کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی بەڕێز مستەفا هیجری بەبۆنەی ٢ی رێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان

13:13 - 4 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: ئەم پەیامە لە رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان لە هۆڵی پێشەوا لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان، لەلایەن بەڕێز مستەفا هیجرییەوە پێشکەش کراوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
ئامادە بوانی بەڕێز!
خوشک ‌و برایانی خۆشەویست!
وەک هەموو لایەک ئاگادارن ٦٧ ساڵ لەوە پێش لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە رۆژی ٢ی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتێک کە هەڵومەرجی ناوچەیی و نێونەتەوەیی خولقاندبووی لە شاری مەهاباد کۆماری کوردستانی بە سەرۆکایەتیی پێشەوای هەمیشە زیندوو، قازی محەممەد راگەیاند، ئەوە لە کاتێکدا بوو کەلە ٢٥ی گەلاوێژی هەمان ساڵ یانی چەند مانگ پێش راگەیاندنی کۆمار حیزبی دێمۆکرات بە سەرۆکایەتیی پێشەوا پێکهاتبوو. بێ‌گومان پێکهاتنی حیزبی دێمۆکرات بۆ خۆی دەوری تایبەتی لە دامەزراندنی کۆماردا هەبوو.
کۆمار کەمتر لە ساڵێکی خایاند، بەڵام لەو ماوە کورتەدا سیاسەت و بەرنامە پێشکەوتنخوازەکانی کۆمار بوون بە جێی هیوای کورد لە هەموو بەشەکاندا و لە راستیدا هەموو لایەک ئامادەی بەشداری و خزمەت کردن لە کۆماردا بوون، بەشداریی بارزانییەکان بە سەرۆکایەتیی نەمر مەلا مستەفا کە فەرماندەی هێزەکانی کۆمار بوو، هەروەها سەردانی ژمارەیەک لە کوردەکانی کوردستانی تورکیە بۆ کۆمار ئەو راستییە دەسەلمێنن، هەر بۆیەش دەبینین دوای رووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و باقی رێبەرانی کۆمار، لە تەواوی ماوەی ٦٧ ساڵی رابردوودا لە هەر جێگا و کاتێکدا دەرفەتێک خولقا بێ‌ گەلی کورد بۆنە و رێوڕەسمی بۆ پیرۆز کردنی ئەو یادە پێکهێناوە و سەرکوت و زەبر و زەنگی دیکتاتۆرەکان ئەو یاد و نوستالژیایەی بەهێز کردووە. شوێندانەریی کۆمار نەک هەر لەسەر تاکی کورد، بەڵکوو لەسەر بیگانەکانیش کە شارەزای مێژووی کۆمار و رووداوەکانی ئەو سەردەمەن بەرچاو بووە و مەزاری پێشەواش بووەتە زیارەتگای ئەویندارانی کۆمار و پێشەوا لە دوور و نێزیکەوە، لەو پێوەندییەدا ئیشارە بە دوو فاکت دەکەم:
ــ رۆزولت سەبارەت بە شوێندانەر بوونی کۆمار دەنوسێ: پەیدابوون و گۆڕانی کۆماری بچووکی مەهاباد و مێژووی کورت و تۆفانییەکەی و لە نێوچوونی لە ناکاوی، یەکێک لە رووناک‌ترین رووداوەکانی مێژووی تازەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.
ــ ویلیام دوگلاس دەڵێ‌ پیاو حەق بڵێ‌ گۆڕی قازی محەممەد زیارتگەیە کە هەموو حەوتوویەک سەدان کورد رووی تێدەکەن، ئەو دەگێرێتەوە: لاوێکی کورد بە خۆی و ژنەکەیەوە بە رێگایەکدا دەروێشتن کە دار و درەخت سێبەریان لێ‌ کردبوو، پیاوەکە سواری گوێدرێژێک بوو، ژنەکەش بە سەر و رووخۆشی لە تەنیشتییەوە دەروێشت، سڵاومان لە یەکتر کرد و لێم پرسی:
خەڵکی کوێی؟ وڵامی دامەوە خەڵکی جێگایەکی دوورم لە شیمال نێزیک خۆی
لێرە چ دەکەن؟
وڵامی دامەوە: ئێمە کوردین، دەچینە زیارەت بۆ سەر گلکۆی قازی محەممەد. دوگلاس لە درێژەدا دەنووسێ‌: لە دەنگیدا، رق و ئامادەیی بۆ بەربەرەکانی دەر دەکەوت. هەروەها لە چاوەکان و خەنجەرەکەی بەرپشتێنیدا دیار بوو، کە هەرکەس رێگای ئەو سەفەرەی پێبگرێ‌ بەگژیدا دەچێتەوە.
بەڕێزان!
رووداوە مێژوویی و چارەنووس‌سازەکان لە بیرەوەریی تاکەکانی هەر نەتەوەیەکدا دەبنە سەرچاوە و وزەی شوناس‌بەخش بۆ ژیانی سەربەخۆیی ئەو نەتەوە و لە لایەکی دیکەوە دروست بوونی هەستی شانازی و سەربەرزی لە نێوان تاکەکان بەهۆی پەیوەست بوونیانەوە بەو نەتەوە تایبەتەوە.
٢ی رێبەندان و دامەزراندنی کۆماری کوردستانیش بووەتە ئەو سەرچاوە ناسنامەبەخشە بۆ مرۆڤی کورد (نەک لە رۆژهەڵات بەڵکوو لە پارچەکانی‌تری کوردستانیش)، ٢ی رێبەندان تەنیا رووداوێکی ئاسایی نەبوو، ئەوەی ئەم رۆژ و ئەو رووداوە، لە بۆنە نەتەوەیی‌یەکانی دیکە جیا دەکاتەوە و گرینگی و بایەخی تایبەتی پێ دەبەخشێت، خۆی لە کۆمەڵێک کاریگەری و شوێندانەری لە دامەزراندنی ئەم کۆمارە و لە هزر و بیرەوەریی هاوبەشی تاکەکانی نەتەوەی کورددا دەبینێتەوە، کە هەتا ئەمڕۆش بوون و حوزووری خۆیان بە شێواز و فۆرمی جۆرواجۆر لە مانای کردەوە سیاسییەکانی تاک و حیزب و لایەنە کوردییەکاندا دەردەخا. تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی، یان تیۆریک و دوور لە هەست و سۆزی کوردانەش ئاوڕێک لە ٢ی رێبەندان بدەینەوە، دیسانەوە ئەم گرینگییەمان بۆ دەردەکەوێت.
بۆ نموونە کاتێک کە ئاوڕێک لە ماناکانی نەتەوە بوونی، نەتەوەی فەڕانسی دەدەینەوە، کۆمار یان جمهوری و جمهوریەت دەبێتە کۆڵەکەی یەکگرتوویی و بیرەوەرییە مۆدیڕن و هاوبەشەکانیان، هەر وایە رۆڵی پاشایەتی لە بریتانیا و شانازییەکانی بۆ نەتەوەی بریتانی.
کۆماری کوردستان بۆ یەکەم جار لە پاش ساڵانێکی دوور و درێژ، لە هەست بە ژێردەستەیی و مرۆڤی پلە دووهەم بوون لە لای تاکی کوردەوە دەبێتە هەوێنێک بۆ دووبارە زیندوو بوونەوەی یەکێک لە بنەماکانی بونیات نانی کەسایەتیی تاک و نەتەوەی کورد بە دروست بوونی قەوارەیەکی بەڕێوە بردن و حوکمرانی مۆدیڕن کەلە چوارچێوەی سیاسەت بە مانا مۆدیڕنەکەیدا لە کۆماری کوردستان بەرجەستە دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە کورد بەتایبەت لەم بەشەی کوردستاندا، بۆ یەکەم جار لە سەردەمی مۆدیڕن و یان هاوچەرخدا، جەوهەری هەوڵ و داواکارییەکانی سیاسین، نەک ئابووری، کولتووری یان لە هەموویان گرینگتر ئایینی بۆیە نابێتە بەشێک لە ململانێی ئایینی و مەزهەبی، بەڵکوو نەتەوە و دەسەڵاتی نەتەوە لە رێگەی ئامرازە مۆدیڕنەکانەوە کە حکوومەت و دەسەڵاتداریەتییە لە کۆماردا فۆرم دەگرێت. خاڵێکی‌تر ئەوەیە کە بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان ئەو کۆمەڵگە خەیاڵییەی کە زۆر لە پێش کۆمارەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا فیداکاری بۆ کراوە لە ئەرزی واقیعدا لە رێگەی کۆمەڵێک دام و دەزگا و دامەزراوەوە، فۆرمێکی عەینی (واقعی) وەردەگرێت و لێرەوە هەر دوو رەهەندی (subjective زهنی) و(objective عینی) پێکەوە گرێ دەدرێن و لە کۆماری کوردستاندا نموود پەیدا دەکەن. تاکی کورد دەبێتە خاوەن شوناسێکی فەرمی نەتەوەیی و کۆمار دەبێتە سەرچاوەی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم شوناسە.
یەکێک لە بەرهەمە گرنیگەکانی کۆماری کوردستان ئەوەیە کە بۆەتە هۆی ئەوەی تاکوو ئێستاش، مرۆڤی کورد دەرک بەو راستییە بکات کە تەنیا لە رێگەی بەدەستەوە گرتنی چارەنووسی خۆی و پێکهێنانی قەوارەیەکی سیاسی و حوکمڕانییەکی مۆدیڕنەوە، دەتوانێت مافە تاک و کۆیە نەتەوەیی‌یەکانی بپارێزێت و مومارسەی ئەو مانایانە بکات، بۆیەش کۆمار بۆەتە سەرچاوەیەکی مانایی بۆ شوناس پێدان بە کرداری سیاسیی کورد بۆ دروست بوونی دەسەڵاتداریەتی و حوکمڕانی خۆی و دوورکەوتنەوە لە پاشکۆیەتی و بە هاونیشتمانیی پلە ٢ بە ئەژمار هاتن. بەم چەشنە ئیرادەی تاکی کورد لە رێگەی دامەزراوەی نەتەوەیی (کۆمار) دەبێتە بنەمای ئازادی و ئەم ئازادییەش دەبێتە سەرچاوەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی مرۆڤی کورد، لێرەدا ئازادی و ناسیۆنالیزم پێکەوە گرێ دەدرێت و دەبێتە بەشێک لە هوییەت یان شوناسی مرۆڤی کورد.
خاڵێکی‌تری گرینگ ئەوەیە کە نوخبەکانی کورد هەست بەوە دەکەن کە دەبێت لە هەموو بوار ‌و ئاستەکانەوە، بەرە‌و مۆدێڕن بوون هەنگاو بنێن. بۆیە دەبینین کە کۆمار لە رێگەی بەرهەمەکانی مۆدێڕنیتە و عەقلانییەت کە حیزب لە لایەک و بەڕێوەبردن و بیرۆکراسی و لە لایەکی‌ترەوە هەوڵی دەست پێکردن بە پرۆسەی مۆدێڕنیزاسیۆن (بە لەبەرچاوگرتنی کۆمەڵگای کوردەواری ئەو سەردەمە و بەپێی توانا و ئیمکانیاتی) دەدات، لە بوارەکانی سیاسییەوە هەوڵی: دروست کردنی ئیدارە و بیرۆکراسی و ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێوە بردن ‌و کاری حیزبی، رێکخراوەی و ... دەدات، ئەوەی کە لەو کۆمارەدا سەرکۆمار کەسایەتی یەکەمی حیزبی دێمۆکراتە لەو راستییەوە سەرچاوە دەگرێ‌. لە رووی کۆمەڵایەتییەوە کۆمار دەبێتە هۆکاری رەخساندنی دەرفەتێک (کە هەرچەند سەرەتاییش بێ‌) بۆ دووبارە بونیات نانەوەی کۆمەڵگای نوێی کوردستان بە گۆڕینی پێکهاتەی عەشایری و خێلەکییەکەی و داڕشتنەوەی لەسەر بنەمای هاووڵاتی بوون کە یەکێک لە حەیاتی‌ترین و گرینگ‌ترین بەرهەمەکانی کۆمارە کە کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە. لێرەوەیە کە چەمکی هاووڵاتی بوون لە جیهانی مۆدێڕندا بۆ تاکی کورد بە هۆی پەیوەست بوون بە نەتەوە لە دایک دەبێت، بەبێ گوێ دان بە رەگەز، چین، تایفە، شوێن، ئاستی دارایی، پلە و پایەی کۆمەڵایەتی، ئەمەش رەگەزێکی شوێندانەرە لە پرۆژەی ناسیۆنالیزم ‌و بەرجەستە بوونی لە دەوڵەت ــ نەتەوەدا، کە بە فۆرمێکی‌تر لە کۆماری کوردستاندا بەرە و بەرجەستە بوون دەچێ ‌و کاریگەریی قووڵی لەسەر سایکۆلۆژیی تاکی کورد بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە جێی دێڵیت، بە جۆرێک کە ئێمە ئاسەوارەکانی دەتوانین ئەمڕۆش لەسەر تاکی کوردی ئەو بەشە ببینین.
لە رووی کولتوورییەوە کۆمار بە پەروەردەی نوێ‌ و سەردەمیانە دەرفەتی مۆدێڕنیزاسیۆنی فەرهەنگی بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە رەخساند، ئێمە ئەوە لە چاپی کتێبی کوردی، راکێشانی منداڵان بۆ خوێندن، هەوڵدان بۆ ریشەکێش کردنی نەخوێندەواری و بەشداری کردنی چالاکانەی ژنان لە کۆمەڵگەدا بە روونی دەبینن.
بە فەرمی ناسینی زمانی کوردی یەکێک لە بەرهەمە گرینگەکانی دیکە کۆمارە، کە دەبێتە واتادار بوونی ئەم پرۆژە نەتەوەیییە و کۆڵەکەی سەرەکی گوتاری ناسیۆنالیزمی کورد لەو پارچەیەدا کە، بەپێی هەموو تیۆری و روانگە زانستییەکان، لەمەو بەدوا لەژێر شوێندانەری ئەو واتایەوە رەفتاری تاکەکان یان بابەتەکان مانا پەیدا دەکەن و شۆناسێکی کوردی وەردەگرن، کە ئەوە لە جەوهەری خۆیدا هەنگاوێکی جیدییە بۆ بونیات نانی نەتەوە (بە مانا مۆدێڕنەکەی).
خاڵێکی دیکەی کۆماری کوردستان، درووست بوونی ئەو شوناسە مۆدێڕنە کوردی، یان (کوردستانییەیە) کە بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتی رەخساو سنووری (ئەوی‌تر)ی دیاری کرد و خۆی پێ پێناسە کرد، واتە (خود) ‌و (ئەوی‌تر) ‌و پێناسەیەک کە لەسەر بنەمای پێکەوە ژیان بە تایبەت لەگەڵ نەتەوەی (تورکی ئازەربایجانی) پێکهات.
بەگشتی هێماکانی گوتاری یەکگرتووی نەتەوە لە کۆماردا لە زمانی فەرمی، ئاڵا و سروودی نەتەوەیی، هێزی پێشمەرگە و دێموکراسیخوازیدا خۆی دەبینێتەوە، هەروەها کۆمار هەوڵ دەدات کە کۆمەڵگەی کوردی لە (جماعت community) بگوازێتەوە بۆ (جامعە/ کۆمەڵ society) لە رێگەی بیرۆکراسی و رێکخراوی سیاسیی مۆدێڕن کە بە حیزب بوونە، لێرەوە دەوری حیزبی سیاسی بەرجەستە دەبێت و بەپێی تیۆرییەکانی گوتار (دیسکۆرس) سازییەوە، مەفسەل بەندی گۆتاری نەتەوەیی کامڵ دەبێت ‌و کۆماری کوردستان دەتوانێت، مانایەکی روون و گشتگیر لە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای کورد بوون و شوناسی کوردی بە دەستەوە بدا، واتە دەسەڵاتی کوردی و کۆمار، هێژمۆنی پەیدا دەکات و سەقامگیرییەکی مانایی بۆ هەموو بوار‌ و دیاردە و رەفتارەکان لە چوارچێوەی گوتاری نەتەوەیی دروست دەبێت و گوتاری ئێرانی بە مانای فارس، لەق دەکات و بەم شێوەیە پێکهاتەشکێنی گوتاری فەرمی ئێرانی دەکات.
نوخبە سیاسی و نەتەوەیی‌یەکان لەو سەردەم و هەڵومەرجەدا، بە خوێندنەوەی واقیعی نێودەوڵەتی و دابەش بوونی هێز لە پێکهاتەی سیستمی نێودەوڵەتیدا، سوودیان وەرگرت و ئەم کۆمارەیان دامەزراند، لە ئێستاشدا بە جۆر و فۆرمێکی‌تر پێکهاتەی سیستمی نێودەوڵەتی، یان لانیکەم رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕاوە و هێشتا شکڵ و فۆرمی سابتی وەرنەگرتووە و ئەمەش دەرفەتە بۆ ئێمەی کورد و ئەحزاب و رووناکبیران و ... لەم شەپۆلەی کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووتەوە و لە لایەکی‌تر، لە گۆڕانکارییەکانی سەردەمی بەجیهانی بوون و ئامرازە مۆدێڕنەکانی تەکنۆلۆژی و راگەیاندن و پێوەندی و بەگشتی هێزی نەرم کەڵک وەربگرین. ئەوەش یەکێکی دیکە لە ئەزموون یان دەرسەکانی کۆمار بۆ ئێمەی کورد و حیزبەکان و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بوو:
بەڵام دەرسێکیرووخانی کۆمار ئەوەیەکە بەبێ‌ دروست بوونی رێژیمێکی دێمۆکراتیک لە ئێران کە رێز لە پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ و بنەماکان دێمۆکراسی بگرێت، ئەو بەشەی کوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا ناتونێت بە مافەکانی خۆی بگات، بۆیە دروشمی (بنیات نانی ئێرانێکی دێمۆکراتێکی فیدراڵ) ئەو خوێندنەوەیە کە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران هەڵی گرتووە و لە پێناویدا خەبات دەکا، خەباتێک لە دوو بەرەدا:
ــ لە لایەک چەسپاندن و مسۆگەر کردنی دیاری کردنی مافی چارەنووس بۆ گەلی کورد و باقی نەتەوەکانی ئێران بە یارمەتی هەموو نەتەوەکان.
ــ لە لایەکی دیکەوە هەوڵدان بۆ بەشداری لە بونیات نانەوەی ئێرانێکی دێمۆکراتیک و فیدراڵ.
خۆشەویستان!

ئێمە رۆڵەکانی حیزبی دێمۆکرات شانازی دەکەین کە دوای ٦٧ ساڵ لە رووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی پێشەوای سەربەرزی کورد و باقی کەسایەتییەکانی ئەو کۆمارە، بە پێشکەش کردنی هەزاران رۆڵەی نیشتمانپەروەر و قارەمان کەلە رێزی ئەواندا رێبەرانی هەڵکەوتووی وەک دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی دەبینرێن لە سەردەمی رێژیمی پاشایەتی و هەروەها رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەروا ئاڵاهەڵگری خەبات بۆ وەدەست هێنانەوەی دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستانین و هەوراز و نشێوە سەختەکانی ئەو رێگایە بۆ ساتێکیش گۆمانی لە دڵماندا پێک نەهێناوە.
سڵاوی گەرم و نیشتمانپەروەریمان پێشکەش بە هەموو ئەو شەهید و کەمەندام و دوورە وڵاتانە بێ‌ کە درێژەدەری ئەو رێگایە بوون و بە کۆڵنەدانیان خەون و خەیاڵی رێژیمە سەرکوتکەرەکانیان پووچەڵ کردووەتەوە.
سڵاو لە هەموو زیندانیانی سیاسی کورد بە تایبەت ئەو رۆڵە قارەمان و چاونەترسانەی رێبازی کۆمار کە ئێستا بە تاوانی کورد بوون و وەفاداری بە رێبازی پێشەوا و حیزبەکەی، حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە زیندانە بەدناوەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بەند کراون.
سڵاو ‌و سپاسی دووبارە بۆ ئێوەی خۆشەویست کە بە ئامادە بوونتان، ئەو رێوڕەسمە بەشکۆیەتان رازاندەوە و بە دوژمنی نەتەوەکەمانتان نیشان دا کە ئەگەر لە مەهاباد پێتەختی خوێناوی و سەربەرزی کۆماردا، خەڵکی مهاباد و باقی شارەکانی کوردستان لە بەر زەبر و زەنگی رێژیمی کۆماری ئیسلامی رێگەیان پێ نادریت لە مەیدانی چوارچرا بە ئاشکرا یادی کۆمارە ساواکەیان بکەنەوە لە هەولێر پێتەختی بەشێکی دیکەی کوردستان و لە هۆڵی پێشەوا و بە بەشداریی کوردەکانی هەموو پارچەکان ئەو یادە بەرز رادەگیرێ و سنوورەکان ‌و زۆرداری دیکتاتورەکان ناتوانی هیچ شتێک لە‌و راستییە بگۆڕی کە کورد یەک نەتەوە و کوردستان یەک خاکە.
بەرز‌و پیرۆز بێ‌ یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان

هەر شەکاوە بێ‌ ئاڵای کۆمار لە سەرتاسەری خاکی کوردستان