کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی پلینۆمی یازدەهەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

14:47 - 13 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بەڕێوەچوون و کۆتایی هاتنی یازدەهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندییەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕۆژی شەممە ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، ٣١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٥ی زایینی، کاتژمێر ٩ی بەیانی، بە بەشداریی زۆربەی هەرەزۆری ئەندامانی ڕێبەریی حیزب و هەروەها بەشداریی نوێنەری کومیتەی کاروباری حیزب لە دەروەی وڵات، پلینۆمی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات بە دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و گەل دەستی بە کارەکانی کرد.

سەرەتای کۆبوونەوە، سکرتێری گشتیی حیزب دەستووری کاری پلینۆمی خستە بەرباس و دوای پەسندکردنی لەلایەن پلینۆمەوە، ڕێزدار مستەفا هیجری باسێکی سیاسیی سەبارەت بە هەندێك لە ئاڵوگۆڕە گرنگەکانی ناوچە و ئێران و کوردستان کە پێوەندیی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان بە چارەنووسی کوردەوە هەیە پێشکەش کرد و دوای باسەکانی سکرتێری حیزب، بەشدارانی پلینۆم ڕا و تێبینیەکانی خۆیان سەبارەت بە ڕاپۆرتی سیاسیی پێشکەش کراو هێنایە ئاراوە و لە ئاکامدا وێڕای پەسندکردنی باسەکە، بە تێبینی و سەرنجەکانیان، باسە سیاسییەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.

لەو ڕاپۆرتە سیاسیەدا کە پێشکەش کرا، سەرەتا دۆخی سووریە و دوایین ئاڵوگۆڕەکانی شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتە خرابووە بەرباس و لەوێدا وێڕای ئاماژە بە ڕابردووی کێشە و شەڕەکەی سووریە، ئاماژە بەوە درابوو کە بە هاتنە ئارای بەشداریی کردەیی و مەیدانیی ڕووسیە لە شەڕی سووریەدا، باڵانسی هێز لەو شەڕەدا بە قازانجی بەشارئەسەد گۆڕاوە و ئەمە وای کردووە کە لە ئێستادا ئامریکا و هاوپەیمانەکانی ڕازی بە ساتوسەودایەکی سیاسی ببن کە لەودا ڕووسیە و هاوپەیمانەکانیشی بەشدار و خاوەن دەسکەوت بن. ئەم پرسە لە کورتخایەندا ڕەنگە کۆماری ئیسلامی قازانجی تێدا بکا، بەڵام لە درێژخایەندا بە چەندین هۆ و یەک لەوان جیاوازیی بەرژەوەندی و ستراتژیی ڕووسیە و کۆماری ئیسلامی، بە قازانجی ڕێژیمی تاران تەواو نابێ.

بەشێکی گرنگی باسی سیاسی، بۆ باس لە سەر دۆخی ئێران دوای ڕێککەوتننامەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ وڵاتانی پێنج زێدە یەک تەرخان کرابوو کە ئەو ڕێککەوتننامە هەرچەند لە سەرەتادا هەندێک لایەن وایان نیشان دەدا کە بە قازانجی خەڵک تەواو دەبێ و بەتایبەت دەوڵەتی ڕووحانی هیوا و ئومیدی چەواشکارانەی لە نێو هەندێک لە خەڵک و لایەنەکان بەنیسبەت ئاکامی ڕێککەوتنی ناسراو بە برجام دروست کردبوو، بەڵام دوای ماوەیەکی کورتی چەند مانگە دەرکەوت کە هەموو ئەو دڵخۆشییانەی ئەو خەڵکە بێ‏بنەما بووە و دووبارە دۆخی نالەباری ئابووری کە لە ئاکامی مودیریەتی نابەجێی ڕێژیم و تاڵانکارییەکانیانەوە هاتۆتە ئاراوە زەقتر خۆی نواندوە، تا ئەو جێگایەی کە چوار وەزیری سەر بە دەوڵەتی ڕووحانیش لە نامەیەکدا ئێعترافیان بە قەیرانە ئابوورییە چارەسەرنەکراوەکان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕێککەوتنی ڕێژیم لەگەڵ دنیای دەرەوە نەبۆتە هۆی کرانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێوخۆی وڵات و بەپێچەوانەوە ڕەوتی توندوتیژی و سەرکوت وئێعدام زۆرتر و توندتر بووەتەوە و ئەحمەد شەهید ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تازەترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژە بەو تۆندتربوونەی سەرکوتە دەکا. هەر لەو پێوەندییەدا گوشاری ئەمنیەتیی ڕێژیم تا ئەو ڕادەیە توند بووە کە تەنانەت پەنای بردۆتە بەر کۆمپانیای خاوەن بەرنامەی پێوەندیی مۆبایلی تێلێگرام، تاکوو بەسەر خەڵکەوە سیخوریی بۆ بکا و لە ئاکامی قبووڵ‏نەکردنی ئەو داوایە لە لایەن ئەو کۆمپانیایەوە، ڕێژیم تێلێگرامی داخستووە و فیلتێری کردووە.

هەروەها دەستدرێژی و ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیم لە ناوچەدا، نەک کەم نەبۆتەوە، بەڵکوو توندتر بووە و لەو پێوەندیەشدا بۆ چەندەمین جار ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و دەستوپێوەندییەکانی هێرشیان کردە سەر کەمپی ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵک، لە نزیک بەغدا. که دوایین هیرشیان ڕۆژی ٧ی ئه م مانگه بوو.

بەم ئاماژانەدا دەردەکەوێ کە ڕێککەوتنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ وڵاتانی پێنج زێدە یەک، هیچ ئاڵوگۆڕێکی ئەرێنیی بەسەر سیاسەت و کرداری ڕێژیمدا نەهێناوە و دۆخی خەڵک لە نێوخۆدا خراپتر دەبێ و ناڕەزایی لە نێو خەڵکدا زیاتر تەشەنە دەستێنێ.

هەر لە باسەکانی پێوەندیدار بە دۆخی ئێراندا، لە ڕاپۆرتی سیاسیدا ئاماژە بە هەنگاوەکانی ڕێژیم ولایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە پرۆسەی بەناو هەڵبژاردنی مەجلیسی ڕێژیم کە لە ڕەشەمەی ١٣٩٤دا بەڕێوە دەچێ کرابوو و لەو پێوەندیەدا پلینۆم وێڕای هەندێک هەڵسەنگاندنی دۆخی تایبەت بە هەڵبژاردن و بەرنامەکانی ڕێژیم و ئاکامی بەناو هەڵبژاردنەکانی پێشوو، دەفتەری سیاسی و ئۆرگانە پێوەندیدارەکانی ڕاسپارد تاکوو لەو پێوەندییەدا بە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و ئاگاداربوون لە پیلان و بەرنامەکانی ڕێژیم، بەرنامەی کاریی تایبەت دابڕێژن و لە دەرەتانی دیکەدا کومیتەی ناوەندی هەڵوێست و بڕیاری تایبەت بەو پرسە ڕابگەیەنێ.

لە بەشیکی دیکەی باسی سیاسیدا، دۆخی کورد لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان خرایە بەر باس. لە کوردستانی ڕۆژئاوادا ئاماژە بەوە درابوو کە بەربەرەکانێی قارەمانانەی کورد و بەتایبەت هێزەکانی PYD نێوبانگی بۆ کورد پەیدا کرد و ئامریکا و ڕووسیە هەوڵی پێوەندیگرتن لەگەڵ ئەوان دەدەن، بەڵام لەبەر یەکگرتوو نەبوونی کورد لەو بەشە و بەهۆی ئەوەی کە PYD داخوازی ڕوونی نەتەوەیی بۆ ئه م به شه ی کوردستان نیە، ئامریکا و ڕووسیەش شتێکی ڕوونیان سەبارەت بە مافی کورد باس نەکردوە و وڵاتانی دەوروبەریش دژ بە مافی کورد لەو بەشە هەڵوێستیان گرتوە، مەترسیی ئەوە هەیە کە لە دوای کۆتایی شەر دەسکەوتێکی ئەوتۆ بۆ کورد بەدەست نەیەت، بۆیه پلینۆم هیوادار بوو کە کورد لەو بەشەدا بە لێکدانەوەی ئەو مەترسیانە و دۆخەکە، سیاسەتی دروست و یەکگرتووانە پێڕەو بکات.

لە کوردستانی باشووردا، ئەو دۆخە خرابووە بەرباس کە بەهۆی قەیرانە جۆربەجۆرەکانەوە کە بەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقیان گرتووە، بەتایبەت گرفتەکانی دەستکردی حکوومەتی بەغدا و گوشاری سیاسی و ئابووریی بەغدا بۆ سەر خەڵکی کوردستان و شەڕ و هەڕەشەی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور و دابەزینی نرخی نەوت و ...هتد، حکوومەتی هەرێم لەگەڵ گرفتی زۆر بەرەوڕوو بووە و سەرەڕای ئەوانەش گرفتی کێبەرکێ و ململانێی نێو هێزە سیاسییەکان بە قەیرانەکانەوە زیاد بووە و ئەم دۆخە کێشەکانی خەڵکی لە کوردستانی باشوور زۆر کردووە و زەرەری لە سیمای حکوومەتی هەرێم داوە و دەرەتانی بۆ دەستێوەردانی دوژمنان و نەیارانی کورد ڕەخساندووە و بۆتە جێی نیگەرانیی هەموو کورد لە هەموو جێگایەک. پلینۆم وێڕای تەئیدی هەڵوێستی دەفتەری سیاسی لەو بارەوە کە پێشتر ڕاگەیەندرابوو، هیوادار بوو کە هێزەکانی کوردستانی باشوور بە سیاسەتی دروست و لێبووردەییەوە، گرفتەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و ئەو بەشەی کوردستان لە قه یران ڕزگار بکەن.

ڕاپۆرتە سیاسییەکە لە باس کردن له کوردستانی باکووردا، وێڕای ئاماژە بە هەنگاوە پێشووەکانی کورد و پ ک ک لە لایەک و حکوومەتی تورکیە لە لایەکی دیکەوە لە پێناوی ئاشتی و چارەسەریی سیاسیدا، دۆخی شەڕی ئێستای بە زەرەری هەردوولا، یانی کورد و حکوومەت زانی و خاڵە لاوازەکانی هەردوولای خستبووە بەرباس و هەم هەڵەکانی پ ک ک و هەم کەمتەرخەمییەکانی حکوومەتی تورکیەی هەڵسەنگاند. لەو پێناوەدا وێڕای ئاماژە بە هەڵبژاردنی پارلەمانی لەم قۆناغەدا، هەرچەند حیزبی HDPی نزیک لە کورد و لە PKK، دووبارە بە خۆشییەوە توانی بەربەستی یاسایی تێپەڕێنی، بەڵام بەداخەوە لەبەر سیاسەتی هەڵە و لەدەستدانی هەلی گونجاو، ژمارەی کورسییەکانی کەمی کرد. پلینۆم لەو بارەوە هیوادار بوو کە هەردوو لا بە ئەزموون وەرگرتن لە هەڵەکانی ڕابردوویان، هەنگاوی جدی‏تر بۆ ئاشتی و چارەسەریی پرسەکە هەڵ بگرن و کورد لەو بەشە لە کوردستاندا لە ڕێگای سیاسییەوە بە مافە نەتەوەییەکانی بگا.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی سیاسی‏دا، دۆخی ئێستای کوردستانی ڕۆژهەڵات خرایە بەرباس و لەو بەشەدا بە ئاماژەدان بە بەردەوامیی وەزعی نالەباری ئابووریی خەڵک و بێکاری و هەڕەشەکانی ڕێژیم بۆ سەر کاسبکاران و بەتاڵانبردنی سامانی کوردستان لە لایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە، لێک درایەوە و پلینۆم لەو بڕوایەدا بوو کە دوخی سیاسی و ئابووریی کوردستانی خۆرهەڵات لە دوای هاتنە سەرکاری دەوڵەتی ڕووحانی و بەتایبەت دوای ڕێککەوتنی برجام، نەک بەرەو باشی نەڕۆیشتووە، بەڵکوو خراپتر بووە و ڕەوتی ئێعدام و دەستبەسەرکردنەکان توندتر بوونەتەوە. لە وەزعیەتی سیاسیی کوردستان‏دا، باس لە چالاکیی چین و توێژە جۆربەجۆرەکان و بەتایبەت مانگرتنەکانی مامۆستایانی کورد کرابوو و هەوڵی چەواشەکارانەی ڕێژیم بۆ بچووککردنەوەی مافە نەتەوەییەکان لە چوارچێوەی بەرتەسک کردنەوەی بە ڕشتەیەک لە زانکۆی سنە بە ناوی خوێندنی ئەدەبیاتی کوردی، یان دامەزراندنی مۆرەیەکی کوردی ڕێژیم لە باڵوێزخانەی ڕێژیم لە وڵاتێکی دوورکەوتوودا، بە پیلان و چەواشەکاریی ڕێژیم زانی و له‏و باوه‏ڕه‏دا بوو که کورد لە کوردستانی خۆرهەڵاتدا کێشەی سیاسی و نەتەوەیی هەیە، نەک کێشەی دامەزراندنی مۆرەیەک، بۆیه خوێندنی ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆی سنەدا ناتوانێ جێگەی مافی سروشتیی خوێندن بە زمانی کوردی لە سەرەتاوە تا ئاستی هەرە بەرز بگرێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی باسەکانی تایبەت بە کوردستانی خۆرهەڵاتدا، هەنگاوی حیزبی دێموکرات بۆ ناردنی هێز بۆ سەر سنوورەکان و هەروەها جووڵەی پێشمەرگەکان لە نێو قووڵایی خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵات خرایە بەرباس و پێشوازیی گەرم و دڵسۆزانەی خەڵک لەو هەنگاوانە بە ورەبەخش و جێگای هیوا ئاماژە پێدرا و پلینۆم لەو بارەوە سپاس و ڕێزی خۆی بۆ هەموو ئەو کەسانە دەربڕی کە لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکاندا یارمەتیدەری پێشمەرگەکان بوون.

دوای باسە سیاسییەکان، لە چەند بڕگەیەکدا کار و باری حیزبی و چالاکییەکانی ماوەی ڕابردوو خرانە بەرباس و لەلایەن بەرپرسانی پێوەندیدارەوە لێکدانەوە و ڕاپۆرتی پێویست بە پلینۆم دران.

سەبارەت بە هەنگاوی حیزب و ناردنی هێز بۆ سەر سنوور و هەروەها چالاکیی پێشمەرگەکان لە نێو خەڵکی کوردستانی خۆرهەڵاتدا کە بە مەبەستی پێوەندیگرتن لەگەڵ خەڵک سەردانیان کردبوون، بە ئەرێنی هەڵسەنگێندران و لەو پێوەندییەدا پلینۆم سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و کار وبارە پێویستەکان، بەرنامەی کاریی داهاتووی پەسند کرد.

لە بەشێکی باسەکانی پلینۆمدا، دۆخی هەنووکەی خەبات و وەزعیەتی حیزب وکار و چالاکییەکان خرانە بەرباس و لەو پێوەندییەدا سەبارەت بە کاری حیزبی و دووبارە ڕێکخستنەوەی کارەکان و ئۆرگان و سازماندهیی پێویست بڕیار درا و بەرنامە کاری پەسند کرا.

بەشێکی دیکەی کاری پلینۆم بۆ باس لەسەر درێژە و ئاکامی دانیشتن و دیالۆگی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو تەرخان کرابوو و لەو بارەوە پلینۆم وێڕای پەسند کردنی هەنگاوی دەفتەری سیاسیی حیزب بۆ دووبارە وەگەڕخستنەوەی دانیشتن و دیالۆگەکان کە چەند مانگێک ڕاوەستا بوون، هەروەها وێڕای پەسندکردنی پێشنیارەکانی دەفتەری سیاسی بۆ شێواز و میکانیزمەکانی هاتنە ئارای یەکڕیزی و یەکگرتنەوە ی حیزب، بەداخبوونی خۆی لە هەڵوێست و وەڵامی ئەو هاوڕێیانە دەربڕی کە بەشێوەی ئەرێنی نەهاتنە پێش و لەو پێناوەدا پلینۆم هیواداریی دەربڕی کە بە کراوە هێشتنی درگای وتووێژ، ئەو هاوڕێیانە بە هەڵوێستی جدی‏تر و یەکگرتنخوازانەوە لە دیالۆگ و دانیشتنەکاندا ئامادەبن.

کۆتایی کاری پلینۆم بۆ باس لەسەر کۆنگرەی شازدەهەمی حیزب تەرخان کرابوو کە پلینۆم بڕیاری دا لە ساڵی داهاتوودا حیزب کۆنگرەی شازدەهەمی خۆی دەگرێ و هەندێک باس و بابەتی تایبەت بە کۆنگرە خرانە بەرباس و هەندێک کاری پێویست لەو پێناوەدا ئاماژەیان پێ کرا کە لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی کومیتەی ناوەندیدا بەرنامەی کارییان بۆ دابڕێژرێ و بڕیاری تایبەتییان لەسەر بدرێ.

پلینۆمی کومیتەی ناوەندی، دوای سێ ڕۆژ باس و لێکدانەوەی بابەتە سیاسی و تەشکیلاتیەکان، ڕۆژی دووشەممە ١١ی خەزەڵوەر،کاتژمێر ی٧ ئێوارە کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
١٢ی ٨ی ١٣٩٤
٣ی ١١ی ٢٠١٥