کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كچە خوێندكارێكی بەلووچ بەهۆی تەقەی هێزە ئینتزامییەكانی كۆماری ئیسلامی بریندار بوو

21:41 - 8 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامیەكانی سەر بە كۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری ئێرانشاری سەر بە پارێزگای سیستان و به‌لووچستان، كچێكی خوێندكار بریندار بوو.

بەپێی ئەو هەواڵانەی كە بڵاو بوونەتەوە، كچێكی خوێندكار بە نێوی ڕەزمخواە كە خوێندكاری زانكۆی علمی كاربۆردیی شاری ئێرانشارە، لە نیزیك زانكۆی خۆیان بە هۆی تەقەی هێزە ئینتزامیەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بریندار بووە و دواتر بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە.

ناوەندەكانی هەواڵدەریی سەر بە كۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاند كە، هۆكاری تەقەی هێزە ئینتزامیەكان، بوونی ئۆتۆمۆبیلێكی پێژۆ لە جۆری ٤٠٥ بووە كە ئازاری ئەو كچانەی داوە. بەڵام شاهێدانی ڕووداوەكە دەڵێن كە تەقەكە بە بێ هۆكار و بە بێسەروبەری كراوە.

ڕۆژی پێنج‏شەممە ٢١ی خەزەڵوەریش لە شاری خاش هێزەكانی سەر بە كۆماری ئیسلامی، تەقەی ڕاستەوخۆیان لە هاووڵاتیەكی ئەم شارە كرد و هەر ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵكی شارەكە و هێرش كردنیان بۆ سەر ماشێنی پۆلیس لە لایەك و، لە لایەكی دیكەوە ناڕەزایەتی و دژكردەوەی نوێنەری ئەو شارە لە مەجلسی شورای ئیسلامی بەدوای خۆیدا هێنا. نوێنەری ئەم شارە لە پارلمان ڕایگەیاند كە، ئەم حەرەكەتەی پۆلیسی خاش بەو واتایە دێت كە هێزەكانی پۆلیس بە شێوەی دروست و پێویست پەروەردە نەكراون.

ئەمە لە كاتێكدایە كە بەپێی مادەی سێهەمی یاسای بەكاربردنی چەك لە لایەن هێزە ئینتزامیەكان، ئەم هێزانە تەنیا لە كاتێكدا دەتوانن چەك بەكار بێنن كە گیانیان لە مەترسیدا بێت، واتە كەسی تاوانبار هەوڵی كوشتنیان بدات.