کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی مستەفا هیجری بەبۆنەی رۆژی جیهانیی لاوان

21:40 - 20 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی رۆژی جیهانیی لاوان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی لاوانی کوردستانی ئێران کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەبۆنەی ١٢ی ئاگۆست رۆژی جیهانیی لاوان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم پێشکەش بە لاوانی جیهان، بە تایبەت لاوانی کوردستانی ئێران دەکەم. ئێمە لە حاڵێکدا یادی ئەو رۆژە دەکەینەوە کەلە جیهاندا زۆرن ئەو لاوانەی کەلە جیاتی ژینێکی ئازاد و شیاوی لاوەکان، لەژێر زەبر و زەنگی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکاندا، لە ژیانی لاویەتی بێ‌بەش کراون، وەک نموونەیەک دەکرێ ئاماژە بە لاوەکانی ئێران بە تایبەت ژیان و گوزەرانی لاوانی کورد لەو وڵاتەدا بکەین.
لاوەکانی ئێمە لەژێر دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەی کۆماری ئیسلامیدا لە هەموو خۆشی و ئازادییەکانی ئەمڕۆی جیهان بێبەش کراون، ژمارەیەکی بەرچاویان تەنیا بە تاوانی دەربڕینی بیر و بۆچوونی خۆیان لە زیندانەکانی رێژیم دان، یان ناچار کراون زێدی باب و باپیرانیان بە جێ‌ بێڵن و ئاوارەی هەندەران بن بۆ ئەوەی لە راستیدا خۆیان لە زیندانێکی گەورەی بە ناوی ئێران رزگار بکەن هەتا تووشی ئیعدام، بێ‌ چارەنووسی و بێ‌ حورمەتی نەبن، بەڵام بە هەمووی ئەوانەوە داهاتوو هی لاوەکانمانە ‌و چاوەڕوان دەکرێ کە بەهێزی لە شکان نەهاتووی خۆیان ئەو داهاتوویە بەبێ‌ رێژیمی کۆماری ئیسلامی داهاتوویەکی گەش و بە ئارەزووی خۆیان بنیات بنێن. بۆ خوڵقاندنی ئەو داهاتوویە ئاواتی سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
مستەفا هیجری
٢٠/٥/١٣٩٣ی هەتاوی
١١/٨/٢٠١٤ی زایینی