کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار هاووڵاتیی لە مەهاباد دەسبەسەر کران

16:16 - 6 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە شاری مەهاباد، چوار هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر کردووە و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەیان ڕاگواستووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا ، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئیبراهیم بابایی، سوارە ڕەحیمی، کەریم ڕەسووڵی و سیاوەش باغەبانی خەڵکی گوندی ئیندرقاش سەر بە ناوچەی شاروێڕانی مەهاباد، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە ڕایگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ بەرێوەبردنی جێژنی نەورۆز دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد کراون.

لەو پەیوەندییەدا، حەوتووی ڕابردوو ٢٩ی ڕەشەمە، سێ چالاکی مەدەنی، خەڵکی شاری سەڵماس سەر بە پارێزگای ورمێ، بە ناوەکانی مەحموود جەباری، ئەمین جەداری و حەمدوڵڵا کارساز لە لایەن ناوەندە بەناو قەزاییەکانەوە بانگهێشت کراون.

بانگهێشت و دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران، بە هۆکاری جۆراوجۆر لە بەرەبەری جێژنی نەورۆزدا، ڕێژەیەکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە و چالاکانی مەدەنی، لەو باوەڕەدان کە هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو هەوڵەیان بە مەبەستی ترس و دڵەڕاوکێ و پێشگیری لە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لە کوردستان ئەنجام داوە.