کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغیی ئەندامانی حیزب لە مەریوان و ئورمیە بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ

17:45 - 28 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی بەردەوامن.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئەندامانی حیزب لە گوندەکانی هوویە، سەرهوویە، ساڵیان و ئینجێ سەربە شارستانی مەریوان بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی سەرەڕای هەبوونی دۆخێکی توندی ئەمنیەتی چالاکییان بەڕێوە برد.

بەپێی ئەم راپۆرتە لە بەرانبەر هەرکام لەو گوندانەدا ئاڵای کوردستان و ئاڵای شینی ئاسمانی هەڵکراون و ئەمەش خوشحاڵی هاووڵاتییانی لێ کەوتووەتەوە.

هەروەها ئەندامانی حیزب لە گوندی نێ ئاڵایەکی گەورەی کوردستان لەسەر مزگەوتی ئاوایی هەڵکرابوو کە هەتا ٣ رۆژ دواتر شەکاونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە لە شاری ئورمیە لە شەرهرەکی شەهریار، شەهرەکی زیبا، ئەلواج، تەرزیلوو، بەند، ئابیاری، گوندی بادیکی، شارۆچکەی ئیسلام ئاباد، کوشتارگا، فەلکەی مودەڕێس، گوندی وەلندە و گوندی ئەنبێ لە ناوچەی تەرگەوەڕی ئورمیە، چالاکیی تەبلیغی بۆ چەندەمین جار بە شێوەیەکی بەرین بەڕێوەچوو.