کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێگەی هەڵاوسانی ئابووریی ئێران، لە جیهاندا/ پلەی چوارەم لە نێو ١٨٤ وڵاتدا

19:20 - 5 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: وڵاتی بلاڕووس بە ٦٠% هەڵاوسانی ئابووری و ئێران بە ٢٥% هەڵاوسانی ئابوورییەوە، بە ریز لە پلەی یەکەم و چوارەم، لە ریزی ١٨٤ وڵاتی جیهان دان.
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو بڵاوی کردەوە، نرخی هەڵاوسانی ئابووری لە ئێران لە ساڵی ١٣٩١دا گەیشتۆتە ٢٥،٢% و لە نێو ١٨٤ وڵاتی جیهاندا لە پلەی چوارەم دادەنرێت.
زیاترین رێژەی هەڵاوسان لە جیهاندا، وڵاتی بلاڕووس راگەیەنراوە و بە هەڵاوسانی ٦٠،١٨%ـەوە پلەی یەکەمی جیهانی بەدەست هێناوە.
وڵاتی تازە دامەزراوی سوودانی باشوور، بە ٥٤،٨٣% لە پلەی دووهەمی هەڵاوسانی ئابووری دایه و وڵاتی سوودان بە نرخی ٢٨،٦١%ـەوە پلەی سێیەمی هەیه.
پاش ئەم سێ وڵاتە ئێران لە پلەی چوارەمی خشتەی هەڵاوسانی ئابووری لە نێو ١٨٤ وڵاتی جیهان دایه.
وینزۆئێلا، ئیتۆپی، مالاوی، تانزانیا، یەمەن و گینە پاش ئێران پلەی پێنجەم هەتا دەیەمیان هەیه.
کەمترین رێژەی هەڵاوسانی ئابووری لەم رەدەبەندییەدا، وڵاتی سویس راگەیەنراوە کە (٠،٥% -) مەنفی بەراورد کراوە.