتی و پارتی و پەکەکە دەخالەت لە ئیشی ئێوە دەکەن یان هەر یەکێک لەوانە وابەستەیە بەمانەوە، پێت وایە ئەمە ئەگەر راستە تا چەند کاریگەری دەبێت یان زەرەر دەدات لە کوردەکانی رۆژئاوا؟

هيجرى: من پێم وایە هەریەک لە پارتی و یەکیەتی کاریگەریان هەیە لەسەر هێزەکانی کوردی رۆژئاوا، ئەوەش زەرەری داوە لە یەکگرتوویی کورد لەو بەشەدا.
واڵاپرێس: لە کوردستانی باشوور تا کەی ئێوە لێرە ئۆردووگانشین دەبن، من هەست دەکەم ناڕەحەتی دەبینم بە دەموچاوی تۆوە، راستە تۆ پێت وایە کوردستان موڵکی هەموو کەسێکە، بەڵام لەوانەیە جاروباریش وا بیر کەیەوە تا کەی ئێمە ئۆردووگانشین بین و لەوانەیە گلەیت لە یەکیەتی و پارتی هەبێت، لە ماوەی رابردوودا قوربانی زۆرتان داوە ئێوە زیاتر لە 300 کەستان تیرۆر کراوە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا یان لەو ناوچە جوگرافییە دوو سکرتێرەت شەهیدبووە ئەرک و کاری ئەو هەموو خێزان و خانەوادەیە بەسەر شانی تۆ و حیزبەکەتەوەیە، بەهەمان شێوە حیزبەکانی تریش تا کەی وا دەبن، ئێستا باسی یەکگرتنەوەت کرد خەباتی چەکداری ناکەن و رێگا نییە بچنەوە و بەرەی جەبهەتان نییە لە پشتەوە ئەمریکا ئێوە و هەموو مەنتیقەی ئێرانی لە چاوەڕوانیدا هێشتووەتەوە، دەمێک سازش دەکات، دەمێک هێرش دەکات بیر لەچی دەکەیەوە بۆ رزگاربوون لەم دۆخ و قەیرانانە؟

هيجرى: راستییەکەی ئەوەیە کە ئێمە ئێرەمان هەڵنەبژاردووە بۆ ئەوەی کە لێی بمێنینەوە یان هەرێمی کوردستانی عێراق هەڵبژاردنی خۆمان نەبوو، وەزعیەت و هەلومەرجەکە وای لێ کردووە کە ئێمە لەو مەنتیقەدا جێگیر بین، ئەوەش چونکە بۆ خۆمان دیاریمان نەکردووە، بۆ خۆمان هەڵنەبژاردووە، پێمان ناخۆشە مانەوە لێرە، ئێمە هەمیشە چاوەڕوانین و ئیش دەکەین بۆ ئەوەی رۆژێک بگەڕێینەوە ناو خەڵکی خۆمان لە کوردستانی ئێراندا، لەنێو ئەواندا ئیشی خۆمان بکەین، ئەرکی‌ئێمەش ئەوەیە، بەڵام ئەو وەزعیەتە شتێک نییە کە بۆ خۆمان بەتەنیا بتوانین بیگۆڕین، دەبێت هەلومەرجەکە موناسب بێت لەگەڵ ئەوەی ئێمە پێمان ناخۆشە لێرە بمێنینەوە، لێرە ماندووین، خەڵکەکەش هەر ئەو چاوەڕوانییەی هەیە، بەڵام ئەوە شتێک نییە بەتەنیا بەهێز و توانای ئێمە جێبەجێ بێت، بۆیە عەرزم کردی لە پرسیارەکانی پێشوشدا ئێمە چاوەڕوانین فرسەتێکی مناسب لەو پێوەندەدا بێتەپێشێ تا بتوانین لەنێو خەڵکی خۆماندا حزوورمان هەبێت.
واڵاپرێس : شتێک لەخەیاڵت دایە کەی دەڕۆیتەوە بۆ کوردستانی ئێران؟

هيجرى: وەکو رێکەوت ناکرێت رێکەوتەکە دیاری بکەین، بەڵام من گەشبینم کە کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ هەموو زوڵم و زۆر و پارەی زۆر و ئیدۆلۆژییەکی دواکەوتوانە بە سەرکوت و زەبر و زەنگ توانیویەتی خەڵکی تائێستا رابگرێت، بەڵام ئاڵوگۆڕەکانی مەنتیقە ئاڵوگۆڕەکانی دنیا، ناڕەزایەتی کۆمەڵانی خەڵک لە ئێراندا، هەروەها وەزعیەتێکی ناموناسبی کۆماری ئیسلامی کە لە ئاستی‌نێونەتەوەیدا هەیەتی، بە بۆچوونی من ناتوانێت بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ درێژە بەو دەسەڵاتە بدات و ئەو کاتەش دێت کە ئێمەش لەگەڵ هەموو ئازادیخوازانی ئێران لەناو خەڵکی خۆماندا بین.
واڵاپرێس: لە ئاڵوگۆڕەکانی رۆژهەڵاتی ئێران یەکەم شوێن کە تۆ دەچی کوێیە کە دەگەڕێیتەوە؟

هيجرى: هەر شارێک بۆ کار ‌و تێکۆشان موناسبتر بێت، لە ئێستاوە دیاری کردنی زەحمەتە.
واڵاپرێس : لە خەیاڵت نییە؟

هيجرى: وەک خۆم پێم وایە لە داهاتوودا کرماشان ببێتە ناوەندی کوردستانی ئێران.
واڵاپرێس: ئەچیتە کرماشان یەکەم شار ئەگەر بۆت دەست بدات؟

هيجرى: بەڵێ، چونکە پێم وایە کرماشان گەورەترین شاری کوردە.
واڵاپرێس: پرسیارێک بکەم ببورە ئەگەر جەنابت لە تاراوگە شەهید بووی، هیوادارم تەمەن درێژبیت، حەز دەکەی لە کوێ بتنێژن؟

هيجرى: پێم خۆش نییە لە تاراوگە شەهید بم.
واڵاپرێس: دەڵێم ئەگەر بارودۆخەکە ئاوا رۆیشت؟

هيجرى: ئەگەر بارودۆخەکە ئاوا رۆیشت و من نەمام، حەتمەن وەسیەت دەکەم بمبەنەوە کوردستانی ئێران.
واڵاپرێس: رێگا نادات جموری ئیسلامی؟

هيجرى: دوای جمهوری ئیسلامی.
واڵاپرێس : مەبەستم ئەو کات جمهوری ئیسلامی بۆ نموونە تۆ تەسەورت نەدەکرد شەهید قاسملوو شەهید بێت، بەڵام تەرمەکانیان لە پاریسە تۆ دەتەوێت لە کوێ بتنێژن؟

هيجرى: من دەمەوێت لێرە، لە کوردستان بمنێژن تا ئەو کاتەی‌دەکرێ‌تەرمەکەم بگەڕێننەوە کوردستانی‌خۆرهەڵات.
واڵاپرێس: لە کوێ لە چ شارێک هەر لە کۆیە؟

هيجرى: بەڵێ هەر لە کۆیە.
واڵاپرێس : شوێنێکی ترت پێ باش نییە؟

هيجرى: نا کۆیەم پێ باشترە، چونکە زۆرتر هەر لێرە ماوینەتەوە.
واڵاپرێس : ئەگەر کوردستانی ئێران رزگار بوو حەتمەن دەتەوێت لە شارەکەی خۆت بیت لە تەنیشت قازی و قاسملوو.

هيجرى:بەڵێ، بەس من خەڵکی مەهاباد نیم.
واڵاپرێس: تۆ ڕۆژانە دەخوێنیتەوە؟

هيجرى: بەڵێ ئەوەندەی فرسەتم بێت دەخوێنمەوە.
واڵاپرێس: چی زۆرتر دەخوێنیتەوە؟

هيجرى: زۆرتر دوو شت دەخوێنمەوە، یەکەم بەیانیان کە دێمە سەر ئیش لە پێشدا ئەو هاوڕێیانەی کە لێرە کارم لەگەڵ دەکەن لە ماڵپەڕەکاندا ئەو خەبەرانەی کە گرنگن بە کوردستان و ئێران بۆم دەهێنن ئەوانە دەخوێنمەوە، بێجگە لەوەی لە ماڵەوە بێت هەرچەن ئیشم زۆرە هەرچەند فرسەتم بێت کتێب دەخوێنمەوە.
واڵاپرێس: ئەوەی لە زەینتدا بێت کتێبێک کە لە گەنجییەوە خوێندبێتەوە کاریگەری لەسەرت هەبووبێت چییە زۆر تەئسیری هەبووبێت؟

هيجرى:زۆر کتێبی وا هەیە کە تەئسیریان داناوە لە سەرەتاوە تائێستا.
واڵاپرێس : رۆژنامەکانیش بەردەوام دەخوێنیتەوە؟

هيجرى: بەردەوام هەموویان نا، بەڵام ئەو ڕۆژنامانەی کە خەبەرێکیان تێدایە بۆ خوێندنەوە ببێت ئەو برادەرانە بۆم دەهێنن.
واڵاپرێس: حەزت لە چ رەنگێکە لە ژیانتدا، رەنگێکی تایبەت هەیە؟

هيجرى: رەنگی سورمەیی زۆرتر دڵم پێوەیەتی.
واڵاپرێس: چ شتێک لای تۆ زۆر موقەدەس و پیرۆزە لە ژیانتدا؟

هيجرى: ئامانجەکانم کە رزگاری نەتەوەی کوردن، بەگشتی بۆ من زۆر موقەدەسن.
واڵاپرێس: چەند جار تائێستا هەوڵی تیرۆر کردنت دراوە؟

هيجرى: ئەوەندەی بۆ خۆم دەزانم دوو جار، بەڵام بە نهێنیش زۆر بووە.
واڵاپرێس: ئێستاش هەوڵی تریش هەیە؟

هيجرى: ئێستاش هەوڵ هەیە هەوڵی زۆر جدی هەیە.
واڵاپرێس: تۆ ئەو هەموو مەسئولیات و دوژمنەکەشت گەورەیە شەوان بەئاسودەیی دەخەوی یان هەمیشە بە ترسەوە دەخەوی و هەمیشە نیگەرانی؟

هيجرى: ترس نا، بەڵام نیگەرانی هەیە عادەتمان گرتووە بەو نیگەرانییە دەیان ساڵە لەو حاڵەدا دەژیم لەژێر بۆمباراندا لەژێر مەترسی‌تیرۆردا.
واڵاپرێس: ناترسی؟

هيجرى: نەوەڵڵا.
واڵاپرێس: واتا هیوایەتێکت هەیە لە ژیاندا؟

هيجرى: هیواکەم ئەوەیە کوردستانی ئێران رزگاری بێت، منیش بگەڕێمەوە واز لە سیاسەت بهێنم و بتوانم ماوەی ژیانم بحەسێمەوە.
واڵاپرێس: ئەو قسەیەی تۆ سەرنجم بۆ شتێک رادەکێشێت فیدڵ کاسترۆ کاتی خۆی وای وت کە شۆڕشی کرد لە دارستانەکاندا و وتی دەگەڕێمەوە و بۆ خۆم دادەنیشم، پێم وایە خەڵکانی تریش وایان وت، من هەست دەکەم تۆش هەمان قسە دەکەیتەوە، پێم وانییە وازبهێنیت لە دەسەڵات چ گرەنتییەک دەدەی بە من کە سبەینێ وازدەهێنی لە دەسەڵات؟

هيجرى: هیچ گرەنتیەک نییە، بەس بیر و بۆچوونی خۆمە، بەڵام من بەش بە حاڵی خۆم پێم وایە درێژەدانی بۆ ماوەیەکی‌دوور ‌و درێژە لە سەرکردایەتیدا نە بە قازانجی ئەو کەسەیە نە بە قازانجی جووڵانەوەکەیە، ئەوەش کە تا ئێستا من ئەو بەرپرسیاریەتی‌یەم قبووڵ کردووە، راستییەکەی لەبەرئەوە نییە پێم خۆشە، لەبەر ئەوەیە زەرووریەتەکە هەست پێ دەکەم لەگەڵ ئەو ئیعتیماد و باوەڕەی حیزبەکەم داویەتی بە من، دەنا شتێک نییە کە من پێم خۆش بێت، ئیستاش پێم خۆشە لە کۆنگرەیەکی دیکەدا یان لە کۆمیتەی ناوەندیدا یەکێکی دیکە هەبێت لە جێگای‌دابنیشێت. لەو باوەڕە دام ئەوانەی لە تەمەنی سەرکردایەتیدا تەمەنیان دەچێتە سەرێ جێگەی خۆیان بەجێبهێڵن بۆ ئەوەی جیلی گەنج کار بکەن و پێ بگەن، کەسایەتییەکان لەناو کورددا نەبەسترێنەوە بەوەی چەند کەسێکی دیار هەمیشە لە دەسەڵاتدا بن.
واڵاپرێس: من هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا تۆ بەڵێنەکانی خۆت بەریتە سەر لە داهاتووی رزگارکردنی کوردستانی رۆژهەڵاتدا کە ئەوە ئاواتی بەڕێزتانە و لە دەسەڵات بێیتە خوارەوە و جێگا چۆڵ بکەیت بۆ خەڵکی تر بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نموونەیەکی جوان بیت و هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا لە کوردستانی رۆژهەڵات دیدارێکی وا رۆژنامەوانی ساز بکەین و هیوادارم لەوێش دەرگاکەت وا کراوەبێت و وا سادە بژیت لەگەڵ خەڵک، لەگەڵ رۆژنامەنووسان، نەک وەک ئەوەی چەند نموونەیەکم هەیە پێشتر کە بارودۆخەکە تەواو گۆڕاوە لای کەسەکان کە دەچنە پۆست و دەسەڵات هیوادارم وا بە سادەیی بمێنیتەوە.

هيجرى: من پێم وابێت هەروا دەمێنمەوە، چونکە پێم خۆشە ئەوەت عەرز بکەم من پێش ئەوەی ببمە ئەندامی حیزبی دێموکرات چاوەڕوانی ئەوەم نەبوو بێمە ڕێبەرایاتی حیزب پێشمەرگەیەک بووم پێشتریش کەسایەتییەک بووم لە شاری خۆم ئیمکاناتم هەبووە، هەموو ئیمکانتێکم هەبووە لەناو خەڵکەکەی خۆمدا خۆشەویست بووم، مامۆستایەک بووم کە لەگەڵ گەنجەکان تێکەڵاویم هەبووە، ئەو دەمیش هەڵسوکەوتم لەگەڵ گەنجەکان جیاوازی هەبوو لەگەڵ مامۆستاکانی دیکە پێم وابێت هەندێک تایبەتمەندیم هەبووە کە لە داهاتووشدا ئاڵوگۆڕێک بێتە پێشێ ئەو ژیانەی خۆم ناگۆڕمەوە بە ژیانێکی دیکە.
واڵاپرێس : ئەگەر ناوی سیانی خۆتم پێ بڵێی؟

هيجرى: ناوم مستەفا محەمەد ئەمین ناسراو بە مستەفا هیجری
واڵاپرێس: لە دایکبووی؟

هيجرى: ٣/٣/١٩٤٥
واڵاپرێس: لە شاری؟

هيجرى: نەغەدە.
واڵاپرێس: پلەی خوێندن؟

هيجرى: بەکالیۆرسم لە زمان و ئەدەبی فارسیدا لە دانشگای تاران تەواوم کردووە
واڵاپرێس: خێزانداری؟

هيجرى:بەڵێ، چوار مناڵم هەیە، دوو کچ و دوو کوڕ.
واڵاپرێس: هیچ کتێبێکت هەیە نووسراو؟

هيجرى: فرسەتم نەبووە
واڵاپرێس: جگە لە زمانی کوردی و فارسی چ زمانێکی‌تر دەزانی؟

هيجرى: بڕیک ئینگلیزی و زمانی‌تورکی‌ئازەربایجانی‌.
واڵاپرێس :پاسپۆڕتی بیانیت هەیە؟

هيجرى: بەڵێ
واڵاپرێس: جینسیەی وڵاتێکی‌ترت وەرگرتووە؟

هيجرى: بەڵێ
واڵاپرێس: ساڵی چەند پەیوەندیت کردووە بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە؟

هيجرى: ساڵی ١٩٨٠ دوای رووخانی رێژێمی شا
واڵاپرێس: ساڵی چەند یەکەم دەورە بووی بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی؟

هيجرى: ساڵی ١٩٨٠ کاتێک کۆنگرەی حیزبی دێموکرات کۆنگرەی چوارەم لە مەهاباد پێکهات لەوێ من هەڵبژێردرام وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی.
واڵاپرێس: لەو دەورانەدا هەمووی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و دەفتەری سیاسی بوویت؟

هيجرى: بەڵێ دوای شەهیدبوونی د.سەعید من بووم بە سکرتێری حیزب، بەڵام لە کۆنگرەی دوایدا مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە بوو بە سکرتێری حیزب من وەک جێگری مامەوە و کارەکانم درێژە پێ دا.
واڵاپرێس: تۆ لەکەیەوە سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە کۆنگرەی چەندەوە، ساڵی چەند؟

هيجرى:لە کۆنگرەی سیانزەوە ئێستا دەبێتە دە ساڵ
واڵاپرێس: کاک مستەفا زۆر سوپاس دەبێت بمبەخشی قسەکانمان زۆر بوو بەس هیوادارم دیدارێکی باش بووبێت

هيجرى: زەحمەتتان کێشا زۆر سوپاس بۆ ئێوە.