کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیشانگایەکی وێنە لەلایەن دوو پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکراتەوە کرایەوە

13:37 - 25 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: پیشانگایەکی وێنە لەلایەن دوو پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز لە ساڵۆنی گشتیی رێوڕەسمەکانی حیزبدا کرایەوە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، سەرلە بەیانیی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩١ی هەتاوی، پیشانگایەکی وێنە، کە لە وێنەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکرات پێک هاتبوو، لەلایەن مەهتاب مەعرووفی و ئەمیر رەحمەتییەوە بەڕووی بەشداراندا کرایەوە.
ئەمیر رەحمەتی وێنەگر و پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە لێدوانێکی تایبەتدا سەربارەت بە ئامانجی کردنەوەی ئەو پیشانگایە بۆ هەواڵنێری کوردستان میدیا، وێرای پیرۆزبایی ئەو رۆژە پیرۆزە، گوتی: ئامانجی ئێمە وەبیرهێنانەوەی یاد و بیرەوەرییەکانی پێشمەرگەی کوردستانە کە چەندین ساڵە خەریکی خەبات و تێکۆشانن و بەم کارە دەمانهەوی تێکۆشینیان بەرز بنرخێنین.
مەهتاب مەعرووفی، وێنەگری دیکەی رێکخەری ئەو پیشانگایە و پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکرات بە هەواڵنێری کوردستان میدیای راگەیاند: من ئەو رۆژە پیرۆزە لە هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان پیرۆز دەکەم و هیواداریشم لە داهاتوو و لە بۆنە جیاوازە حیزبی و نەتەوەییەکاندا، بتوانین کاری باشتر لەو چەشنە بە ئەنجام بگەیەنین.
کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامانی رێبەری،کادر، پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێمۆکرات پێشوازییان لەو پیشانگایە کرد.