کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی نەورۆزیی کومیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

15:53 - 27 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: بەبۆنەی هاتنی نەورۆزی ١٣٩٣ی هەتاوی، کومیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە کە نوسخەیەکی بە کوردستان میدیا گەیشتووە، بەم چەشنەیە:

نەورۆزتان پیرۆز

نەورۆز، موژدەی رابوونی سروشت و زاڵبوونی رووناکی بەسەر تاریکی و کڕێوەدا، هێمای زیندوویەتی و تاهەتاییبوون، کارنەڤاڵی برایەتی و شادی و پێکەوەژیانی گەلان و جیژنی نەتەوەیی کورد، پیرۆز بێت.

کۆمەڵانی ئازدیخوازی خەڵکی کوردستان!
ئێمە هێماکانی نەورۆز بە رێنوێنی کۆڵنەدان و سووربوون لەسەر خەبات هەتا وەدیهاتنی ئامانجی بەرزی رزگاریی نەتەوایەتی دەزانین و لەو باوەڕەداین کە زوقم و شەختەی سەرەڕۆیی و تاریکیی خەفەقانی دیکتاتۆرەکان لە بەرەنگاربوونەوەی کۆتایی و لە بەردەم رووناکی و تینی هەتاوی ئازدیداد وەک سەهۆڵی خاکەلێوە دەتوێنەوە و لە دواڕۆژێکی روون و گەشاوەدا بە سەمفۆنیی راپەڕینی دەنگەکان دژ بە بێدەنگی و گوڵپژێنی رەنگەکان دژ بە بێڕەنگی، نیشتمانە پیرۆزەکەمان لە ژێردەستەیی و ستەمی داگیرکەران رزگار دەبێت.
بەهیوای ئەوەی کە تا وەدیهاتنی وەها ئامانجێک، وەک هەمیشە یەکریز و یەکگرتوو، بە هێزی باوەر و حەماسە، پارێزگاری لە سەنگەرەکانی تێکۆشان بۆ سەلماندنی ئیرادەی نەتەوەییمان بکەین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کومیسیۆنی تەشکیلات
نەورۆزی ٢٧١٤ی کوردی
١٣٩٣ هەتاوی


8110.jpg